وەزارەتی دارایی ڕێنمایی نوێی مۆڵەتی بێمووچەی فەرمانبەرانی دەرکرد
پووختەی هەواڵەکە:
- وەزارەتی دارایی ڕێنمایی ژمارە 5ـی بۆ جێبەجێکردنی مۆڵەتی بێ مووچە دەرکرد.
- ماوەی مۆڵەتی بێ مووچە لە پێنج ساڵەوە بۆ دوو ساڵ کەمکرایەوە.
- ماوەی مۆڵەتە دوو ساڵییەکە بە خزمەت و خانەنشینی بۆ فەرمانبەر هەژمار ناکرێت.
- ئەوانەی پێشتر مۆڵەتی پێنج ساڵەیان وەرگرتووە بڕیارە نوێیەکە نایانگرێتەوە.
وەزارەتی دارایی دوای مانگێک لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، ڕێنمایی نوێی بۆ سنووردارکردنی مۆڵەتی فەرمانبەران دەرکردووە؛ بەپێی ڕێنماییەکە، مۆڵەتی بێ مووچە لە 5 ساڵەوە بۆ تەنیا 2 ساڵ کورتکراوەتەوە و دەسەڵاتی پەسەندکردنی دراوەتە وەزیر و سەرۆکی دەستەکان لە کاتێکدا ئەو ماوەیە لە خزمەتی خانەنشینی دەسڕدرێتەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕێنمایی ژمارە 5ـی ساڵی 2026 ئەم مەرجانەی دیاریکردووە:
- سنووردارکردنی ماوەی مۆڵەتی ئاسایی بێ مووچە بۆ تەنیا 2 ساڵ و ڕێگریکردن لە تێپەڕاندنی ئەو وادەیە.
- هەژمارنەکردنی ماوەی ئەو 2 ساڵە وەک خزمەتی وەزیفی یاخود مافی خانەنشینی بۆ فەرمانبەر لە کەرتی گشتیدا.
- بەخشینی دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتەکە بە وەزیرەکان و سەرۆکی ئەو دەستانەی بە وەزارەتەوە نەبەستراون.
- جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 300ـی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە 6ی ئابی ئەمساڵدا پەسەندکرابوو.
ڕێنماییە کۆنەکان:
ڕێنماییەکە پارێزبەندی بۆ ئەو فەرمانبەرانە داناوە کە پێش دەرچوونی بڕیارەکە مۆڵەتی بێ مووچەی 5 ساڵەیان وەرگرتووە؛ بە جۆرێک تا کۆتاییهاتنی وادەکەیان لە مۆڵەتەکەیان بەردەوام دەبن بەڵام مافی نوێکردنەوەیان نابێت، هاوکات کارکردن بە 11 ڕێنمایی دارایی پێشوو لە ساڵانی 2015 تاوەکو 2022 بە تەواوی هەڵوەشێندراوەتەوە و بڕیارە نوێیەکەش لە ڕۆژی بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمیی "وەقایعی کوردستان" دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ:
جیاوازییەکانی پێدانی مۆڵەتی درێژخایەن لە نێوان هەولێر و بەغداد
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان: مۆڵەتی بێ مووچە تەنیا بۆ دووساڵە
2 کاتژمێر پێش ئێستا