پارتى و نەوەى نوێ لەبارەى پێکهێنانى حکومەتەوە وەڵامى یەکدى دەدەنەوە
پووختەی هەواڵ
- مەکتەب سیاسییەکى پارتی: نەوەی نوێ پەیوەندی پێوەکردین بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنین
- گوتەبێژی نەوەی نوێ: بۆ پێکهێنانى حکومەت پارتی 46 جار پەیوەندی پێوەکردین
- گوتەبێژی نەوەی نوێ: وەڵاممان بۆ پارتی ئەوە بووە نابێت مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران بێت
- هیمداد شاهین: داوای پۆستی سەرۆکوەزیرانمان کردووە
- هیمداد شاهین: ڕەتمانکردووەتەوە بەبێ یەکێتی هیچ کۆبوونەوەیەک بکەین
- هیمداد شاهین: ئەو سەردەمە گوزەشت پارتی هەموو پۆستە باڵاکان وەربگرێتەوە
ئەندامێکی مەکتەبى سیاسیی پارتی ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو نەوەی نوێ پەیوەندییان پێوەکردوون بۆ ئەوەى پێکەوە و بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنن، لەبەرامبەردا گوتەبێژی نەوەی نوێ زانیارییەکە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت "ئەوە پارتى بوو 46 جار پەیوەندی بە 18 جار سەردان ویستى پێکەوە حکومەت پێکبهێنن".
لێدوانی عەلی حسین ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی
- نەوەی نوێ بۆ پێکهێنانی حکومەت بێ یەکێتی پەیوەندییان کردووە
- پارتی ئامادە نەبووە بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنن
- نەوەی نوێ:46 جار بەرپرسانی باڵای پارتی پەیوەندییان بە نەوەی نوێوە کردووە
عەلی حسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە ساڵیادی دامەزراندنی حیزبەکەی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو، نەوەی نوێ پەیوەندییان بە پارتییەوە کردووە، كە ئامادەن بێن بەبێ یەكێتی حكومەت پێكبێنن، بەڵام پارتی ئامادەنەبووە بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنێت.
گوتیشى "نەمانویست بێ یەكێتی حكومەت پێكبهێنین و نەمانویست ڕێككەوتنێك لە زیندان لەگەڵی بكەین". کە مەبەستى شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێیە.
وەڵامی گوتەبێژی نەوەی نوێ بۆ پارتی
لەبەرامبەردا هیمداد شاهین گوتەبێژی نەوەی نوێ وەڵامی عەلی حسێنی دایەوە و ڕایگەیاند، لە دوای هەڵبژاردنی 20ـى تشرینى یەکەمى 2024ـەوە 46 جار بەرپرسانی باڵای پارتی پەیوەندییان بە نەوەی نوێوە کردووە تاوەکو لەگەڵیاندا دابنیشن، هەروەها 18 جار سەردانیان کردوون.
ئاماژەى بەوەشکرد، هەر لە هۆشیار زێبارییەوە کە هاتووە بۆ سلێمانی، تاوەکو پشتیوان سادق و شاندی دیکەى پارتی سەردانی نەوەی نوێیان کردووە.
هەڵوێستی نەوەی نوێ لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیران
هیمداد شاهین دەڵێت، ئەوان وەک نەوەی نوێ لە هەموو سەردان و پەیوەندییەکاندا پەیام و قسەیان یەک شت بووە کە ئەویش ئەوەیە، "ناکرێت مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەت بێت و داوای پۆستی سەرۆکوەزیرانیشان کردووە" .
بە گوتەى هیمداد شاهین، پارتی چەندین جاری دیکەش داوایان لە نەوەى نوێ کردووە لەگەڵ یەکێتی یاخود بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنن، بەڵام ئەوان ئەوەشیان ڕەتکردووەتەوە.
بەبێ یەکێتی هیچ کۆبوونەوەیەک ناکەن
گوتەبێژی نەوەی نوێ، جەختدەکاتەوە جوڵانەوەکە ڕەتیکردووەتەوە بەبێ یەکێتی هیچ کۆبوونەوەیەک بکات چونکە هاوپەیمانییان هەیە.
لە کۆتاییدا گوتەبێژى نەوەى نوێ دەڵێت "نە هاتنە ناو حکومەتمان لا مەبەستە و نە پارتییش وەک جاران هەموو پۆستە باڵاکان وەردەگرێتەوە، ئەو سەردەمە گوزەشت".
هاوپەیمانیی هاوسەنگی وبوژانەوە
لە سەرەتاى مانگى تەمموز لە شاری سلێمانی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ "هاوپەیمانیی هاوسەنگی و بووژاندنەوە"یان واژۆ کرد، بەگوێرەى هاوپەیمانییەکە بەبێ یەکدى ناچنە ناو هیچ کۆبوونەوەیەک بۆ پێکهێنانى حکومەت و کاراکردنەوەى پەرلەمان.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ: ئامانجی ڕێککەوتنەکە ڕاستکردنەوەی باڵانسی هێزە لە هەرێمی کوردستان
بەرەو گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی هێز؛ وردەکاریی ڕێککەوتنە ستراتیژییەکەی یەکێتی و نەوەی نوێ
محەممەد حەکیم: ڕێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە
2 کاتژمێر پێش ئێستا