نەبوونی ئامێری پۆس کێشەی بۆ پڕۆژەی هەژماری من دروستکردووە

ئارا ئیبراهیم 1 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی هەژماری من
لۆگۆی هەژماری من

پووختەی هەواڵەکە:

  • مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی ئامێری پۆس لە بازاڕەکاندا، ناچارن لەبەردەم ئەی تی ئێمەکان سەرە بگرن.
  • جێگیرکردنی ئامێری پۆس لە ناوەندە بازرگانییەکان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دەستاودەستکردنی پارەی کاش و چارەسەری کێشەی نەختینە.
  • مووچەخۆران ناتوانن ئەو بڕە پارە کەمەی لە هەژمارەکانیان دەمێنێتەوە ڕابکێشن و تەنها لە ڕێگەی ئامێری پۆسەوە خەرج دەکرێت.
  • بانکەکانی ناو پڕۆژەی هەژماری من پێویستە پابەند بکرێن بە دابینکردنی ئامێری پۆس بۆ فرۆشگەکان تاوەکو جەنجاڵیی سەر شەقامەکان کۆتایی بێت.

پڕۆژەی هەژماری من سەرەڕای ئەلیکترۆنیکردنی مووچە، نەیتوانیوە مووچەخۆران لە سەرەگرتنی سەر شەقامەکان ڕزگار بکات. مووچەخۆران لە بری فەرمانگەکان، ئێستا لەبەردەم ئەی تی ئێمەکان بۆ وەرگرتنی پارەی کاش ڕیز دەبەستن، چونکە بازاڕەکانی هەرێم هێشتا ئامادەکارییان بۆ مامەڵەی بێ کاش نەکردووە. ئەمەش وایکردووە ئامانجی سەرەکیی بەبانکیکردن کە کەمکردنەوەی جەنجاڵی و نەختینەیە، بە تەواوی بەدینەیەت.


ئاستەنگەکانی بەردەم مووچەخۆران:

  • گۆڕینی سیستمی دابەشکردنی مووچە لە کاشەوە بۆ ئەلیکترۆنی، مووچەخۆرانی ناچار کردووە لەبەردەم ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) ڕیز بگرن.
  • ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە تەنها بڕی 25000 و 50000 دیناری دابەش دەکەن، ئەمەش وایکردووە بڕێک پارە لە هەژمارەکاندا بمێنێتەوە و مووچەخۆر نەتوانێت بە کاش وەریبگرێت.
  • نەبوونی ئامێری پۆس لە بازاڕ و مۆڵەکاندا وایکردووە مووچەخۆر تەنها بۆ وەرگرتنی کاش کارتەکەی بەکاربهێنێت، نەک بۆ کڕینی پێداویستییەکانی.

ڕۆڵی ئامێری پۆس و پێشنیارەکان:

جێگیرکردنی ئامێری پۆس (POS) کە قەبارەیەکی بچووکی هەیە، لە هەموو فرۆشگە، مۆڵ، بەنزینخانە و بازاڕەکاندا دەبێتە هۆی ئەوەی هاوڵاتی چیتر پشت بە پارەی کاش نەبەستێت. حکومەت دەتوانێت بۆ هاندانی ئەم پڕۆسەیە، داشکاندن لە نرخی باج و ڕسووماتی ئەو مامەڵانە بکات کە بە کارتی بانکی ئەنجام دەدرێن. هەروەها پێویستە بانکەکانی ناو پڕۆژەکە پابەند بکرێن بە دابینکردنی ئەم ئامێرانە بۆ بازاڕ تاوەکو مووچەخۆر بتوانێت ڕاستەوخۆ بە کارتەکەی شمەک بکڕێت.

وەزارەتی دارایی بۆ مانگی ئاب دابەشکردنی مووچەی بە سیستمی دەستی کۆتایی پێهێناوە، بەڵام سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە مۆدێرنە بەستراوەتەوە بە بڵاوکردنەوەی فراوانی ئامێری پۆس لە بازاڕدا. ئەمە تەنها ڕێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی نەختینە کە چەندین ساڵە عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و هێشتا مامەڵەی تەقلیدیی کاش تێیدا باڵادەستە.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

پڕۆژەی هەژماری من و خزمەتگوزارییەکانی لە بەدواداچوونێکی کەناڵ8 دا

وەزارەتی دارایی: هەر مووچەخۆرێک هەژماری منی نەبێت مووچەی مانگی 1ی پێنادرێت

هەژماری من: بانکەکان دواکەوتوون لە دابینکردنی پارە بۆ (ئەی تی ئێم)ەکان

ئارا ئیبراهیم

1 کاتژمێر پێش ئێستا