بەرنامەی خۆراکی جیهانی: بەدخۆراکی لە ئەفغانستان لە ئاستێکی مەترسیداردایە
پوختەی هەواڵ
- حاڵەتەکانی بەدخۆراکی لە ئەفغانستان لە هەڵکشاندایە
- 450 ملیۆن دۆلار پێویستە بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانی بەدخۆراکی لە ئەفغانستان
- نزیکەی 12 پارێزگای ئەفغانستان ڕووبەڕووی دۆخی مەترسیدار بوونەتەوە
- پێشبینی دەکرێت حاڵەتەکانی بەدخۆراکی بەرەو هەڵکشان بچێت
بەرنامەی خۆراکی جیهانی، سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، هۆشداری دەدات، بەدخۆراکی لە هەندێک ناوچەی ئەفغانستان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.
لە 12 پارێزگا دۆخەکە مەترسیدارە
بەپێی ئامارەکانی بەرنامەی خۆراکی جیهانیی، 12 پارێزگای ئەفغانستان، ڕووبەڕووی ئەم دۆخە مەترسیدارە بوونەتەوە و ژمارەیەکی پێوانەیی حاڵەتی بەدخۆراکی لەو 12 پارێزگایە تۆمارکراوە، پێشبینیش دەکرێت لە مانگەکانی داهاتوودا حاڵەتەکان زیاتربن.
ملیۆنان ژن و منداڵ گیرۆدەی بەدخۆراکین
لەم چوارچێوەیەدا، جۆن ئایلیف، بەڕێوەبەری بەرنامەی خۆراکیی جیهانی لە ئەفغانستان گوتی :"ملیۆنان ژن و منداڵ بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن و بە پەلە ڕوو دەکەنە ناوەندە تەندروستییەکان بۆ داواکردنی یارمەتی، لە هەوڵێکی نائومێدانەدا بۆ بەدەستهێنانی خۆراک لە بەرنامەی خۆراکیی جیهانییەوە."
هۆکارەکانی بەدخۆراکی لە ئەفغانستان
ئایلیف قەیرانی بەدخۆراکیی لە ئەفغانستان گەڕاندەوە بۆ ململانێ، کارەساتی سروشتی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، بێکاری و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک کە پەیوەستە بە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
کەمبوونەوەی هاوکارییەکان
بەرنامەی خۆراکی جیهانی، ئاماژەی بەوەش کرد، ناچارە بەهۆی کەمیی بودجەوە، دابەشکردنی هاوکارییەکان بۆ ئەو ئەفغانییانەی پێویستیان پێیەتی، کەم بکاتەوە و ڕایگەیاند، 13 هەزار منداڵ، بەهۆی کەمکردنەوەی قەبارەی هاوکارییە مرۆییەکانەوە، هاوکاریی خۆراکییان وەرنەگرتووە.
بەرنامەکە ڕاشیگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا، پێویستیان بە 540 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی هەیە، بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانی بەدخۆراکی لە ئەفغانستان.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
2 کاتژمێر پێش ئێستا