لەمانگی تەمموزدا 7 هەزار بەرپرس سەروەت و سامانی خۆیان ئاشکراکردووە
پووختەی هەواڵەکە
- دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاندووە لە ماوەی یەک مانگدا نزیکەی 7 هەزار بەرپرس کە بڕیاری ئاشکراکردنی سامان دەیانگرێتەوە، ئەستۆپاکیی دارایی خۆیان پێشکەش کردووە.
- سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان پابەندیی وەزیر و بەرپرسانی باڵا بە 99% دەخەمڵێنێت و ڕایدەگەیەنێت کە 70%ـی پەرلەمانتارانیش فۆڕمی سامانیان پڕکردووەتەوە.
- حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کردووەتە کاری لەپێشینە و سەرۆککۆمار و وەزیرەکانی پابەند کردووە بە ئاشکراکردنی تەواوی سەروەت و سامانەکانیان.
بەگوێرەی زانیارییەک، کە بە کەناڵ8 گەیشتووە، دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاندووە لە یەک مانگدا 6 هەزار و 984 بەرپرس کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، سامانی خۆیان ئاشکراکردووە و بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاستی زانیارییەکانیش 146 سەردان بۆ دامەزراوە جیاوازەکان ئەنجامدراوە.
ئاشکراکردنی سامانی بەرپرسانی عێراق
- 6 هەزار و 984 بەرپرس لە عێراق فۆڕمی ئاشکراکردنی سامانیان بە دەستەی دەستپاکی داوە.
- لە ئەنجامی وردبینیکردن دەرکەوتووە 6 بەرپرس جیاوازی لە دارایی و سامانەکانیاندا هەبووە.
- نزار ئامێدی سەرۆککۆماری عێراق و دەیان بەرپرسی دیکەی باڵا سەروەت و سامانی خۆیان ئاشکرا کردووە.
- عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کردووەتە کاری لە پێشینەی کابینەکەی.
پابەندیی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان بۆ کەناڵ8 ڕایگەیاندووە، پابەندیی وەزیر و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان بە ئاشکراکردنی سامان گەیشتووەتە 99%، هەروەها نزیکەی 70%ـی پەرلەمانتارانیش فۆڕمەکانیان پڕکردووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەهۆی هەبوونی گرفت لە سیستمی ئەلیکترۆنی، پرۆسەکە بە فۆڕمی نووسراو جێبەجێ دەکرێت و بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی کۆتاییش چاوەڕێی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکەن تاوەکو فۆڕم بۆ ئەو وەزیرانە بنێرن کە لە کابینەکەدا نامێنن.
زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 16ـی ئایاری 2026 لە یەکەم کۆبوونەوەی کابینەکەی، داوای لە تەواوی وەزیرەکان کرد لە ماوەی یەک هەفتەدا زانیاریی وردی سامانیان ڕادەستی دەستەی دەستپاکی بکەن. لە بەرامبەردا لە هەرێمی کوردستان، دەستەی دەستپاکی چاوەڕوانە بۆ ناردنی فۆڕم بۆ ئەو وەزیرانەی لە کابینەی نوێدا نامێنن یان خانەنشین دەکرێن، تاوەکو فۆڕمی کۆتایی ئاشکراکردنی سامانەکانیان پڕبکەنەوە و پرۆسەکە بە تەواوی کۆتایی بێت.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
وەزیری کارەبای عێراق داوای لێکۆڵینەوە لە سامانی بەرپرسانی پێشووی وەزارەتەکەی دەکات
ڕێکارە یاساییەکان دژی ئەو بەرپرسانەی سامانیان ئاشکرا ناکەن دەستیپێکرد
ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتار تاوەکو ئێستا فۆڕمى ئاشکراکردنى سامانیان پڕ نەکردووەتەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا