دادگاى تاوانەکانى کەرخ سزاى سێ ساڵ زیندانى بەسەر باسم خەشاندا سەپاند

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
باسم خەشان، پەرلەمانتاری سەربەخۆ بووە لە خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
باسم خەشان، پەرلەمانتاری سەربەخۆ بووە لە خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

پووختەی هەواڵ

  • سەپاندی سزای سێ ساڵ زیندانکردن بەسەر باسم خەشان
  •  تۆمەتی داواکردنی 20%ـی پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان
  • سزاکە بە بێ ئامادەبوونی تۆمەتبار دەرکرا


دادگاى تاوانەکانى کەرخ، بەتۆمەتى داواکردنى 20%ـى پڕۆژەیەکى وەبەرهێنان، سزاى زیندانى تووندى بۆ ماوەى سێ ساڵ بەسەر باسم خەشان، پەرلەمانتارى پێشووى عێراقدا سەپاند.


بڕیاری دادگای تاوانەکانی کەرخ


بەگوێرەى بڕیارى دادگا، دادگاى تاوانەکانى کەرخ، دەستەى سێیەم، بەبێ ئامادەبوونى تۆمەتبار باسم خەزعەل خەشان، دادبینیى بۆ سکاڵاى تۆمارکراو لە دژى کردووە و گەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەى، تۆمەتبار داواى 20%ـى پڕۆژەى (بەوابە موسەننا)ـی لە سکاڵاکار (مالک کامل مەتشەر) کردووە، لە بەرامبەر ئەنجامدانى چەند کارێک کە دەچنە چوارچێوەى کارەکەى وەک ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەران.

سکاڵاکار لە وتەکانیدا جەختیکردووەتەوە، باسم خەشان لە ڕێگەى بریکارەکەى (حەیدەر سەعید) داواى 20%ـى پڕۆژەکەى لە خۆى هاوبەشەکەى (سادق کامل مەتشەر) کردووە، لەبەرامبەر ڕێگری دروستنەکردن بۆ ڕێکارەکانى جێبەجێکردنى پڕۆژەکە.

وتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی موسەننا

  • باسم خەشان و بریکارەکەی داوای بەڵگەنامەکانی پرۆژەکەیان کردووە
  • لێپرسینەوەیان لەگەڵ فەرمانبەرەکانیدا کردووە
  • داواکردنی نووسراوی فەرمی ئەنجوومەنی نوێنەران
  • باسم خەشان نوسراوێکی هێناوە خۆی واژۆی کردووە


هەروەها (عادل داخل محەممەد) سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى موسەننا لەوتەکانیدا باسى لەوەکردووە، باسم خەشان و بریکارەکەى داواى بەڵگەنامەکانى پڕۆژەکەیان کردووە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ فەرمانبەرەکانیدا کردووە، بەڵام ڕێگریی لێکردوون و داواى نووسراوى فەرمى ئەنجوومەنى نوێنەرانى لێکردووە.

وەک سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى موسەننا گوتوویەتى، باسم خەشان نووسراوێکى هێناوە کە خۆى واژۆى کردووە بەبێ ئەوەى ژمارەى دەرچوونى ئەنجوومەنى نوێنەرانى لەسەر بێت. جگەلەوەش پۆستەکانى باسم خەشان لە تۆڕى کۆمەڵایەتی، دژى پڕۆژەکە دەریانخست، دەیەوێت ڕێگرى لە پڕۆژەکە بکات بەبێ ئەوەى ئەرکى ئەو بێت وەک پەرلەمانتار.

هەڵاتنی تۆمەتبار

بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگاى تاوانەکانى کەرخ، بەڵگەنامە پێشکەشکراوەکان و هەڵاتنى تۆمەتبار و ئامادەنەبوونى لە دادگا بۆ وەڵامدانەوەى ئەو بەڵگەنامانەى لە دژى کۆکرابوونەوە، دادگایان گەیاندە دڵنیایی و بڕیاریدا بە تاوانبارکردنى باسم خەشان بە پشت بەستن بە ماددەى 308 لە یاساى سزادانى عێراقى ژمارە 111ـى ساڵى 1969ـى هەموارکراو.

سزاکەش بریتییە لە زیندانى تووند بۆ ماوەى سێ ساڵ و سەپاندنى پێبژاردنى دارایی بەسەریدا.

سزاکەى دادگا بەبێ ئامادەبوونى خودى باسم خەشان دەرچوو لەگەڵ ئەوەشدا مافى تانەدانى بەگوێرەى یاسا پێبەخشى.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

https://channel8.com/kurdish/news/223069

https://channel8.com/kurdish/news/218914

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا