چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆبوونەوە
پووختەی هەواڵەکە:
- سەرۆکایەتییەکانی عێراق: پێویستە چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت
- سەرۆکایەتییەکانی عێراق: پشتیوانی لە هەنگاوەکانی بەرانگاربوونەوەی گەندەڵی
- سەرۆکایەتییەکانی عێراق: داهاتە نانەوتییەکان زیاتر بکرێن
سەرۆکایەتییەکانی عێراق کۆبوونەوە و جەختیان لە جێبەجێکردنی پڕۆگرامی وەزاری و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت کردەوە، پشتیوانیی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەربڕی.
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ دووشەممە، لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، هەریەک لە نزار ئامێدی، سەرۆککۆمار، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئامادەی بوون.
ڕاگەیێنراوی سەرۆکایەتی کۆمار
- گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی گشتیی وڵات
- تاوتوێکردنی دواین پێشهاتەکان
- پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی پرۆگرامی وەزاری
- جێبەجێکردنی پێداویستی هاولاتییان و بەهێزکردنی ئاسایس و سەقامگیری
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆمار بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دۆخی گشتیی وڵات و دوایین پێشهاتە هەرێمایەتییەکان کراوە.
هەر لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق، پشتیوانیی خۆیان بۆ هەوڵەکانی حکومەت لە جێبەجێکردنی پڕۆگرامی وەزاری دەربڕیوە، لەگەڵ جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی هاوڵاتییان و بەهێزترکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە تەواوی وڵات.
گفتوگۆکردن لەسەر بەهێزکردنی دۆخی ئابووری
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ڕێگەکانی بەهێزکردنی دۆخی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان کراوە، بە تایبەت کەمبوونەوەی داهاتی عێراق بەهۆی جەنگ و داخستنی گەرووی هوورمزەوە، جەختیان لە گرنگی فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانی و زیاترکردنی داهاتە نانەوتییەکان کردووەتەوە.
پێویستی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت
سەرۆکایەتییەکانی عێراق جەختیان لە پێویستی کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا کردووەتەوە، لەگەڵ پابەندبوون بەو بنەمایە وەک بناغەی بەرقەراربوونی دەسەڵاتی دەوڵەت و سەروەریی یاسا، بەتایبەت دوای دەستپیکردنی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق.
بەردەوامبوونی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
هەر لە ڕاگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆکایەتییەکانی عێراق جەختیان لە بەردەوامبوونی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی کردووەتەوە، لەگەڵ بەهێزترکردنی ڕێکارەکانی پاراستنی سامانی گشتی و لێپرسینەوەی لەو کەسانەی کەیسەکانی گەندەڵییەوە تێوەگلاون، هەروەها گفتوگۆیان لەسەر پڕۆژەیاسای گێرانەوەی داهاتەکانی گەندەڵ کراوە، کە حکومەت پێشنیازیکردووە.
بەهێزکردنی ڕۆڵی چاودێری و یاسادانان
چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق، جەختیان لە پێویستی بەهێزترکردنی ڕۆڵی چاودێری و یاسادانانی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەگەڵ خێراترکردنی پەسەندکردنی ئەو یاسایانەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ژیان هاوڵاتییانەوە هەیە.
سەبارەت بە دۆخی هەرێمایەتی، سەرۆکایەتییەکانی عێراق جەختیان لە پێویستی کارکردن بۆ کۆتاییهاتنی قەیرانەکانی ناوچەکە و کەمکردنەوەی گرژییەکان کردووەتەوە، لەگەڵ پشتیوانیکردنی ئاڕاستەی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و یەکلاییکردنەوەیان بە ڕێگەی ئاشتییانە، جەختیان لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق کردووەتەوە، بە ڕێگەنەدان بۆ بەکارهێنانی خاکەکە دژی وڵاتان و بەکارهێنانی وەک گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێکان.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
ڕێکارە یاساییەکان دژی ئەو بەرپرسانەی سامانیان ئاشکرا ناکەن دەستیپێکرد
ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتار تاوەکو ئێستا فۆڕمى ئاشکراکردنى سامانیان پڕ نەکردووەتەوە
دەستەى دەستپاکیى عێراق دەستبەسەرداگرتنى زێڕ و پارەى دیکەى ڕاگەیاند
2 کاتژمێر پێش ئێستا