گرووپی یەکەم لە چەکدارە تورکەکانی داعش بۆ ئەنقەرە گوازرانەوە
پووختەی هەواڵەکە:
- بەشێک لەو داعشە تورکانەی لە عێراقن لە لیستی تیرۆری تورکیادان
- 184 هاووڵاتیی تورکیا کە لە ڕیزەکانی داعشدا بوون، لە ئێستادا لە عێراق دەستبەسەرن.
بەشێک لەو چەکدارە داعشانەی هەڵگری ڕەگەزنامەی تورکیان و چەندین ساڵ لە زیندانەکانی سووریادا ڕاگیرابوون، پاش ئەوەی لە سەرەتای ساڵی 2026دا بۆ عێراق گوازرانەوە، بۆ تورکیا گەڕێندرانەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی تی24ـی تورکی، 184 هاووڵاتیی تورکیا کە لە ڕیزەکانی داعشدا بوون، لە ئێستادا لە عێراق دەستبەسەرن.
لیستی ئەو کەسانە بەشێکیان داواکراون بە تۆمەتی تیرۆر لە لایەن تورکیاوە
- یەکێک لە داواکراوەکانی تورکیا تۆمەتبارە بە ئەنجامدەری تەقینەوە خۆکوژییەکەی ئەنقەرە.
- تەقینەوەکە لە وێستگەی شەمەندەفەری ئەنقەرە لە 10ـی ئۆکتۆبەری 2015دا ڕوویداو بووە هۆی کوژرانی 104 کەس و برینداربوونی سەدانی دیکە.
- یەکێکی دیکەیان لە لیستی سووری داواکراواندایە و بەرپرسی داعش بووە لە ئیستانبوڵ.
بەگوێرەی هەواڵەکە لیستەکە ناوی چەندین کەسی داواکراوی بە تۆمەتی تیرۆر لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە تێدایە. لەنێو ئەوانەدا، ساڤاش یڵدز هەیە کە لە ڕیزبەندیی 80ـی لیستە 184 کەسییەکەدایە و پلانداڕێژەر و ئەنجامدەری تەقینەوە خۆکوژییەکەی وێستگەی شەمەندەفەری ئەنقەرە لە 10ـی ئۆکتۆبەری 2015دا کە بووە هۆی کوژرانی 104 کەس و برینداربوونی سەدانی دیکە.
یەکێکیان لە لیستی پرتەقاڵی تورکیادایە
زانیارییەکانی نێو لیستە 184 کەسییەکە تایبەت بە ساڤاش هاوتای زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیایە کە لە لیستی پرتەقاڵی داواکراواندایە. بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە ساڤاش یڵدز لە نێو گرووپی یەکەمی گەڕێندراوەکانە بۆ تورکیایە یان نا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ڕیزبەندیی 132ـی لیستە 184 کەسییەکەدا، ناوی مەحمود غازی تاتار هەیە کە لە لیستی پرتەقاڵیی داواکراوانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیادایە و لە لیستی خۆکوژە ئامادەکانی داعشدا بووە لەپاش تەقینەوە خۆکوژییەکەی پرسووس.
یەکێکیان بەرپرسی داعش بووە لە ئیستانبوڵ
هاوکات لەنێو ناوە پشتڕاستکراوەکان کە لەلایەن تورکیاوە داواکراون، لەنێو لیستە 184 کەسییەکەدا ناوی ئلیاس ئایدین هەیە کە لە لیستی سووری داواکراواندایە و بەرپرسی داعش بووە لە ئیستانبوڵ.
هەروەها ناوی بوراک هازار هەیە کە لە ڕیزبەندیی 47ـی لیستەکەدایە و لەنێو داواکراوەکانی لیستی سووردایە لە تورکیا و ناوی لە دۆسییەی لێکۆڵینەوە لە داعش لە ئەدەنە هاتووە.
یەکی ئەیلوول ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ ئەو دەستگیرکراوانەی داعش کە لە سەرەتای ئەمساڵدا لە سووریاوە بۆ وڵاتەکە گوازراونەتەوە، تەواو بووە.
داعشەکانی تورکیا تەوەرەی سەرەکی گفتوگۆکانی ئەنقەرە و بەغداد و دیمەشق و واشنتن بووە
دۆخی داعشەکانی هاووڵاتیی تورکیا کە لە عێراقن، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی نێوان ئەنقەرە، بەغداد، دیمەشق و واشنتن بوو. بەگوێرەی زانیارییەکان، گرووپی یەکەم لە چەکدارانی داعش پاش گفتوگۆکان بۆ ئەنقەرە گوازراونەتەوە کە تاوەکو ئێستا ژمارەیان نازانرێت.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری: لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی چەکدارەکانی داعش کۆتاییهاتووە
خالید شوانى: زیاتر لە 3 هەزار زیندانى ڕادەستى سووریا دەکرێنەوە
چەکدارانی نەناسراو هێرشیان کردە سەر خاڵێکی سەربازی حەشد لە پردێ
2 کاتژمێر پێش ئێستا