کەمی میلاکی مامۆستایان کێشە بۆ ناوەندەکانی خوێندن دروستدەکات
پووختەی هەواڵەکە:
- بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە لە شار و ئیدارە سەربەخۆکان کێشەی کەمیی میلاکی مامۆستایانیان هەیە.
- لە هەرێمی کوردستان 143 هەزار و 545 مامۆستا هەن کە 37 هەزار و 933 کەسیان گرێبەستن.
- خانەنشینبوونی بەردەوامی مامۆستایان لە دوو ساڵی ڕابردوودا بۆشایی لە کادیرانی هەمیشەیی دروستکردووە.
- حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی میلاکەکان چاوەڕوانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی دەکات.
نزیکبوونەوەی دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندن، کێشەی نەبوونی میلاکی پێویست خوێندنگەکانی لە چەندین شار و ئیدارەی سەربەخۆ پەکیخستووە؛ پڕنەکردنەوەی شوێنی هەزاران مامۆستای خانەنشینکراو لەلایەک و بەستنەوەی دامەزراندنی نوێ بە یاسای بودجەی عێراقەوە لەلایەکی دیکە، ناوەندەکانی خوێندنی لەبەردەم گرفتێکی کارگێڕیی گەورەدا ڕاگرتووە.
ئامارەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە:
- کۆی گشتیی مامۆستایان لە هەرێمی کوردستان 143,545 مامۆستایە، کە نزیکەی 105,000 کەسیان میلاکی هەمیشەیین.
- ژمارەی مامۆستایانی گرێبەست گەیشتووەتە 37,933 مامۆستا، کە پێشتر وەک وانەبێژ بۆشاییەکانیان پڕدەکردەوە.
- خانەنشینبوونی ژمارەیەکی زۆری مامۆستایان لە دوو ساڵی ڕابردوودا و دانەمەزراندنی میلاکی نوێ بۆشاییەکەی گەورەتر کردووە.
- بەستنەوەی دامەزراندنی نوێ لە کەرتی پەروەردە بە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ـی عێراق پرۆسەی چارەسەرکردنی گرفتەکەی دواخستووە.
ژمارەی پەڕتووکی چاپکراو:
وەزارەتی پەروەردە سەرنجی خستووەتە سەر ئامادەکارییە لۆجستییەکان؛ ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 31ی ئابی 2026 ڕایگەیاند کە بۆ ساڵی نوێ نزیکەی 20 ملیۆن پەڕتووک چاپکراون و 90%ـیان گەیشتوونەتە کۆگاکان، هاوکات 264 کۆنتێنەری کەلوپەل بۆ خوێندنگەکان دابینکراون، لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ دابەشکردنی سەرجەم پێداویستییەکان پێش دەستپێکردنی پڕۆسەی خوێندن بەردەوامییان هەیە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ:
وەزارەتی پەروەردە: لەدایکبووانی 2020 دەچنە پۆلی یەک و کاتی تۆمارکردنیش دیاریکرا
1 کاتژمێر پێش ئێستا