خالید شوانى: زیاتر لە 3 هەزار زیندانى ڕادەستى سووریا دەکرێنەوە

رێبوار حەمەوەیس 3 کاتژمێر پێش ئێستا
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق

پووختەی هەواڵەکە

  • ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دوای حەوت مانگ کۆتاییهاتنی قۆناغی لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی زیندانیانی گواستراوە لە سووریاوە ڕاگەیاند.
  • لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە ژمارەیەک سەرکردەی مەترسیداری داعش لەناو زیندانییەکاندان و 466 کەسیش بێتاوان دەرچوون و ئازادکراون.
  • وەزیری دادی عێراق ڕایگەیاند سێ هەزار زیندانیی سووری دەگوازرێنەوە بۆ وڵاتەکەیان بەو مەڕجەی لە خاکێکدا تاوانیان لە عێراق نەکردبێت.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق قۆناغی یەکەمی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکانی لە دۆسیەی پێنج هەزار و 704 زیندانیی گواستراوە لە سووریاوە تەواو کردووە و پرۆسەی ڕەوانەکردنی زیندانییان بۆ دادگا تایبەتمەندەکان دەستپێدەکات.


ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری

  • گواستنەوەی پێنج هەزار و 704 زیندانی لە 22ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لە سووریاوە بۆ عێراق لە ماوەی 24 ڕۆژدا بە چەندین کاروان ئەنجامدرا.
  • لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ژمارەیەک سەرکردە و چەکداری مەترسیدار کە پۆستی باڵایان لەناو داعشدا هەبووە لەژێر دەستگیرکردندادان.
  • شەش لە زیندانییەکان تاوانی کوشتن، ڕفاندن و بەکەنیزەکردنی ئێزدییەکانیان ئەنجامداوە.
  • هیچ تاوانێک لەسەر ئەمریکییەک، فنلەندییەک و حەوت عێراقی نەسەلمێنراوە و ئازادکراون.
  • 457 زیندانیی سووری بێتاوان دەرچوون و ڕێکارەکان بۆ ئازادکردنیان لە ئارادایە.

مەرجەکانی ڕادەستکردنەوە و لێدوانی وەزیری دادی عێراق

خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە لە کاتی وەرگرتنی زیندانییەکاندا، پابەندبوونی وڵاتان بە وەرگرتنەوەیان دوایی لێکۆڵینەوەکان مەرجی سەرەکی بووە. ئاماژەی بەوەش کردووە سێ هەزار لە زیندانییەکان کە خەڵکی سووریان دەگوازرێنەوە بۆ وڵاتەکەیان، بەڵام هەر زیندانییەک لەسەر خاکی عێراق تاوانی ئەنجامذابێت ڕادەستناکرێتەوە و لە زیندانەکانی عێراقدا دەمێنێتەوە.

زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە

لە 22ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ و لە گەرمەی شەڕی نێوان هەسەدە و گرووپەکانی سەر بە دیمەشق، بۆ ڕێگری لە هەڵاتنیان، زیندانییەکانی ناو گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە گواسترانەوە بۆ عێراق کە زۆرینەیان داعش بوون. لە مانگی شوباتەوە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لێکۆڵینەوەی سەرەتایی دەستپێکردبوو، دوای تەواوبوونی قۆناغی لێکۆڵینەوەش، بەگوێرەی یاساکانی عێراق هەر زیندانییەک بە بەڵگەنامە و دۆسیەکانیەوە ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند دەکرێت.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

عێراق لێکۆڵینەوەی لەدۆسیەی 5 هەزار و 704 چەکداری داعش تەواوکرد

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری: لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی چەکدارەکانی داعش کۆتاییهاتووە

عێراق: چەندینجار هێرشکراوەتە سەر دەورووبەری گرتووخانەی کەرخ؛ "هەوڵی ڕزگارکردنی زیندانیانی داعش دەدرێت"

رێبوار حەمەوەیس

3 کاتژمێر پێش ئێستا