لە تورکیاوە بەنزینی سوپەر هاوردەى دهۆک کرا

کیژان مەحمود 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە

  • لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا لە پارێزگای دهۆک، نرخی بەنزینی سوپەر دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوەبینی
  • بۆ یەکەمجار نرخەکەی لە بەنزینی موحەسەن و نۆرماڵ هەرزانتر بوو.
  • نرخی یەک لیتر بەنزینی سوپەر لە دهۆک دابەزى بۆ هەزار و 900 دینار.

بەگوێرەى ئەو زانیارییانەی کەناڵ8 لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی دهۆکەوە دەستی کەوتوون، شەوی ڕابردوو کۆمپانیایەک نزیکەی 30 تانکەر بەنزینی سوپەری لە تورکیاوە هاوردە کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی خستنەڕوو و شۆکبوونی بازاڕی سووتەمەنی لە پارێزگاکە.


نرخى بەنزینى سووپەر چۆن هاڕەی کرد؟

  • نرخی یەک لیتر بەنزینی سوپەر لە دهۆک دابەزى بۆ 1900 دینار.
  • پێشتر بە 2500 دینار دەفرۆشرا.
  • نرخەکەی بە بڕی 600 دینار لە هەر لیترێکدا کەمبووەوە.

ئەم دابەزینە کتوپڕەی بەنزینی سوپەر لە کاتێکدایە کە زیاتر لە مانگێکە قەیرانی گرانی و کەمیی بەنزین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. سەرەڕای بڕیار و ڕێکارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە و تەرخانکردنی دەیان بەنزینخانە بۆ دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومەت بە نرخی 750 دینار، بەڵام قەیرانەکە ڕۆژ بە ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، گرانیی سووتەمەنی لە ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکە ڕیکۆردی نوێی تۆمارکردووە، بە شێوەیەک کە ڕۆژى پێنجشەممە، 20ـى ئەم مانگە، لە شارۆچکەى ئاکرێ، نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ گەیشتە هەزار و900  دینار، کە ئەمەش بەرزترین ئاستی نرخی بەنزینی نۆرماڵە تاوەکو ئێستا لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا تۆمار کرابێت.

زانیارى زیاتر بۆ تۆ

https://channel8.com/kurdish/news/221592

https://channel8.com/kurdish/news/227017

https://channel8.com/kurdish/news/223179

کیژان مەحمود

1 کاتژمێر پێش ئێستا