ئەنجوومەنی باڵای دادوەری: لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی چەکدارەکانی داعش کۆتاییهاتووە
پووختەی هەواڵەکە:
- ئەنجوومەنی باڵای دادوەری: سەرکردەی هێڵی یەکەمی داعش لەناو دەستگیرکراوەکاندا هەیە
- ئەنجوومەنی باڵای دادوەری: ژمارەیەک دەستگیرکراو بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە ئازاد کراون
- ئەنجوومەنی باڵای دادوەری: دوو دەستگیرکراوی بیانی ڕادەستی وڵاتەکانیان کراونەتەوە
- ئەنجوومەنی باڵای دادوەری: تۆمەتبارەکان لە قۆناغی داهاتوودا دادگایی دەکرێن
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاشکرای دەکات، لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی ئەو چەکدارانەی داعش کۆتاییهاتووە، کە لە سووریاوە بۆ عێراق گواسترابوونەوە و دەڵێت، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە سەرکردەی هێڵی یەکەمی داعش لەناو دەستگیرکراوەکاندا هەیە و بەشێکیان تاوانی زۆر گەورە و مەترسیداریان ئەنجامداوە.
ڕوونکردنەوەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق
- ئەنجوومەنی باڵای دادوەری: پێنج هەزار و 704 دەستگیرکراو لە سووریا بۆ عێراق گواسترابوونەوە.
- دۆسیەکانیان ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند دەکەن، بەمەبەستی دادگاییکردنیان.
- ئەو هەنگاوە بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە لە یەکێک لە گەورەترین دۆسییەکانی دادگا و لێکۆڵینەوەی تایبەت بە چەکدارانی داعش ناودەبات
- لەنێو دەستگیرکراوەکان 67 کەسی بیانی هەیە، 16 کەسیان عەرەبین، 19 کەسی دیکەیان هەڵگری ڕەگەزنامەی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپان.
- ژمارەیەک لەو کەسانە، ئەندامی زۆر مەترسیداری داعش بوون، پۆستی باڵایان لە سەرکردایەتی، ئەمنی، شەرعی، سەربازی، ڕاگەیاندن هەبووە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، لێکۆڵینەوەیان لە پێنج هەزار و 704 چەکداری داعش تەواوکردووە، کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق گواسترابوونەوە و دۆسیەکانیان ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند دەکەن، بەمەبەستی دادگاییکردنیان.
ئەنجوومەنەکە ئەو هەنگاوە بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە لە یەکێک لە گەورەترین دۆسییەکانی دادگا و لێکۆڵینەوەی تایبەت بە چەکدارانی داعش ناودەبات، کە لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ و بە بەشداریی ژمارەیەک دادوەر و ئەندامی داواکاری گشتی و لێکۆڵەڕان ئەنجامدراوە.
لێکۆڵینەوەکان لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە
لە ڕوونکردنەوەکەدا باسلەوەکراوە، کە لێکۆڵینەوەکان لەو کەیسە لە مانگی شوباتی 2026 دەستیپێکردووە، کە بەڵگەکانی کۆکراونەتەوە و وردبینییان تیاداکراوە، تاوەکو بەگوێرەى ڕێکارە یاساییەکان، دۆسیەکانیان یەکلایی بکرێتەوە.
ئەنجوومەنی دادوەری باسلەوە دەکات، لەنێو دەستگیرکراوەکان 67 کەسی بیانی هەیە، 16 کەسیان عەرەبین، 19 کەسی دیکەیان هەڵگری ڕەگەزنامەی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپان، 32 کەسی دیکەیان هاوڵاتیی وڵاتانی دیکەی جیهانن.
ئەو عێراقییانەی لە سووریاوە گواستراونەتەوە، بەگوێرەى ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، ژمارەیان 474 کەسە، بەڵام سوورییەکان ژمارەیان سێ هەزار و 497 کەسە.
ژمارەیەکیان ئەندامی زۆر مەترسیداری داعش بوون
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق جەختلەوە دەکاتەوە، لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە ژمارەیەک لەو کەسانە، ئەندامی زۆر مەترسیداری داعش بوون، پۆستی باڵایان لە سەرکردایەتی، ئەمنی، شەرعی، سەربازی، ڕاگەیاندن هەبووە، یاخود تاوانی نیودەوڵەتییان ئەنجامداوە و ژمارەیەکیان لە هێڵی یەکەمی سەرکردایەتیی داعش بوون.
ژمارەیەکیان پەیوەندییان بە دۆسیەی بە کەنیزەککردنی کچان و ژنانی ئیزدییەوە هەبووە
ئاماژە بەوەشکراوە، لە لێکۆڵینەوەکاندا ئەوەش ئاشکرابووە، کە تاوانی گەورە کە ڕەهەندی نێودەوڵەتی هەیە دژی ئێزدییەکان ئەنجامدراون، بە تایبەتی شەش کەس دەستنیشانکراون، پەیوەندیی ڕاستەوخۆییان بە دۆسیەی بە کەنیزەککردنی کچان و ژنانی ئێزیدی هەبووە و، گواستنەوە و کڕین و فرۆشتنیان پێوەکردووە.
ئەوانەی ڕادەستی وڵاتەکانیان کراونەتەوە
هەر لە ڕوونکردنەوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقدا هاتووە، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە ژمارەیەک لەو دەستگیرکراوانە هیچ بەڵگەیەکیان لەدژ نەبووە بۆیە ئازادکراون، هەروەها دەستگیرکراوێکی فینلەندی و دەستگیرکراوێکی ئەمریکی ڕادەستی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکانیان کراونەتەوە و حەوت دەستگیرکراوی عێراقیش ئازادکراون.
زیاتر لە 540 کەسیان سووری بوون و بەڵگەیان لەسەر نەبووە
ئاماژە بەوەشکراوە، 457 دەستگیرکراوی سووری، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە هیچ بەڵگەیەک لە دژیان نییە، بۆیە ئامادەکاری کراوە بۆ ئازادکردنیان و ڕادەستکردنەوەیان بە وڵاتی سووریا، تاوەکو ڕێکارەکانی گەڕانەوەیان بۆ ئەنجام بدرێت.
گرەنتی یاسای و مرۆییان بۆ کراوە
ئەنجوومەنی دادوەری دەشڵێت، لە لێکۆڵینەوەکاندا گرەنتی یاسایی و مرۆیی لە لێکۆڵینەوەکاندا کراوە، پارێزەر بۆ سەرجەم تۆمەتباران دیاریکراوە و پشکنینی پزیشکی و چاودێریی تەندروستییان بۆ دابینکراوە، هەروەها لیژنەی نێودەوڵەتی ڕێکخراوی خاچی سوور بە بەردەوامی سەردانی دەستگیرکراوەکانی کردووە و ڕێگەیان پێدراوە لەگەڵ کەسوکارەکانیان پەیوەندیی بکەن.
نێردە دیپلۆماتییەکان سەردانی بیانییەکانیان کردووە
سەبات بە دەستگیرکراوە بیانییەکانیش، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، ڕێگە بە نێردە دیپلۆماسییەکان و کونسڵخانەکان دراوە سەردانی هاوڵاتییانی خۆیان بکەن، هەروەها بەدواداچوونیان بۆ دۆخی ئەو دەستگیرکراوانە کردووە.
بەشێکیان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە دادگاییکراون
سەبارەت بە پڕۆسەی دادگاییکردنی ئەو ئەندامانەی داعش، ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق دەڵێت، هۆڵی تایبەت بۆ دادگاییکردنیان دیاریکراوە، لەگەڵ ڕێگەدان بە بەشداریکردنی ئەو چەکدارانەی مەترسیدارن لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە لە پڕۆسەی دادگاییکردن و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی گواستنەوەیان.
هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو تۆمەتبارانە بە چەند قۆناغێک ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند دەکرێن، تاوەکو بەگوێرەى یاسا کەیسەکانیان یەکلایی بکرێتەوە.
زانیاری زیاتر بۆ
ڕفێنەری ژنە ڕۆژنامەوانە ئەمریکییەکەی بەغداد سزادرا
بکوژی عەمیدەکەی بەغداد لە ماڵی ئەندامێکی داعش دەستگیرکرا
ئەمریکا وادەی دادگاییکردنی پلاندانەری هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری دیاریکرد
2 کاتژمێر پێش ئێستا