بەشێک لە چالاکوانانی چەمچەماڵ نیگەرانن لە کارەبای سنوورەکەیان

ژوان نیزام 1 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنیکی گشتی شارۆچکەی چەمچەماڵ
دیمەنیکی گشتی شارۆچکەی چەمچەماڵ

پووختەی هەواڵ

  • نیگەرانی چالاکوانان لە دۆخی کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە ئەهلییەکان
  •  بە غاز و کارەبای ناوچەکەمان هەموو هەرێم ڕووناکە
  • لایەکی عێراق بە کارەبای چەمچەماڵ ڕووناکە ئەوان بێکارەبان

زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8 دەریدەخات، بەشێک لە چالاکوانانی مەدەنی لە شارۆچکەی چەمچەماڵ نیگەرانن لە کارەبای نیشتیمانی و مۆلیدەی ئەهلی شارۆچکەکەیان و دەڵێن، بە غاز و کارەبای چەمچەماڵ هەموو هەرێمی کوردستان و لایەکی عێراق ڕووناکە، بەڵام ئەوان بێکارەبان.


بەشێک لە چالاکوانانی شارۆچکەی چەمچەماڵ لە ئاگادارینامەیەکدا نیگەرانیی خۆیان لە بڕانی کارەبا لە کاتژمێر نۆ بۆ 10ـی شەو بە بەردەوامى دەردەبڕن و دەڵێن، ئەگەر جارێک تاریککردنی چەمچەماڵ سزا بێت لەو کاتژمێرەدا، بەهۆی دۆخی گەرماوە سزاکە دەبێت بە دووجار.

لێدوانی قایمقامی چەمچەماڵ

  • بۆ ماوەی 16 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی هەیە
  • ماوەی هەشت کاتژمێر مۆلیدە ئەهلییەکان کاردەکەن
  • بڕانی کارەبا بۆ پاراستنی مۆلیدە ئەهلییەکانە لە سووتان

ئاسۆ بەکر، قایمقامی چەمچەماڵ لەبارەى بڕانى کاتژمێرێک کارەباى شارەکە لە شەودا بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، کارەبای نیشتیمانی بۆ ماوەی 16 کاتژمێر هەیە، ئەو هەشت کاتژمێرەی کە دەمێنێتەوە مۆلیدە ئەهلییەکان کاردەکەن، بۆ ئەوەی لەم گەرمایە زیان بەر مۆلیدەکان نەکەوێت، کاتژمێرێک دەیانکوژێننەوە.

ئاسۆ بەکر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم گرفتە تەنیا لە مانگەکانی تەمموز و ئابدا هەیە و مانگەکانى دواتر گرفتەکە نامێنێت و 24 کاتژمێر کارەبا بە بەردەوامی دەبێت.

لێدوانی بەڕێوەبەری کارەبای چەمچەماڵ

  • هێشتا پڕۆژەی ڕووناکی نەگەیشتووەتە سنوورەکە
  • گرفتی کارەبا بە مۆلیدە ئەهلییەکان پڕ دەکەنەوە
  • هیچ ئامادەکارییەک نییە بۆ پرۆژەی ڕووناکی لە سنوورەکە
  • لەکۆى زیاتر لە 24 ملیار دینار بڕی 210 ملیۆن دینار لە قەزری کارەبا گەڕێنراوەتەوە


هاوکات، ئەردەڵان محەممەد، بەڕێوەبەری کارەبای چەمچەماڵ، لەبارەى گرفتەکەوە بە کەناڵ8ـی گوت، بەهۆى ئەوەى پڕۆژەى ڕووناکى نەگەیشتووەتە سنوورەکەیان، گرفتى کەمی کارەباى نیشتمانى بە مۆلیدە ئەهلییەکان پڕ دەکەنەوە، گوتیشى، ئەگەرچی بڕیارە تاوەکو کۆتایی 2026 سەرجەم هەرێمی کوردستان پرۆژەی ڕووناکی پێبگات، بەڵام تاوەکو ئیستا هیچ ئامادەکارییەک لە سنوورەکەیان نەکراوە.

لەبارەى بڕیارى داشکاندنى 50%ـى قەرزى کارەباى نیشتمانى لەلایەن حکومەتەوە، ئەردەڵان محەممەد ڕایگەیاند، لەکۆى ئەو قەرزی کارەبایەی کە لەلای هاوبەشانى سنوورەکەیە، کە زیاتر لە 24 ملیار دینارە، تاوەکو ئێستا 210 ملیۆن دیناری گەڕێنراوەتەوە.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

https://channel8.com/kurdish/news/214767

https://channel8.com/kurdish/news/77930

https://channel8.com/kurdish/news/166036

ژوان نیزام

1 کاتژمێر پێش ئێستا