ئێران: سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەین
پووختەی هەواڵەکە:
- فوئاد حسێن و عەباس عێراقچى پەیوەندییەکى تەلەفۆنییان ئەنجامدا
- وەزارەتى دەرەوەى عێراق: فوئاد حسێن داواى ڕوونکردنەوەى فەرمى لە ئێران کرد
- عەباس عێراقچى: زانیاریم نییە هێرشەکە لەناو خاکى ئێرانەوە ئەنجامدرابێت
- عەباس عێراقچى: ڕاگەیێنراوێکى فەرمى لەوبارەیەوە بڵاودەکەینەوە
فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق، پەیوەندییەکى تەلەفۆنى لەگەڵ عەباس عێراقچى، وەزیرى دەرەوەى ئێران ئەنجامدا و تاوتوێى هێرشەکەى سەر نووسینگەى مەسرور بارزانییان کرد.
ڕاگەیێنراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق
- هەردوو وەزیری دەرەوە تاوتوێی هێرشەکەی سەر نوسینگەی مەسرور بارزانییان کردووە
- فوئاد حسین سەرۆکۆنەی هێرشە بێپاسەوەکەی کردووە
- وەزیری دەرەوەی عێراق داوای ڕوونکردنەوەی فەرمی لە ئێران کردووە
- ئەو کردەوانە لێکەوتەی نەرێنی دەبێت لەسەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە
وەزارەتى دەرەوەى عێراق، ڕاگەیێنراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەکات، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا وەزیرى دەرەوەى عێراق تاوتوێى ئەو هێرشەیان کرد، کە کرایە سەر شوێنى مانەوە و نووسینگەى تایبەتى مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بە درۆنى جۆرى حەدید 110.
سەرکۆنەکردنی هێرشەکە و داوای ڕوونکردنەوەی فەرمی لە ئێران
لە ڕاگەیێنراوەکەى وەزارەتى دەرەوە ئاماژە بەوە کراوە، فوئاد حسێن سەرکۆنەى ئەو هێرشە بێ پاساوەى کرد و داواى ڕوونکردنەوەى فەرمیى ئێرانى کرد لەسەر ئەو هێرشە، جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە، ئەم جۆرە کردەوانە لێکەوتەى نەرێنییان لەسەر ئاسایشى عێراق و سەقامگیریى ناوچەکە دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران سەرسووڕمانی خۆی لەو ئەنجامدانی ئەو هێرشە دەربڕیووە
بەگوێرەى ڕاگەیێنراوەکە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا عەباس عێراقچى، وەزیرى دەرەوەى ئێران سەرسوڕمانى خۆى لە ئەنجامدانى ئەو هێرشە دەربڕیوە و ئاماژەى بەوە کردووە زانیاریى ئەوەى نییە ئەو هێرشە لەناو خاکى ئێرانەوە ئەنجامدرابێت و جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە، هیچ پاساوێک بۆ ئەنجامدانى هێرشى لەو شێوەیە لەئارادا نییە، بەتایبەت کە پەیوەندییەکى ئەرێنى و توندیان لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان و هەر دوو حیزبە سەرەکییەکەى هەرێمى کوردستان هەیە.
لە ڕاگەیێنراوەکەى وەزارەتى دەرەوەى عێراق هاتووە، وەزیرى دەرەوەى ئێران جەختى لەسەر ڕەتکردنەوەى هەر کارێک کردەوە، کە ببێتە هۆى ناسەقامگیریى ناوچەکە و بەڵێنى ئەوەیدا کە ڕاگەیێنراوێکى فەرمى لەو بارەیەوە بڵاو بکاتەوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
مەسرور بارزانی: هێرشی درۆنی ئێرانی بۆسەر نوسینگەکەم پەرەسەندنێکی مەترسیدار و قبووڵنەکراون
دژەتیرۆر لە هەولێر: نووسینگەی تایبەتیی سەرۆکوەزیران لە پیرمام بە دوو درۆن کراوەتە ئامانج
قوباد تاڵەبانی سەرکۆنە بە ئامانجگرتنی نووسینگەی سەرۆکی حکومەت دەکات
نێچیرڤان بارزانی هێرشی درۆنیی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران سەرکۆنە دەکات
3 کاتژمێر پێش ئێستا