نرخی شووقە لە هەرێم ڕوو لە دابەزینە و خواست لەسەر زەوی و خانوو زیادی کردووە
پووختەی هەواڵەکە:
- بەڕێوەبەری دامەزراوەی موڵک دەڵێت بەهۆی زۆریی پڕۆژەکان، نرخی شووقە لە هەرێمی کوردستان ڕووی لە دابەزین کردووە.
- خواست لەسەر کڕینی زەوی و خانوو بەرزە، چونکە گۆڕینیان بۆ پارەی کاش ئاسانتر و خێراترە.
- دابەشکردنی زەویی فەرمانبەران تاوەکو ئێستا کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر دابەزینی نرخی بازاڕ نەبووە.
- وەبەرهێنەران زیاتر ڕوو لە کڕینی زەوی دەکەن چونکە مەترسیی زیان و دواکەوتنی تێدا کەمترە.
زانیاری گەیشتووە بە کەناڵ8 دەریدەخات کە نەخشەی وەبەرهێنان لە کەرتی خانووبەرەی هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە؛ شووقە کە پێشتر جێگەی بایەخی وەبەرهێنەران بوو، ئێستا بەهۆی تێپەڕاندنی ئاستی خواست و دواکەوتنی پڕۆژەکان، متمانەی کڕیارانی لەدەستداوە و ڕوو لە دابەزینە. لە بەرامبەردا، کڕینی خانوو و زەوی وەک بژاردەیەکی سەلامەتتر بۆ نیشتەجێبوون و قازانج جێگیر بووە.
ئاراستەکانی کڕین و فرۆشتنی موڵک:
- ئەوانەی بە مەبەستی نیشتەجێبوون موڵک دەکڕن، بە پلەی یەکەم ڕوو لە کڕینی خانوو و ڤێلا دەکەن.
- شووقە بووەتە بژاردەی دووەم بۆ نیشتەجێبوون، بەڵام بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بیدەن بەکرێ، هێشتا وەک سەرچاوەیەکی داهات دەبینرێت.
- وەبەرهێنەرە بچووکەکان کڕینی زەوی بە باشتر دەزانن، چونکە بە پارەیەکی کەمتر دەست دەکەوێت و ئەگەری زیانی دارایی تێیدا سنووردارە.
- نەبوونی دڵنیایی لە تەواوبوونی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە وادەی خۆیاندا، وایکردووە خەڵک متمانەیان بە کڕینی شووقە بۆ قازانج کەم بێتەوە.
کاریگەریی دابەشکردنی زەویی فەرمانبەران:
بە گوتەی بیلال سەعید، بەڕێوەبەری دامەزراوەی موڵک، پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی تاوەکو ئێستا نەبووەتە هۆی دابەزینی نرخەکان، چونکە ڕێکارە یاساییەکانی بەناوکردن دەستیان پێنەکردووە و کڕین و فرۆشتنی فەرمی تێدا ئەنجام نادرێت. تەنیا لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراو کە خاوەندارێتییەکان یەکلایی بوونەتەوە، جووڵەیەکی کەم لە بازاڕدا دروست بووە. بە گشتی، بازاڕی زەوی خێراترین جووڵەی تێدایە چونکە خاوەنەکەی دەتوانێت لە هەر کاتێکدا بیەوێت، زەوییەکەی بکاتەوە بە پارەی کاش.
پڕۆژەکانی دروستکردنی شوقە و یەکەکانی نیشتەجێبوون بە شێوازی مۆدێرن و بازرگانی لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی و بەرفراوان لە ساڵی 2006ەوە دەستیان پێکرد.ئەم بووژانەوە و گۆڕانکارییە گەورەیە لە کەرتی نیشتەجێبووندا ڕاستەوخۆ دوای دەرچوونی یاسای وەبەرهێنان (یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2006) لە هەرێمی کوردستان هاتە کایەوە، کە ڕێگەی بە کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان دا وەبەرهێنان لە کەرتی خانوبەرە و دروستکردنی شوقە و کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبووندا بکەن. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا سەدان پڕۆژەی جۆراوجۆر لە شارەکانی کوردستان مۆڵەتیان پێدراوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
محەمەد شوکری: نرخی یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دابەزیوە
توێژینەوەیەک:%81 ـی کڕیارانی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی مووچەخۆری حکومەتن
1 کاتژمێر پێش ئێستا