هەفتەی داهاتوو 49 ملیار دیناری شایستەی گەنمی جووتیارانی کەرکووک دابەش دەکرێت
کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا
پووختەى هەواڵەکە
- بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەشێکی دیکەی پارەی گەنمی جووتیارانی کەرکووک خەرج بکرێت.
- بڕى پارەى گەنمى جوتیاران زیاتر لە 49 ملیار دینارە.
- پارەکە، لەڕێگەی کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانیی دانەوێڵە، لقی کەرکووکەوە دابەشدەکرێت.
محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک ڕایگەیاند، بڕیارە هەفتەی داهاتوو بڕی 49 ملیار و 280 ملیۆن دینار وەک بەشێک لە شایستەی گەنمی ساڵی ڕابردووی جووتیاران خەرج بکرێت.
پڕۆسەکە چۆن دەبێت؟
- پارەکە، لە ڕێگەی کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانیی دانەوێڵە، لقی کەرکووکەوە دابەشدەکرێت.
- پێشتر بە چەند بڕێک پارەی جووتیارانی کەرکووک دابەشکراوە.
- لە کۆی گشتی زیاتر لە 412 ملیار دینار، 200 ملیار دیناری خەرج کراوە.
- هەفتەی داهاتوو 49 ملیار دیناری دیکە خەرجدەکرێت.
- لە کۆی گشتی شایستە داراییەکانی ساڵی ڕابردووی جووتیارانی سنووری کەرکووک، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 50%ـى شایستە داراییەکان تەرخانکراوە.
- لە کاتێکدا لە وەرزی 2025 لە سنووری پارێزگای کەرکووک، بەرهەمی گەنم زیاتر لە 500 هەزار تۆن بوو، حکومەتی عێراق، گەنمی پلە یەکى بە 850 هەزار دینار وەرگرت.
ئەوە لە کاتێکدایە، بۆ ئەمساڵ لە کەرکووک لە یەکی حوزەیرانەوە دەستکرا بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە ناوچەکانی حەویجە، ڕیاز، تازە و سایلۆی کەرکووک، بۆ گەنمی ناو پلان، نرخی 700 هەزار دینار دیاریکرا و بۆ هەر تۆنێکی دەرەوەی پلان 500 هەزار دینار دیاریکرا و لە بازاڕەکانیشدا هەر تۆنیک گەنم بە 300 هەزار دینار دەفرۆشرایەوە.
هاوکات حەسەن حەمدی، بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکووک بە کەناڵ8ـی ڕایگەیاند، بڕی گەنمی وەرگیراو نزیکبووەتەوە لە نیو ملیۆن تۆن.
زانیارى زیاتر بۆ تۆ
https://channel8.com/kurdish/news/201829
کیژان مەحمود
3 کاتژمێر پێش ئێستا