جەنگیز چاندار: هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگی پرۆسەی چارەسەرییە لە تورکیا
پووختەی هەواڵەکە:
- جەنگیز چاندار :بێ هەرێمی کوردستان پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا سەرکەوتوو نابێت.
- جەنگیز چاندار : ڕێگەی تێناچێت پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتیی خراپ بێت.
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم) لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8، ئاماژەی بەوەکرد، هەرێمی کوردستان پایەیەکی ئێجگار گرنگی پرۆسەی چارەسەرییە لە تورکیا و بێ هەرێمی کوردستان پرۆسەکە سەرکەوتوو نابێت.
لۆژیکی نییە پەیوەندیی تورکیا و یەکێتیی خراپ بێت
- ڕێگەی تێناچێت پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتیی خراپ بێت، چونکە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی پەکەکە لە شوێنێکدا کۆتاییدێت کە سنووری دەسەڵاتی یەکێتییە.
- ئامانجی ئەم پرۆسەیە کۆتاییهێنانە بەو خەباتە چەکدارییەی کورد کە نزیکەی نیو سەدەیە لە تورکیا بەردەوامە.
- کورد هێزی چەکداری هەیە و بەشێکی گرنگیان لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقدان.
- مەحاڵە هیچ پێشهاتێک لەم ئاراستەیەدا لە تورکیا، بەبێ بەشداریی چالاکانە، هاوکاری و هەماهەنگیی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕووبدات.
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری پارتی دەم لەو بارەیەوە گوتی "هەرێمی کوردستانی عێراق یەکێکە لە ستوونە سەرەکییە حەتمییەکانی پرۆسەی چارەسەریی. چونکە وەک لە سەرەتاوە گوتوومانە، ئامانجی ئەم پرۆسەیە کۆتاییهێنانە بەو خەباتە چەکدارییەی کورد کە نزیکەی نیو سەدەیە لە تورکیا بەردەوامە و دەستکردنە بە خەباتی یاسایی. خەباتی چەکداریی کورد ماوەیەکی دوور و درێژە لەنێو سنوورەکانی تورکیادا نییە. کورد هێزی چەکداری هەیە و بەشێکی گرنگیان لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقدان. کەواتە مەحاڵە هیچ پێشهاتێک لەم ئاراستەیەدا لە تورکیا، بەبێ بەشداریی چالاکانە، هاوکاری و هەماهەنگیی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕووبدات".
چاندار: لۆژیکی نییە پەیوەندیی تورکیا و یەکێتیی خراپ بێت
جەنگیز چاندار ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێگەی تێناچێت پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتیی خراپ بێت، چونکە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی پەکەکە لە شوێنێکدا کۆتاییدێت کە سنووری دسەڵاتی یەکێتییە و ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێکخراوەکە پێویستە لە سلێمانییەوە بگەڕێنەوە و بۆ ئەمەش دیالۆگی ئەنقەرە و یەکێتی پێویستە.
هەندێک لەوانەی دەگەڕێتەوە بۆ تۆرکیا لە سلێمانییەوە دەگەڕێنەوە
دەربارەی ئەو بابەتە جەنگیز چاندار گوتیشی " لە ماوەی ڕابردووی نزیکدا بینیمان پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی بەرەبەرە باشتر بوون، ئەمەش پەیوەستە بە پرۆسەکە، چونکە ئەگەر پەکەکە خۆی هەڵبووەشێنێتەوە و دەستبەرداری چەک بێت، هیچ لۆژیکێک لەوەدا نییە پەیوەندیت خراپ بێت لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەی ئیدارەی ئەو ناوچەیەی بەدەستە کە پەکەکەی تێدا چالاکە. بابەتی دووەمیش ئەوەیە ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا لە کوێوە دەگەڕێنەوە؟ هەندێکیان لە هەولێرەوە و هەندێکیان لە سلێمانییەوە دەگەڕێنەوە. بۆ ئەوەی گەڕانەوە لە سلێمانییەوە ڕووبدات، پێویستە دیالۆگ لەنێوان تورکیا و یەکێتیدا هەبێت. ئەم دیالۆگەش دەستی پێکردووە.
پەیوەندیی تورکیا و یەکێتیی نزیکە لە ئاستی سەردەمی مام جەلال
جەنگیز چاندار هەروەها بە کەناڵ8ـی گوت، پەیوەندیی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تورکیا نزیکە لە پەیوەندیی سەردەمی مام جەلال لەگەڵ تورگوت ئۆزاڵ و گوتی، ئەمە بۆ ئاشتیی لە ناوچەکە گرنگە.
باشبوونی پەیوەندییەکانی یەکێتی تورکیا زۆر ئەرێنییە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا
ئەو پەرلەمانتاری پارتی دەم دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتیشی " ئەوەی کە من لە کاربەدەستانی دەوڵەت لە تورکیا و باڵاترین بەرپرسەکانی یەکێتی گوێم لێبووە، جا چ لە بافڵ تاڵەبانی یان قوباد تاڵەبانی، زمانێکی ئەرێنی و ئاماژەی پۆزەتیڤ سەبارەت بە تورکیا دەبینین. لە ئێستادا پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتی لەڕووی باشییەوە، لە ئاستێکی نزیک لە ئاستی سەردەمی مام جەلالدایە، واتە نزیکە لەو پەیوەندییە باشەی مام جەلال لەگەڵ ئۆزاڵ هەیبوو. ئەمەش پێشهاتێکی زۆر ئەرێنییە چ بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، چ بۆ ئاشتیی لەسەر ئاستی ناوچەکە و بۆ خۆشگوزەرانیی کورد".
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
ئاکپارتی بۆ کەناڵ8: بەبێ بافڵ جەلال تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی پڕۆسەکە پێشنەدەکەوت
تورکیا بەهۆی دانانی پرسە بۆ ئەندامانی پەکەکە هۆشداری دەداتە پارتی دەم
جەنگیز چاندار: هیچ ئاسۆیەک بۆ ئازادیی ڕۆژنامەوانی لە تورکیا بەدیناکرێت
بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە ئەردۆغان لێکۆڵینەوە لە ئەحمەد داودئۆغڵو دەستیپێکرد
1 کاتژمێر پێش ئێستا