1.5 ملیۆن هاونیشتمانی لە هەرێم گواستنەوەی گشتی بەکاردەهێنن
پووختەی هەواڵەکە:
- یەک لەسەر چواری دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بۆ هاتوچۆی ڕۆژانەیان پشتیان بە پاس و تاکسی بەستووە.
- گرانیی نرخی بەنزین وایکردووە خاوەن ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانیش پەنا بۆ بەکارهێنانی هێڵە گشتییەکان ببەن.
- بەکارهێنەرانی پاس ساڵانە تاوەکو 800 هەزار دینار و سەرنشینانی تاکسیش 2 ملیۆن دینار خەرج دەکەن.
- حکومەت لە ڕێگەی چەند وێستگەیەکی تایبەتەوە بەنزینی 750 دیناری بۆ پاس و تاکسییەکان دابین دەکات.
زانیاری گەیشتووە بە کەناڵ8 کە بەرزبوونەوەی بێپێشینەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان، وەرچەرخانێکی گەورەی لە شێوازی هاتوچۆی هاونیشتمانییان دروستکردووە، بەجۆرێک نزیکەی 1.5 ملیۆن کەس بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانیان ڕوویان لە پاس و تاکسی کردووە و فشارێکی زۆر کەوتووەتە سەر هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی.
دۆخی سەندیکاکان و تێچووی گواستنەوە:
- لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5,000 پاس و نزیکەی 100,000 تاکسی تۆمارکراو لەلایەن سەندیکاکانەوە هەن.
- لە سلێمانی ڕۆژانە 400,000 کەس پاس بەکاردەهێنن، بەڵام لە دهۆک 80%ی خەڵک ئۆتۆمبێلی تایبەتیان هەیە و کەمتر پشت بە گواستنەوەی گشتی دەبەستن.
- ئەو هاونیشتمانییانەی پاس بەکاردەهێنن ساڵانە 500 بۆ 800 هەزار دینار و بەکارهێنەرانی تاکسیش نزیکەی 2 ملیۆن دینار خەرج دەکەن.
- کرێی تاکسی گەڕۆک لە زۆربەی ناوچەکان بەهۆی گرانیی سوتەمەنییەوە بڕی 1,000 دینار زیادی کردووە.
دابینکردنی سوتەمەنی و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان:
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی زیاتری کرێی گواستنەوە، لە ڕێگەی بەنزینخانە دیاریکراوەکانی وەک (پێشەوا، کازیوە و تاسوڵجە) بەنزینی پاڵپشتیکراوی 750 دیناری بۆ پاس و تاکسییەکان دابین دەکات، بەجۆرێک پاسەکان هەفتانە دووجار و هەر جارێک بڕی 100 لیتر وەردەگرن. سەرەڕای زیادبوونی خواست لەسەر گواستنەوەی گشتی، وەزارەتی گواستنەوە تاوەکو ئێستا هیچ پڕۆژەیەکی نوێی وەک میترۆ، ترام یان پاسی کارەبایی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی هاونیشتمانییان لە کارنامەدا نییە.
ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 6,519,129 کەس و قەیرانی سوتەمەنی وایکردووە هێڵەکانی پاسی گشتی لە هەولێر و سلێمانی ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن سەرنشین بگوازنەوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
گرانیى نرخى بەنزین کاریگەرى لەسەر جووڵەى گەشتیاریی هەبووە
قەیرانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان؛ لە گرانی و کورتهێنانەوە بۆ مەترسیی سووتانی ئۆتۆمبێل
3 کاتژمێر پێش ئێستا