وەزیرى دەرەوەى لیبیا: پێویستمان بە هاوکاریى عێراقە
پووختەی هەواڵەکە:
- فوئاد حسێن: دۆسیەى موڵک و ماڵى عێراق لە لیبیا و بەپێچەوانەوە چارەسەرکرا
- وەزیرى دەرەوەى لیبیا لەگەڵ عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆبووەوە
تاهیر باعوور، وەزیرى دەرەوەى لیبیا، کە ئێستا بەسەردانێک لە عێراقە، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەوانیى هاوبەشیش، لەگەڵ فوئاد حسێن، هاوتا عێراقییەکەى، ئاماژەى بەوەکرد، لیبیا پێویستى بە عێراق هەیە لە زۆرێک لە بوارەکاندا.
کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە لەگەڵ وەزری دەرەوەی لیبیا
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـى ئابى 2026، وەزیرى دەرەوەى لیبیا بە سەردانێکى فەرمى گەیشتە بەغداد و سەرەتا لەگەڵ فوئاد حسێن کۆبووەوە و دواى کۆبوونەوەکە، لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەوانیدا، وەزیرى دەرەوەى لیبیا، ئاماژەى بە پەیوەندییە دێرینەکانى نێوان وڵاتەکەى و عێراق کرد و سەردانەکەى بۆ بەغداد بە مێژوویی وەسفکرد.
هاوکات، ڕاشیگەیاند، وڵاتەکەی پێویستی بە هاوکاری و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ عێراق هەیە، لە بوارە جیاوازەکاندا وەک پەروەردە و تەندروستی و نەوت.
وەزیری دەرەوەی لیبیا ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانى عێراق دەکات، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی هەردوو وڵات لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
چارەسەرکردنی کێشەکان و واژۆکردنی چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن
- چارەسەرکردنی موڵک و ماڵی عێراق لە لیبیا بە پێچەوانەشەوە.
- گفتوگۆکردن دەربارەی دۆخی ڕەوەندی عێراقی لە لیبیا.
- واژۆ کردنی چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وڵات.
- بانگهێشتکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ سەردانی لیبیا.
لەبەرامبەردا، فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق، لەبارەى موڵک و ماڵى عێراق لە لیبیا و بەپێچەوانەوە، ڕایگەیاند، کێشەی موڵک و ماڵی عێراق لە لیبیا چارەسەر کراوە و ئاماژەی بەوە کرد، عێراق دوو موڵکی لە لیبیا هەبووە و لیبیاش دوو موڵکی لە عێراق هەبووە، کێشەکە لە هەردوو وڵاتدا بە یاسا یەکلاکراوەتەوە.
ڕاشیگەیاند، گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی ڕەوەندی عێراقی لە لیبیا و لێکەوتە ئابوورییەکانی داخستنی گەرووی هوورمز کردووە و بڕیارە سبەی دووشەممە، 24ـى ئاب، چەندین یاداشتی لێکگەیشتن لە نێوان هەردوو وڵات واژۆ بکرێت.
بانگهێشتکردنی زەیدی بۆ سەردانی لیبیا
هەر لە میانى سەردانەکەیدا، وەزیرى دەرەوەى لیبیا، لەگەڵ عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، کۆبووەوە و نامەى فەرمیى عەبدولحەمید دەبیبە، سەرۆکى حکومەتى نیشتمانیى لیبیاى دایە دەست سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەفەرمى بانگهێشتى لیبیای کرد، بە ئامانجى پاڵپشتیى عەرەبیى هاوبەش و هەماهەنگى لەنێوان هەردوولا.
عەلى زەیدى، لە کۆتایی کۆبوونەوەکە، جەختی لە گرنگیى دیدی حکومەت بۆ هاریکارى و ڕەخساندنى هەلى تەواو لە بوارى ئابووری و بوارەکانى دیکەدا کردووەتەوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
دەستگیرکردنی 36 کۆچبەری کورد لە لیبیا و بێسەروشوێنبوونی 9 کەس
کۆچبەران لە سنوورەکانی نێوان تونس و لیبیا ڕووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا