پەرلەمانی تورکیا یاسای پڕۆسەی ئاشتی و چەکداماڵینی پەکەکە تاوتوێ دەکات
پووختەی هەواڵەکە:
- پەرلەمانی تورکیا ئەمڕۆ دەست بە تاوتوێکردنی ڕەشنووسی یاسای هاودەنگی نیشتمانی و پڕۆسەی ئاشتی دەکات.
- پڕۆسەی جێبەجێکردنی یاساکە لە 5 قۆناغی سەرەکی پێکدێت و مەرجەعی کۆتایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییە.
- یاریدەدەری سەرۆککۆمار سەرۆکایەتی ئەنجوومەنێکی باڵا دەکات بۆ هەماهەنگی و هەڵسەنگاندنی چەکداماڵینی پەکەکە.
- لەگەڵ پەسەندکردنی یاساکەدا، مۆڵەتی 6 مانگ دەدرێتە ئەندامانی ڕێکخراوەکە بۆ گەڕانەوە و سوودمەندبوون لە یاساکە.
زانیاری گەیشتووە بە کەناڵ8 دەریدەخات کە پەرلەمانی تورکیا ئەمڕۆ یەکێک لە هەستیارترین یاساکانی مێژووی وڵاتەکە تاوتوێ دەکات، کە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە ململانێی چەکداری و چەکداماڵینی پەکەکە لە ڕێگەی نەخشەڕێگایەکی 5 قۆناغی و پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای چاودێری پەرلەمانی.
ڕێکارە یاساییەکان و پێکهاتەی ئەنجوومەنی هەڵسەنگاندن:
- ڕەشنووسی یاساکە لە 12 ماددە پێکهاتووە و بە "یاسای هاودەنگی نیشتمانیی و بەهێزکردنی یەکگرتنی کۆمەڵایەتی" ناسراوە.
- پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 400 پەرلەمانتار دەنگ بە یاساکە بدەن، بەڵام دەستبەجێ ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
- جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی هەڵسەنگاندن و هەماهەنگی دەکات کە چەندین وەزیری تێدا ئەندامن.
- نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لیژنەیەکی 17 کەسی بۆ چاودێریکردنی وردەکارییەکانی پڕۆسەی ئاشتی پێکدەهێنێت.
قۆناغەکانی جێبەجێکردن و نەخشەڕێگای پڕۆسەکە:
دوای پەسەندکردنی یاساکە، جێبەجێکردنی بڕگەکانی پێویستی بە تێپەڕاندنی چەند قۆناغێکی تەکنیکی و ئەمنی هەیە. سەرەتا دەبێت ئەنجوومەنی باڵای هەڵسەنگاندن ڕاپۆرتێک ئامادە بکات کە بیسەلمێنێت پەکەکە بە کردەیی چەکی داناوە و هەڵوەشاوەتەوە، پاشان ئەم ڕاپۆرتە دەدرێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان. تەنیا دوای پشتڕاستکردنەوەی ئەنجوومەنەکە و بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمیدا، مۆڵەتی 6 مانگ دەدرێتە ئەندامانی ڕێکخراوەکە تاوەکو بگەڕێنەوە و لە یاساکە سوودمەند بن.
بەوپێیەی کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە مانگی تشرینی یەکەم (مانگی 10) بەڕێوەدەچێت، پڕۆسەی گەڕانەوەی ئەندامانی ڕێکخراوەکە و سوودمەندبوون لە یاساکە تاوەکو سەرەتای مانگی نیسانی ساڵی 2027 بەردەوام دەبێت. ئەم هەنگاوە وەک گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیاسەتی ناوخۆیی تورکیادا دەبینرێت کە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە ململانێیەکی درێژخایەنی چەکداری.
دەستپێکی ئەم قۆناخە نوێیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی تشرینی یەکەمی 2024، کاتێک دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستپێشخەرییەکی بۆ چارەسەری پرسی کورد و چەکداماڵینی پەکەکە راگەیاند.
ئەم یاسایە بە یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکانی تورکیا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکی چەندین ساڵە دادەنرێت و ئامانجییەتی پرۆسەی بەشداریپێکردنی سیاسیی کورد فراوانتر بکات و کۆتایی بە بوونی چەکداری بهێنێت.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
میدیای تورکیا: هەفتەی داهاتوو پڕۆژەیاسای پڕۆسەی ئاشتی دەگاتە پەرلەمان
ناڕوونییەکان لەبارەی یاسای پرۆسەی ئاشتی بەردەوامن و لایەنەکان لێدوانی دژ بە یەک لەسەر پرۆسەکە دەدەن
3 کاتژمێر پێش ئێستا