زیاتر لە 30 وڵات داوای ڕاگرتنی سزای لە سێدارەدان لە ئێران دەکەن

سامیا حەسەن 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ساتى بەجێگەیاندنى سزای لە سێدارەدان لە یەکێک لە شەقامەکانى تارانى پایتەخت
ساتى بەجێگەیاندنى سزای لە سێدارەدان لە یەکێک لە شەقامەکانى تارانى پایتەخت

پوختەى هەواڵەکە

  • زیاتر لە 30 وڵات داوای ڕاگرتنی سزای لە سێدارەدان لە ئێران دەکەن.
  • تاران سزای لە سێدارەدان وەک ئامڕازێکی ترساندن و تۆقاندن و بێدەنگکردن بەکاردەهێنێت.

ڕاگەیێنراوى ئەو 30 وڵاتە گەیشتووە بە کەناڵ8، تیایدا، واژۆی فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا و ئێرلەندا، نیوزلەندا و ئوسترالیا و کەنەدا، بەشێکی زۆری وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپای لەسەرە و تیایدا داوا لە حکومەتی ئێران کراوە، دەستبەجێ سزای لە سێدارەدان ڕابگرێت و سەرجەم ئەو کەسانەشی بەهۆی ناڕەزایەتییەکان و خۆپیشاندانەکانەوە دەستگیرکراون ئازاد بکرێن.


خۆپیشاندانەکان و بڕیارى لە سێدارەدان

  • ڕاگەیێنراوەکەی ئەو وڵاتانە لە کاتێکدایە، ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بە فەرمی لە سێدارەدانی دوو کەس بە تۆمەتی کوشتنی چوار ئەفسەری پۆلیس لە کاتی ناڕەزاییەتییەکانی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ڕاگەیاند.
  • لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ژمارەیەک کاسبکار و دووکاندار دژی دابەزینی بەردەوامیی بەهای تمەن و گرانیی کاڵا و شمەک، لە ناو بازاڕی گەورەی تاران ناڕەزایەتییان دەربڕی کە دواتر خۆپیشاندانەکان تەشەنەیان سەند و چەندین شاری گەورەی وڵاتەکەی گرتەوە.
  • حکومەتی ئێران ڕایگەیاندووە، سێ هەزار و117  کەس بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە کوژراون. بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دەڵێت "زیاتر لە50  هەزار خۆپیشاندەر کوژراون".

ئەو وڵاتانە لە ڕاگەیێنراوە هاوبەشەکەدا، داوا لە حکومەتی ئێران دەکەن ڕێگە بە خەڵکی وڵاتەکەی بدات بە ئازادانە مافە سەرەتاییەکانیان پیادەبکات و بەبێ هیچ ترس و سانسۆرێک داوای مافەکانیان بکەن.

لە کۆتاییشدا داوا لە تاران دەکەن هەنگاوی جددی بۆ گۆڕانکاری و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتەکەی بگرێتەبەر.

زانیارى زیاتر بۆ تۆ

https://channel8.com/kurdish/news/224205

https://channel8.com/kurdish/news/171070

سامیا حەسەن

2 کاتژمێر پێش ئێستا