ناکۆکییەکان تەواوکردنى کابینەى حکومەتى عێراقیان دواخستووە

رێبوار حەمەوەیس 50 خولەک پێش ئێستا
دیدارى قەیس خەزعەلى، سەرۆکى عەسائیبى ئەهلى حەق لەگەڵ نورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا
دیدارى قەیس خەزعەلى، سەرۆکى عەسائیبى ئەهلى حەق لەگەڵ نورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا

پووختەى هەواڵەکە

  • ناکۆکى سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى، پرسى تەواوکردنى کابینەى حکومەتیان پەکخستووە.
  • مالیکى و قەیس خەزعەلى لەسەر پۆستەکان ناکۆکن.
  • پێدەچێت تەواوکردنى کابینەى حکومەت بکەوێتە دواى 30ـى ئەیلوول.
  • قەیس خەزعەلى سوورە لەسەر وەرگرتنى جێگرى سەرۆکوەزیران.

هەرچەندە بڕیاربوو، هەفتەى ڕابردوو، عەلى زەیدى سەرۆکوەزیران، ناوى بەربژێرەکان بۆ وەزارەتە بەتاڵەکانى کابینەکەى ڕەوانەى ئەنجوومەنى نوێنەران بکات و هەفتەى داهاتوو دەنگیان لەسەر بدرێت، بەڵام بە گوێرەى دەرئەنجامەکانى دوایین کۆبوونەوەى چوارچێوەى هەماهەنگى، پێناچێت پرسەکە بە ئاسانى یەکلا بکرێتەوە، بەو پێیەى سەرکردەکانى شیعە ناکۆکى قووڵ لە نێوانیاندا هەیە.


قووڵ بوونەوەى ناکۆکییەکان و ئاشکراکردنى

  • قەیس خەزعەلى، ئەمینداری گشتیی عەسائیبى ئەهلى حەق، لە دیمانەیەکدا ناکۆکییەکانى ناو چوارچێوەى هەماهەنگى نەشاردەوە و ئاشکرایکرد، لەسەر وەزارەتى ناوخۆ کە بەرکەوتەى هاوپەیمانیی دەوڵەتى یاسایە ناکۆکی هەیە.
  • خەزعەلى: ئەوان دەیانەوێت بەربژێرى وەزارەتى ناوخۆ کەسێک بێت قبوڵکراو بێت و وەک گەڕى یەکەمى متمانەپێدانى وەزیرەکان، بەربژێرى ئەو وەزارەتە ڕەتنەکرێتەوە
  • خەزعەلى: بەربژێرى فراکسیۆنەکەیان سادیقوون لەیس خەزعەلى برایەتى و پاشەکشەى لێناکەن، هەرچەندە لە ناوخۆى چوارچێوەى هەماهەنگى دژایەتیی دەکرێت و ئەمریکاش ڤیتۆى لەسەرى هەیە.
  • بە گوتەى ئەمیندارى گشتیی عەسائیب، ناکۆکییەکان تەنیا لەناو شیعەدا نیین، بەڵکو یەکێتى و پارتى لەسەر جێگرى سەرۆکوەزیران و سووننەکانیش لەسەر وەزارەتى ناوخۆ ناکۆییان هەیە.
  • لە بەرامبەردا نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیی دەوڵەتى یاسا، لەناو چوارچێوەى هەماهەنگیدا سەرکردایەتیی ئەو ئاڕاستەیە دەکات کە دژى دانانى چوار جێگرە بۆ سەرۆکوەزیران، پاساوەکەشى ئەوەیە، حکومەت قەیرانى دارایی هەیە و نابێت بە هێنانەئاراى پۆستى زیاتر بارگرانییەکەى زیاتر بکرێت.
  • مالیکى، دژى وەرگرتنى پۆستى جێگرى سەرۆکوەزیرانە لەلایەن لەیس خەزعەلى، مالیکى پێى وایە، وەرگرتنى ئەو پۆستە لەلایەن لەیس خەزعەلییەوە حکومەت ڕووبەڕووى سزاى ئەمریکا دەکاتەوە.
  • بە گوتەى سەرچاوەکان، لە دوایین کۆبوونەوەى چوارچێوەى هەماهەنگى، قەیس خەزعەلى بە توندى دژى مالیکى وەستاوەتەوە و ئامادەیی دەربڕیوە دەستبەردارى پۆستەکانى جێگرى سەرۆکوەزیران و وەزیرى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتیی ببێت، لەبەرامبەر وەرگرتنى پۆستى وەزارەتى ناوخۆ.

ئەوە لە کاتێکدایە، نزیکەى چوارمانگە، کابینەکەى عەلى زەیدى سەرۆکوەزیران، بە تەواونەکراوى ماوەتەوە و لە کۆى 23 وەزارەت، وەزیرانى14  وەزارەت متمانەیان وەرگرتووە و 9 وەزارەتى دیکەش بە بەتاڵى ماونەتەوە.

زەیدى سەربارى هەوڵ و سەردانەکانى بۆ لاى سەرکردە سیاسییەکان، بەڵام نەیتوانییوە کابینەکەى تەواوبکات، بەگوێرەى زانیارییە ڕۆژنامەوانییەکان، پرسى تەواوکردنى کابینەکە زیاتر دوادەکەوێت و دەکەوێتە دواى سەردانەکەى زەیدى بۆ فەڕەنسا و ئەڵمانیا، بە ئەگەرێکى زۆریشەوە دەکەوێتە دواى 30ـى ئەیلوول.

زانیارى زیاتر بۆ تۆ

بڕیارە ئەم هەفتەیە زەیدى ناوى بەربژێرانى وەزارەتە بەتاڵەکان بداتە ئەنجوومەنى نوێنەران

دیلان غەفور: بەهۆى تەواونەبوونى کابینەکەی زەیدى نەتوانراوە یاساى بودجە ئامادە بکرێت

رێبوار حەمەوەیس

50 خولەک پێش ئێستا