ڕاوێژکارێکی ئەردۆغان هەڕەشەی دەستگیرکردن لە ڕێبەرێکی ئایینی دەکات
پووختەی هەواڵەکە:
- ڕاوێژکاری ئەردۆغان بۆ ڕێبەری ڕێکخراوی ئایینی فورقان: هەمان چارەنووسی ئالیهان کوریش و فەتحوڵا گوڵەنییەکانت دەبێت
- سارال ڕێبەری فورقان بە بازرگانی ئایینی و ئاژاوەگێڕ ناو دەبات
- سولەیمانجییەکانیش بە ڕێبەریی عەلیخان کوریش، ڕێکخراوێکی تاوانکارین
لەگەڵ بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان لە ڕێکخراوی ئایینیی سولەیمانجییەکان لە تورکیا، ڕاوێژکارێکی ئەردۆغان هەڕەشە لە ڕێبەری ڕێکخراوی ئایینیی فورقان دەکات.
هەڕەشەکەی گەورەڕاوێژکارەکەی ئەردۆغان
ئۆکتای ساراڵ، گەورەڕاوێژکاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیامێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، هەڕەشە لە ئاڵپئارسڵان کویتوڵ، دامەزرێنەر و ڕێبەری ڕێکخراوی فورقان دەکات و دەڵێت، هەمان چارەنووسی ئالیهان کوریش و فەتحوڵا گوڵەنییەکانت دەبێت.
سارال ڕێبەری فورقان بە بازرگانی ئایینی و ئاژاوەگێڕ ناو دەبات و دەڵێت، با ئەوانەی ئایین و بەها پیرۆزەکان دەکەنە قەڵغان بۆ ڕێکخراوەکانیان، چارەنووسی گولەنییەکان و عەلیخان کوریشیان لەبیرنەچێت.
بزووتنەوەی خزمەت لای حکومەتی تورکیا گرووپێکی "تیرۆریستییە" و سولەیمانجییەکانیش بە ڕێبەریی عەلیخان کوریش، ڕێکخراوێکی تاوانکارین.
کویتوڵ لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕەخنەی توندی لەو ئۆپراسیۆنە گرت دژی سولەیمانجییەکان کرا و داوای لێکردن ئەگەر بێیتاوانن، خۆیان بەدەستەوە نەدەن.
ڕەخنەی توندی ڕاوێژکارەکەی ئەردۆغان
- ڕەخنەگرتن سەرپێچێکردن لە دەوڵەت ناودەبرێت
- "تۆش کاتت هاتووە و دیارە ژیر نەبوویت، سەرەی تۆش دێت."
- ڕەخنەگرتنی توند لە ئاکپارتی کە کار بۆ ئیسلام ناکات
ڕاوێژکارەکەی ئەردۆغان ئەو قسانە بە سەرپێچیکردن لە دەوڵەت ناو دەبات و دەڵێت، هیچ هێزێک لە دەوڵەت گەورەتر نییە و هەرکێ سەرپێچی بکات، خۆی لە بەرامبەر یاسادا دەبینێتەوە.
ساراڵ هەڕەشەکانی توندتر دەکات و دەڵێت، "تۆش کاتت هاتووە و دیارە ژیر نەبوویت، سەرەی تۆش دێت."
کویتوڵ ساڵی 1996 وەقفی فورقانی لە ئەدەنە دامەزراند و لەو ساڵەوە کار لەسەر پەروەردەی ئیسلامیی دەکەن.
ڕەخنەگرتنی توندی کویتوڵ لە ئاکپارتی
کویتوڵ بەوە ناسراوە ڕەخنە زۆر توند لە ئاکپارتی و دەسەڵاتەکەی دەگرێت و لەو کەسانەش بوو ڕەخنەی توندی لە چوونی سوپای تورکیا بۆ عەفرین گرت.
کویتوڵ بۆچوونی وایە ئاکپارتی کار بۆ ئیسلام ناکات و هەندێک جاریش دەڵێت، تورکیا بەرەو دیکتاتۆرییەت و ستەم دەچێت.
لێکۆڵینەوەکان لە فورقان
تاوەکو ئێستا چەند جارێک لێکۆڵینەوە لە وەقفی فورقان و ڕێبەرەکەی کراوە؛
ساڵی 2017 کویتوڵ و دەیان ئەندامی ڕێکخراوەکە بە تۆمەتی "دژایەتیکردنی سیستمی وڵات" دەستگیرکران. پاش بەسەربردنی 22 مانگ لە زینداندا، کویتوڵ لە ساڵی 2019 ئازادکرا.
کویتوڵ ساڵانی 2021 و 2022ـش دوو جاری دیکە دەستگیرکرا و پاش ماوەیەک ئازادکرا.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
ئەردۆغان یاسای پڕۆسەی چارەسەریی واژۆ کرد و چووە بواری جێبەجێکردن
2 کاتژمێر پێش ئێستا