بەهمەن عەبدوڵا: پێشنیازمان کردووە شێوازى پارەدان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ بکرێت بەئەلیکترۆنى
پووختەی هەواڵەکە:
- بەهمەن عەبدوڵا: ڕەزامەندى دراوە لەسەر چالاککردنى بەشى دەرهێنانى مۆڵەت لە شار و شارۆچکەکان
- بەهمەن عەبدوڵا: داشکاندنى %20 بۆ سزاکانى هاتوچۆ بەردەوامە
- بەهمەن عەبدوڵا :لە ئێستادا زۆربەى کارەکانى بەڕێوبەرایەتیى هاتوچۆ بە ئەلیکترۆنى کراون
بەهمەن عەبدوڵا، گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى هاتوچۆى سلێمانى لەمیانى بەشداریکردنى لە بوڵتنى هەواڵەکانى کەناڵ8، ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان خزمەتگوزارییە و دروستبوونى قەرەباڵغى و گلەیى هاونیشتمانی ئاساییە و گلەییەکانیان دەکەنە پێشنیاز بۆ ئەوەى کارى لەسەر بکەن لە داهاتوودا.
ڕاشیگەیاند، جگە لە دەوامى فەرمى کارمەندەکانیان، بەشەو و ڕۆژ لەسەر شەقامەکانن بۆ ڕێکخستنى هاتوچۆ و کەمکردنەوەى قەرەباڵغیى سەر شەقامەکان، دەشڵێت، لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆ هەماهەنگییان هەیە و ئەو ڕێنماییانەى دەردەچن لە ڕێگەى وەزارەتەکەوە، لاى خۆیان جێبەجێیدەکەن، وەک ڕێنماییەکانى دەرهێنانى مۆڵەتى شۆفێرى و هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل.
کاریگەری بە ئەلکترۆنیکردنی کارەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ
- کارمەندانى بەڕێوبەرایەتى بەشێوەیەکى پیشەیى و سەردەمییانە هاوکاریى هاونیشتمانییان و شۆفێران دەکەن.
- ڕۆژانە مامەڵەى 350 بۆ 400 هاونیشتمانی بەڕێدەکرێت کە ئەوەش ژمارەیەکى زۆرە.
- بەئەلیکترۆنیکردنى دەرهێنانى مۆڵەتى شۆفێرى هەنگاوى باشى بڕیوە و لە ئێستادا کارى لەسەر دەکرێت.
- داشکاندنى %20 بۆ سزاکانى هاتوچۆ بەردەوامە و ئەو بڕیارەش درێژکراوەتەوە.
گوتیشى، لە ئێستادا زۆربەى کارەکانى بەڕێوبەرایەتیى هاتوچۆ بە ئەلیکترۆنى کراون و بۆ ئەوەش کارمەندانى بەڕێوبەرایەتى بەشێوەیەکى پیشەیى و سەردەمییانە هاوکاریى هاونیشتمانییان و شۆفێران دەکەن لە وەرگرتنى مامەڵەکانیان و ئەنجامدانى ڕێکارەکانى ڕسوومات، کارمەندانى بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ڕۆژانە مامەڵەى 350 بۆ 400 هاونیشتمانی بەڕێدەکەن کە ئەوەش ژمارەیەکى زۆرە.
بەشى مۆڵەتى شۆفێرى بە یەکێک لە بەشە گرنگەکانى هاتوچۆ
ڕاشیگەیاند، بەشى مۆڵەتى شۆفێرى بە یەکێک لە بەشە گرنگەکانى بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دادەنرێت و لۆدێکى زۆرى لەسەرە و بڕبڕەى پشتى بەڕێوەبەرایەتییەکەیە، وەکخۆی دەڵێت، بەئەلیکترۆنیکردنى دەرهێنانى مۆڵەتى شۆفێرى هەنگاوى باشى بڕیوە و لە ئێستادا کارى لەسەر دەکرێت.
لە داهاتوودا هەوڵدەدرێت لە ڕێگەی هەژماری بانکییەوە پارە بدرێت
لەبارەى ڕێکارەکانیشەوە گوتى، ئەو کەسەى مۆڵەتى شۆفێرى دەردەهێنێت لە یەکەم هەنگاودا عەریزەیەکى ئەلیکترۆنى پێشکەش دەکات و دواى وردبینى و ڕێکارەکان ڕەوانەى بەشى ڕسوومات دەکرێت و ئەوەش کاتێکى زۆرى پێویستە و هەروەها شێوازى پارەدانەکە کاتى زۆرى دەوێت و ئومێد دەکەین لە داهاتوودا لە ڕێگەى هەژمارى بانکییەوە پارەبدرێت کە ئەوەش کار ئاسانى بۆ هاونیشتمانی دەکات.
لەداهاتوویەکی نزیکدا لە شار و شارۆچکەکان مۆڵەتی شۆفێری دەردەهێنرێت
بەگوتەى بەهمەن عەبدوڵا، وەزارەتى ناوخۆ و ئەنجوومەنى وەزیران ڕەزامەندییانداوە بۆ ئەوەى بەشى دەرهێنانى مۆڵەت لە شار و شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان چالاکبکرێت، پێشبینیش دەکەن لە داهاتوویەکى نزیکدا بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە و هەوڵى جددى لەو بوارەدا نراوە، بەدابینکردنى کۆمپیوتەر و کارمەندى پێویست لەسەر میلاکى بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانى هاتوچۆ لە شار و شارۆچکەکان.
داشکاندنى %20 بۆ سزاکانى هاتوچۆ بەردەوامە
لەبارەى سزاى سەرپێچیشەوە گوتى، داشکاندنى %20 بۆ سزاکانى هاتوچۆ بەردەوامە و ئەو بڕیارەش درێژکراوەتەوە و سەرجەم ئەو کەسانە دەگرێتەوە سەرپێچى ڕێنماییەکانى هاتوچۆ دەکەن.
هەماهەنگی هەیە بۆ تۆمارکردنی سەرپێچی شۆفێرانی ناوەڕاست و باشووری عێراق
لەبارەى تۆمارکردنى سەرپێچیى ئەو شۆفێرانەشى لە ناوچەکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراقەوە سەردانى هەرێمى کوردستان دەکەن، گوتەبێژى هاتوچۆى سلێمانى ڕایگەیاند، هەماهەنگییان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵ هەیە بۆ تۆمارکردنى سەرپێچیى ئەو شۆفێرانەى لە ناوەڕاست و خوارووى عێراقەوە سەردانى هەرێمى کوردستان دەکەن.
مامەڵەی گواستنەوەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل
لەبارەى گواستنەوەى خاوەندارییەتى ئۆتۆمبێل لە نێوان پارێزگاکان گوتى، ڕۆژانە 850 بۆ هەزار کەس بۆ تۆمارکردنى ئۆتۆمبێل سەردانى بەشى تۆمارکردنى ئۆتۆمبێل دەکەن، بەمەبەستى تۆمارکردنى ئۆتۆمبێلى نوێ و گواستنەوەى خاوەندارێتیى ئۆتۆمبێلەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکى دیکە، یان نوێکردنەوەى ساڵانەى ئۆتۆمبێلەکانیان.
جەختى لەوەشکردەوە کە هەوڵدراوە بەشێکى زۆر لە هێماکانى هاتوچۆ و هێڵکاریى سەر شەقامەکان نوێبکرێنەوە و ترافیکەکان زیادبکرێن.
لەبارەى داهاتووى ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان، بەهمەن عەبدوڵا ئاشکرایکرد، هیچ شتێکى نوێ لەبارەى ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکانەوە نییە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
هەولێر و بەغداد لەسەر ئاڵوگۆڕی سزای هاتوچۆی شۆفێران ڕێککەوتن
جیاکاریی وەزارەتی ناوخۆ لە نێوان هاتوچۆی سلێمانی و هەولێر و دهۆک
هاتوچۆی سۆران: کامێرای پۆینت تو پۆینت بۆ ماوەی هەفتەیەک کارا کراوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا