زەیدى کەمتر لە دوومانگى لەبەردەمدا ماوە بۆ لە چەکداماڵینى گرووپەکان

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
سەردانی عەلی زەیدی بۆ بارەگای حەشدی شەعبی و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی ئەو هێزە
سەردانی عەلی زەیدی بۆ بارەگای حەشدی شەعبی و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی ئەو هێزە

پووختەی هەواڵ

  • زەیدى دەبێت تاوەکو 30ـى ئەیلوول پرۆسەى کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت تەواو بکات
  • ئەمریکا لە چەکداماڵینى گرووپەکانى کردووەتە مەرجى پشتیوانیی لە عەلى زەیدى
  • 30ـى ئەیلوول دوا وادەیە بۆ کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق
  • ژمارەیەک گرووپى چەکدار ڕەتیدەکەنەوە چەک ڕادەست بکەن

کەمتر لە دوو مانگ لەبەردەم عەلى زەیدى بۆ تەواوکردنى یەکێک لە سەختترین و ئاڵۆزترین خاڵەکانى کارنامەى حکومەتەکەى ماوە، کە بریتییە لە، کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت، سەربارى پشتیوانییە سیاسى و جەماوەرییەکان بۆ ئەم هەنگاوەى زەیدى، بەڵام هێرشەکانى ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر حەشدى شەعبى، دەنگى گرووپە چەکدارەکانى دلێر کردووە و بە ئاشکرا دژایەتی خۆیان بۆ چەکدانان ڕادەگەیێنن، ئێستا زەیدى لە بەردەم سێ بژاردەدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ چەکى گرووپەکان.


عەلى زەیدى لە سەرەتاى مانگى حوزەیرانەوە، لیژنەیەکى بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەیوەندى گرووپە چەکدارەکان بە دەستەى حەشدى شەعبى و کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت پێکهێنا، لە سەرەتادا پرۆسەکە هەنگاوى گرنگى نا. پێنج گرووپى نێو حەشدى شەعبى ئامادەییان پیشاندا چەک دابنێن، سەرایا سەلام، وەک یەکەم گرووپى چەکدارى پەیوەندییەکانى خۆى لەگەڵ ڕەوتى نیشتمانیی شیعە بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر بچڕاند و چووە ژێر ڕکێفى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا سێ گرووپى چەکدار کە بریتین لە بزووتنەوەى نوجەبا، کەتیبەکانى سەیدولشوهەدا و حیزبوڵا ڕەتیانکردووەتەوە چەک دابنێن.


پاشگەزبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان

  • دوای هێرشەکانی سعودیە و ئەمریکا گرووپە چەکدارەکان پاشگەزبوونەوە
  • گرووپە چەکدارەکان ننەک چەک دانانێن بەڵکو بەڵێنی پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانیان دەدەن
  • بەستنەوەی چەکدانان بە کشانەوەی هێزە بیانییەکان
  • گرەنتی پاراستنی عێراق لە هەر دەستدرێژییەکی دەرەکی


لەدواى هێرشەکانى سعودیە و ئەمریکا، هەڵوێستى گرووپە چەکدارەکان بۆ چەکدانان پاشگەزبوونەوەى پێوەدیارە، ئەبو حسێن حمێداوى، ئەمیندارى کەتیبەکانى حیزبوڵا، نەک هەر چەکدانان ڕەتدەکاتەوە، بەڵکو جەختى لە هەنگاونان بۆ پەرەپێدانى توانا سەربازییەکانیان کردووەتەوە، بەگوتەى حمێداوى، هێرشەکانى سعودیە و ئەمریکا، وایکرد زیاتر ڕژدبن لە دەستگرتن بە چەکەکانیانەوە.

هەروەها کەتیبەکانى سەیدولشوهەدا و بزووتنەوەى نوجەبا، ڕایانگەیاندووە، هەر گفتوگۆیەک بۆ چەکدانان پێویستە گرێبدرێتەوە بە کشانەوەى هێزە بیانییەکان و گرەنتى پاراستنى عێراق لە هەر دەستدرێژییەکى دەرەکى.

جەختکردنەوە لە کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت

لەبەرامبەردا هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت، لە دوایین کۆبوونەوەیدا جەختیکردووەتەوە لە پابەندبوون بە کۆکردنەوەى چەک لە 30ـى ئەیلوولى داهاتوو، هۆشداریشى داوەتە گرووپە چەکدارەکان، هەر ڕەفتارێکى دەرەوەى چوارچێوەى دەوڵەت بە گوێرەى یاساى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت.

ڕێککەوتنی عێراق و ئەمریکا

  • کشانەوەی ئەمریکا و کۆتایی ئەرکی سەربازی
  • دەستپێکردنی قۆناغی نوێی هەماهەنگی سەربازیی و ئەمنی نێوان بەغداد و ئەمریکا
  • کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران لە عێراق
  • مەرجی پشتیوانی لە حکومەت بەندە بە چەکداماڵینی گرووچە چەکدارەکان

بەگوێرەى ڕێککەوتنى نێوان عێراق و ئەمریکا، بڕیارە لە 30ـ ئەیلوولى داهاتوو هێزەکانى ئەمریکا، دوایین پێگەکانیان لە هەرێمى کوردستان بکشێنەوە و ئەرکى سەربازیى ئەمریکا کۆتایی بێت. دواى ئەو وادەیەش قۆناغێکى نوێى هەماهەنگى ئەمنى و سەربازى لە نێوان عێراق و ئەمریکا دەستپێدەکات.

لەڕووى سیاسی و ئابووریشەوە، ئەمریکا، دەیەوێت هەژموونى ئێران لە عێراق کەمبکاتەوە، ئەمریکا لە ڕێگەى دەیان ڕێککەوتنى ئابوورییەوە کار بۆ ئەوە دەکات، شوێن بە کۆمپانیاکانى ئێران و چین لە عێراق چۆڵبکات، لە ڕووى سیاسیشەوە، چەکداماڵینى گرووپە چەکدارەکانى کردووەتە مەرجى بەردەوامى پشتیوانییەکانى بۆ عەلى زەیدى سەرۆکوەزیران.

دۆخی ئەمنی 24 کاتژمێری ڕابردوو


هەرچەندە زەیدى لە 24 کاتژمێرى ڕابردوودا دووچارى دۆخێکى دژوار بووەوە، بەڵام بە هەوڵى نێوەندگیرەکان و جموجوڵە سەربازییەکان سەرکەوتوو بوو لەوەى ڕێگەى نەدا مقاوەمەى ئیسلامى وەڵامى هێرشەکەى ئەمریکا و سعودیە بدەنەوە.

فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان لە ڕۆژى پێجشەممەوە هێزە ئەمنى و سەربازییەکانى خستە حاڵەتى ئامادەباشییەوە و ئەو پەیامەى گەیاندە گرووپە چەکدارەکان، لە ئەگەرى هەر هێرشێک بۆسەر وڵاتانى دراوسێ بەهێز مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە و دۆخى ناوخۆیی عێراق، لە بەرژەوەندى عەلى زەیدیدا نیین، بە تێپەڕبوونى کات دەرفەت و

ئاڵۆزبوونی هەلومەرجەکان

هەلومەرجەکان بۆ یەکلاکردنەوەى پرسەکە ئاڵۆزتر دەبن، دەبێت تاوەکو 30 ـى ئەیلوول لە نێوان سێ بژاردەدا بڕیار بدات کامیان هەڵدەبژێرێت؛ یەکەم بەردەوامیدان بە گفتوگۆ لەگەڵ گرووپەکان تاوەکو سەرجەمیان ڕازى دەکات بە چەکدانان، یاخود؛ بەکارهێنانى هێز بۆ ناچارکردنى گرووپەکان بە چەکدانان و هاتنەژێر ڕکێفى دامەزراوە ئەمنى و سەربازییەکانى دەوڵەت. ئەمەش بژاردەیەکى سەختە و مەترسى شەڕى ناوخۆیی هەیە.

لە ئەگەرى بەدینەهاتنى هیچ یەکێک لەم بژاردانە، هیچ بژاردەیەکى دیکەى بۆ نامێنێتەوە جگە لە دەستلەکارکێشانەوە.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

https://channel8.com/kurdish/news/223797

https://channel8.com/kurdish/news/222931

https://channel8.com/kurdish/news/222886

https://channel8.com/kurdish/news/224485

https://channel8.com/kurdish/news/224472

https://channel8.com/kurdish/news/224415

https://channel8.com/kurdish/news/223863

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا