شەڕێکی نوێی یاسایی و سیاسی لەنێوان هەولێر و بەغدا لەڕێگایە؟
پووختەی هەواڵەکە:
- چوارچێوەی هەماهەنگی دۆسیە هەڵپەسێردراو و ناکۆکەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە دوای ساڵی 2005ـەوە دەوروژێنێتەوە.
- هاوپەیمانێتییە شیعییەکە بڕیاریدا گوشارەکانی چڕ بکاتەوە بۆ تێپەڕاندنی کۆمەڵێک پڕۆژەیاسای جێی مشتومڕ لەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا.
دیارترینیان یاسای نەوت و غاز، دەستەی حەشدی شەعبی و دادگای باڵای فیدراڵییە.
چوارچێوەی هەماهەنگی دۆسیە هەڵپەسێردراو و ناکۆکەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە دوای ساڵی 2005ـەوە دەوروژێنێتەوە. هاوپەیمانێتییە شیعییەکە لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریدا گوشارەکانی چڕ بکاتەوە بۆ تێپەڕاندنی کۆمەڵێک پڕۆژەیاسای جێی مشتومڕ لەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، کە دیارترینیان یاسای نەوت و غاز، دەستەی حەشدی شەعبی و دادگای باڵای فیدراڵییە؛ هەنگاوێک کە ئەگەر بەبێ سازانی پێشوەختە بێت، گۆڕەپانی سیاسی بەرەو تەقینەوە دەبات.
کۆبوونەوەیەک لە ماڵی عەبادی؛ خستنەڕووی دۆسیە قورسەکان
- تەوەرێکی گەرمی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی و تەواوکردنی ئەو بڕگە یاساییانەی کە کارەکانی ئەو دەستەیە بە تەواوی ڕێکدەخەن و پێگەی لەناو دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا بەهێزتر دەکەن.
- پڕۆژەیاسای نەوت و غاز وەک دیارترین خاڵی ناڕەزایەتی و ململانێی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد.
- چوارچێوەی هەماهەنگی جارێکی دیکە پرسی دەرکردنی یاسا ئەنجوومەنی فیدراڵی هێناوەتەوە بەرباس.
- هەموارکردنەوەی یاسای دادگای فیدراڵی، ئەم دادگایە لە چەند ساڵی ڕابردوودا کاریگەرترین بڕیارەکانی دژی هەرێمی کوردستان دەرکردووە.
ڕۆژی دووشەممە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی، بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی و سەرکردە دیارەکان کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بە پێویست زانرا کاروانی ئەو یاسایانە لە پەرلەمان بکەوێتە گەڕ کە نزیکەی 20 ساڵە بەهۆی ناکۆکیی نێوان پێکهاتەکانەوە قفڵ کراون. سەرکردەکانی چوارچێوە جەختیان لەوە کردەوە ئەم یاسایانە بنەمای تەواوکردنی چوارچێوەی دەستووری و دامەزراوەیی دەوڵەتن.
یاسای دەستەی حەشدی شەعبی؛ ڕەگداکوتان لەناو جومگەکانی دەوڵەت
تەوەرێکی گەرمی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی و تەواوکردنی ئەو بڕگە یاساییانەی کە کارەکانی ئەو دەستەیە بە تەواوی ڕێکدەخەن و پێگەی لەناو دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا بەهێزتر دەکەن. ئەم هەوڵە لە کاتێکدایە کە نەخاسمە لەناو ماڵی شیعە خۆیدا بۆچوونی جیاواز لەسەر ڕۆڵ و ئایندەی ئەم هێزە هەیە، هاوکات لایەنە کوردی و سوننەکانیش بە گومان و خۆپارێزییەکی توندەوە لەم هەنگاوە دەڕوانن.
یاسای نەوت و غاز؛ چوار ڕەشنووس و 20 ساڵ ناکۆکیی هەولێر و بەغدا
دیارترین خاڵی ناڕەزایەتی و ململانێی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد، پڕۆژەیاسای نەوت و غازە. تاوەکو ئێستا 4 جار ڕەشنووسی یاساکە ئامادە کراوە، بەڵام بەهۆی ململانێی توند لەسەر دەسەڵاتی بەرهەمهێنان، بەڕێوەبردنی کێڵگە هاوبەشەکان و دابەشکردنی داهات، نەخراوەتە بەرنامەی کاری ئەنجوومەنی نوێنەران. پەسەندکردنی ئەم یاسایە دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبردنی سامانی سروشتی لە عێراق بە تەواوی یەکلایی دەکاتەوە.
ئەنجوومەنی فیدراڵی؛ بۆشاییە 19 ساڵییەکەی دەستوور
سەرەڕای ئەوەی بەگوێرەی ماددەی 65ـی دەستووری عێراق، دەبوو ئەنجوومەنێکی یاسادانان بە ناوی "ئەنجوومەنی فیدراڵی" بۆ نوێنەرایەتیکردنی هەرێمەکان و پارێزگاکان پێکبهێنرێت، بەڵام ئەم دەزگایە لە ساڵی 2005ـەوە تەنیا لەسەر کاغەز ماوەتەوە و نەبووەتە واقیع. چوارچێوەی هەماهەنگی لەم کۆبوونەوەیەدا جارێکی دیکە پرسی دەرکردنی یاساکەی هێناوەتەوە بەرباس.
هەموارکردنەوەی یاسای دادگای فیدراڵی؛ چەقی کێشەکان لەگەڵ هەرێم
یاسایەکی دیکەی سەر مێزەکە، هەموارکردنەوەی یاسای دادگای باڵای فیدراڵییە کە لە ساڵی 2005 بە فەرمانێکی حکومی دامەزرا. ئەم دادگایە لە چەند ساڵی ڕابردوودا کاریگەرترین بڕیارەکانی دژی هەرێمی کوردستان دەرکردووە:
2017: هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی.
شوباتی 2022: نادەستووریبوونی یاسای نەوت و غازی ژمارە 22ـی ساڵی 2007ـی هەرێمی کوردستان.
2022: هەڵوەشاندنەوەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان.
1ـی شوباتی 2024: کەمکردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی (لابردنی کۆتاکان).
21ـی شوباتی 2024: هەڵوەشاندنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان.
زەنگی شەڕێکی نوێی سیاسی لە پەرلەمان لێدەدرێت
چاودێران و شارەزایانی دۆخی عێراق هۆشداری دەدەن کە ئەم هەنگاوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەبێ ڕێککەوتنی سیاسیی پێشوەختە لەگەڵ کورد و سوننە، بەرەیەکی نوێی پێکدادان و گرژی لە پەرلەمان دەکاتەوە، چونکە ئەم یاسایانە ڕاستەوخۆ دەست بۆ هاوسەنگیی دەسەڵات لە عێراقدا دەبەن.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
شاندى حکومەت بۆ جێگیرکردنی پشکی هەرێمى کوردستان لە بودجەدا گەیشتە بەغداد
شاندی هەرێمی کوردستان بۆ نووسینەوەی بودجەی 2027 دەچێتە بەغداد
شاندی دارایی هەرێمی کوردستان: داوامانکردووە پشکی 14% لە بودجەی 2027 جێگیر بکرێت
1 کاتژمێر پێش ئێستا