بڕیارە ئەم هەفتەیە زەیدى ناوى بەربژێرانى وەزارەتە بەتاڵەکان بداتە ئەنجوومەنى نوێنەران
پووختەى ڕاپۆرتەکە
- بڕیارە ئەم هەفتەیە زەیدى ناوى بەربژێرانى وەزارەتە بەتاڵەکان بداتە ئەنجوومەنى نوێنەران.
- دواى تێپەڕبوونى زیاتر لە 100 ڕۆژ هێشتا نۆ وەزارەتى کابینەکەى عەلى زەیدى بە بەتاڵى ماونەتەوە و پڕنەکراونەتەوە.
- گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى: گرووپە چەکدارەکان مەرجیان بۆ چەکدانان هەیە.
- مالیکى داوا دەکات دەستەواژەى چەکداماڵین بگۆڕدرێت بۆ رێکخستن.
بڕیارە ئەم هەفتەیە، عەلى زەیدى سەرۆکوەزیران ناو و ژیاننامەى بەربژێرانى وەزارەتە بەتاڵەکان ئاڕاستەى ئەنجوومەنى نوێنەران بکات و هەفتەى داهاتووش دەنگیان لەسەر بدرێت، پرسى کۆکردنەوەى چەکى گرووپەکانیش هێشتا بە ناڕوونى ماوەتەوە، ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى دەڵێت، گرووپەکان مەرجییان هەیە و هەر کاتێک مەرجەکانیان جێبەجێکرا شتێک نامێنێت بەناوى گرووپى چەکدار.
تەواوکردنى کابینە وەزارییەکەى عەلى زەیدى و چەکداماڵینى گرووپەکان
- عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیران، لە کۆبوونەوەى دووشەممەى ڕابردووى چوارچێوەى هەماهەنگی، ڕایگەیاند، لەم هەفتەیەدا گفتوگۆکانى تایبەت بە تەواوکردنى کابینەى حکومەت کۆتاییان دێت و هەفتەى داهاتوو ناوى وەزیرەکان ڕەوانەى ئەنجوومەنى نوێنەران بکرێن.
- عەلى دیفاعى، گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى ئاشکرایکرد، سەرۆکوەزیران داواى ژیاننامەى بەربژێرەکانى کردووە، بۆ ئەوەى ئەم هەفتەیە ڕەوانەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى بکات و هەفتەى داهاتوو دەنگیان لەسەر بدرێت.
- ناکۆکى نێوان هەندێک لایەنى سیاسى لەسەر بەربژێرەکان، هۆکاربووە بۆ تەواونەکردنى کابینەى حکومەت.
- ئاڕاستەکە بەرەو تێپەڕاندنى پۆستى جێگرانى سەرۆکوەزیرانى عێراقە، بەهۆى ئاستەنگییەکانى تەواونەکردنى کابینەى حکومەت و قەیرانى دارایی.
- کارى لە پێشینە پڕکردنەوەى وەزارەتە بەتاڵەکانە.
- لە بارەى چەکى گرووپەکانیش، چوارچێوەى هەماهەنگى، لیژنەیەکى لە نوورى مالیکى و هادى عامرى و محەممەد شیاع سوودانى پێکهێناوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو گرووپانەى تاوەکو ئێستا ڕەتیانکردووەتەوە یاخود مەرجیان هەیە.
- لێدوانێکى نوورى مالیکى، مشتومڕى لەسەر پڕۆسەکە دروستکردووە، مالیکى لە دوایین دیمانەى تەلەڤیزیۆنیدا داوایکردووە دەستەواژەى چەکداماڵین بگۆڕێت بۆ ڕێکخستن.
- هەرچەندە مالیکى بە پشتیوانێکى دیارى عەلى زەیدى و حکومەتەکەى دادەنرێت، بەڵام بەگوتەى ئەو، دەستەواژەى چەکداماڵین لە ڕووى دەروونى و کردارییەوە قبوڵکراو نییە، ئێستاش گفتوگۆکان لەسەر جیاکردنەوەى چەکى قورس و سووک و مامناوەندن.
مشتوومڕەکانى چەکداماڵینى گرووپەکان و لێدوانى بەرپرسان
زمانى هەڕەشە و تۆقاندن کۆتایی هاتووە و چونکە هەڕەشەکان ئەنجامیان نابێت، بانگەشە بۆ ململانێ و هێرشکردنە سەر بارەگاکان و هێرش بۆ سەر حکومەت بێ ئەنجام دەبێت.
بەڵام هەرزوو هیشام ڕکابى، بەڕێوەبەرى نووسینگەکەى ڕوونکردنەوەى لە بارەى لێدوانەکانى دا و گوتى، لێدوانەکانى نوورى مالیکى لە بارەى کۆکردنەوەى چەک، بە هەڵە لێکدراوەتەوە.
دووپاتیشیکردەوە، هەڵوێستى دەوڵەتى یاسا و سەرۆکەکەى لە بارەى دۆسییەکەوە نەگۆڕاوە، بەڵام مەبەستەکەى ئەوەیە چارەسەرى دۆسییەیەکى ئاڵۆزى لەم جۆرە و ئیدارەدانى پێویستى بە کات و لێکتێگەیشتن و گرەنتیی هەیە، لە پاڵ ئاڕاستەیەکى ئارام، بۆ ئەوەش ئەزموونى سوپاى کۆمارى ئیرلەنداى وەبیرهێناوەتەوە.
عەلى دیفاعى، گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى ئاماژەى بەوەکردووە، کۆکردنەوەى چەک پێویستى بە پچڕاندنى پەیوەندى هەڵگرانى چەکە بە ڕێکخراوە سیاسییەکان، لەگەڵ سەرژمێرى و ڕێکخستنى چەک و بەستنەوەى بە فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانە، لە پاڵ ئەوەشدا پێویستى بە پەسەندکردنى یاساى خانەنشینى و پەیکەربەندى حەشدى شەعبیە.
گوتیشى، بەگوێرەى ئەو گفتوگۆیانەى لەگەڵیاندا کراوە، گرووپەکان دەیانەوێت چەکەکانیان هێزێک بێت بۆ دەوڵەت، دواى چارەسەرکردنى دۆسییەکانى بوونى هێزى بیانى و کۆنتڕۆڵکردنى سنوورەکانى عێراق، بە چارەسەرکردنى ئەو دۆسییانەش شتێک نامێنێت بەناوى چەکى گرووپەکان.
ئەوە لە کاتێکدایە، بەگوێرەى بڕیارەکەى عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، دواى 30ـى ئەیلوول، جگە لە جێهێشتنى عێراق لەلایەن هێزەکانى هاوپەیمانانەوە، شتێک نامێنێتەوە بۆ ئەوەى گرووپە چەکدارەکان چەکەکانیان ڕادەست نەکەن، بۆ ئەو مەبەستە هەوڵەکان بەردەوامن تاوەکو مانگى تشرینى یەکەمى ئەمساڵ، بابەتى چەکداماڵین لە عێراق کۆتایی بێت.
زانیارى زیاتر بۆ تۆ
زەیدى کەمتر لە دوومانگى لەبەردەمدا ماوە بۆ لە چەکداماڵینى گرووپەکان
7 خولەک پێش ئێستا