عێراق: دەستبەسەر زیاتر لە 519 هەزار دەرمان و پێداویستیی پزیشکیی قاچاخدا گیرا

لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆیی عێراق
لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆیی عێراق

پووختەی هەواڵەکە:

  • دەستگرتن بەسەر بڕێکی زۆر دەرمانی قاچاخ و پشکنین نەکراودا گرت کە لە لایەن تۆمەتبارەکانەوە مامەڵەی پێوە دەکرا.
  • ئامانج لە ئۆپراسیۆنەکە پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی هاوڵاتییان و ڕاوەدوونانی بازرگانانی دەرمانی قاچاخ.
  • ئەو دەرمانانەی دەستیان بەسەردا گیراوە پشکنین و چاودێریی فەرمییان بۆ نەکراوە.


وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 519 هەزار پارچە دەرمان و پێداویستیی پزیشکی قاچاخ و پشکنین نەکراوی لە بەغداد ڕاگەیاند.


ڕاگەیێنراوی وەزارەتی ناوخۆیی عێراق

وەزارەتى ناوخۆى عێراق ڕاگەیێنراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵییەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی هاوڵاتییان و ڕاوەدوونانی بازرگانانی دەرمانی قاچاخ و ئەو دەرمانانەی پشکنین و چاودێریی فەرمییان بۆ نەکراوە، مەفرەزە تایبەتمەندەکانی ئاژانسەکە دوای چاودێرییەکی وردی هەواڵگری، توانییان ژمارەیەک تۆمەتبار دەستگیر بکەن و دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر دەرمانی قاچاخ و پشکنین نەکراودا گرت کە لە لایەن تۆمەتبارەکانەوە مامەڵەی پێوە دەکرا.

شوێن و بڕی دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی دەستبەسەردا گیراو

  • کۆگای دەرمانەکە لە ناوچەی بارک سەعدون لە بەغدادی پایتەخت دەستی بەسەردا گیراوە.
  • ئۆپراسیۆنەکە لە لایەن تیمێکی هەواڵگری بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی تەندروستی بەغداد- ڕەسافە ئەنجامدراوە.
  • دەستبەسەرداگرتنی 428 هەزار و 794 پارچە دەرمانی قاچاخ و پشکنین نەکراو.
  • دەستبەسەراگرتنی 90 هەزار و 350 پارچە پێداویستیی پزیشکیی قاچاخ.


لە ڕاگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لەگەڵ تۆمەتبارەکان و دەستنیشانکردنی شوێنی کۆگاکردنی دەرمانەکان، تیمێکی هەواڵگری بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی تەندروستی بەغداد- ڕەسافە، بەشی پشکنین و سەندیکای دەرمانسازان پێکهێنرا. تیمەکە بە هاوکاریی تۆمەتبارەکان چوونە ناوچەی بارک سەعدون لە بەغدادی پایتەخت و هەڵیانکوتاوەتە سەر کۆگایەک و بە شێوەیەکی یاسایی پشکنینیان بۆ کرد.

بڕی دەرمان و کەلوپەلە دەستبەسەردا گیراوەکان


بەگوێرەى ڕاگەیێنراوەکە، ئۆپراسیۆنەکە بووە هۆی دەستبەسەرداگرتنی 428 هەزار و 794 پارچە دەرمانی قاچاخ و پشکنین نەکراو، جگە لە 90 هەزار و 350 پارچە پێداویستیی پزیشکیی قاچاخ، بەمەش کۆی گشتی پارچە دەستبەسەرداگیراوەکان گەیشتە 519 هەزار و 144 هەزار پارچە.

ڕاگەیێنراوەکە ڕوونیدەکاتەوە، ڕێکارە یاساییە پێویستەکان بەرامبەر تۆمەتبارەکان گیراوەتەبەر و ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون.

جەختیش کراوەتەوە، ئۆپەراسیۆنەکان بۆ ڕاوەدوونانی هەموو ئەوانەی هەوڵی بازرگانیکردن بە دەرمان و پێداویستیی پزیشکی قاچاخ دەدەن بەردەوامى دەبێت چونکە مەترسییەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر تەندروستی و سەلامەتیی هاوڵاتییان.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

عێراق: هەوڵێکى بە قاچاغبردنى دەرمان لە بەندەرى ئوم قەسر شکستپێهێنرا

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: لە شەش مانگدا ڕێگریی لە 930 حاڵەتی بە قاچاغبردن کراوە