هەفتەی داهاتوو زیاتر لە 76 ملیار دیناری جووتیاران دابەشدەکرێت
پووختەی هەواڵەکە:
- بەغداد 76 ملیار و 294 ملیۆن دیناری وەک شایستەی دارایی گەنمی ساڵی 2025ـی جووتیارانی هەرێم پەسەند کرد.
- بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و دانەوێڵەی سلێمانی پشتڕاستی دەکاتەوە هەفتەی داهاتوو چەکی پارەکە لە سایلۆکان دابەش دەکرێت.
- پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 29 ملیار دینار، هەولێر نزیکەی 25 ملیار دینار و دهۆک سەروو 22 ملیار دینار وەردەگرن.
- شایستەی دارایی گەنمی 2026ـی جووتیارانی هەرێم دەگاتە سەروو 258 ملیار دینار و بەگوێرەی کاتی ڕادەستکردن خەرج دەکرێت.
زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8 کە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بەشێکی زۆری شایستە داراییەکانی گەنمی ساڵی 2025ـی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی خستووەتە سەر ئەژماری سایلۆکان. دابەشکردنی چەکی پارەکە کە کۆی گشتییەکەی سەروو 76 ملیار دینارە، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە بەپێی لیستەکانی وەرگرتن لە هەر سێ پارێزگاکە دەستپێدەکات. هاوکات خەرجکردنی پارەی وەرزی 2026 خراوەتە قۆناغی دووەمەوە و بەستراوەتەوە بە ڕیزبەندیی کاتی ڕادەستکردنی بەرهەمەکان لەسەر ئاستی عێراق.
دابەشبوونی پارەی گەنمی 2025 بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان:
- تەرخانکردنی 29 ملیار و 93 ملیۆن و 449 هەزار دینار بۆ جووتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی.
- تەرخانکردنی 24 ملیار و 815 ملیۆن و 610 هەزار دینار بۆ جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر.
- تەرخانکردنی 22 ملیار و 385 ملیۆن و 125 هەزار دینار بۆ جووتیارانی سنووری پارێزگای دهۆک.
- کەمبوونەوەی پاشەکەوتی پارەی گەنمی ساڵی 2025 لە لایەن بەغدادەوە بۆ تەنیا نزیکەی 7 ملیار دینار لە کۆی گشتیی 301 ملیار دینار.
میکانیزمی خەرجکردنی پارە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە:
بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و دانەوێڵەی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات لە کۆی 500 ملیار دینار، بەغداد 250 ملیار دیناری بۆ شایستەی ساڵی 2026 تەرخانکردووە کە لە قۆناغی یەکەمدا تەنیا بۆ پارێزگای بەغداد خەرجکراوە بەهۆی ئەوەی زووتر لە هەمووان گەنمیان ڕادەستکردووە. بەو پێیەش پارەی وەرزی 2026ـی هەرێمی کوردستان کە بڕەکەی 258 ملیار و 400 ملیۆن دینارە بۆ 400 هەزار تۆن (292 هەزار تۆن لەناو پلان بە نرخی 700 هەزار دینار و 108 هەزار تۆن لە دەرەوەی پلان)، لە قۆناغەکانی داهاتوودا و بەپێی کاتی ڕادەستکردنی گەنمەکە بە سایلۆکان خەرج دەکرێت.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ:
بەغداد 76.2 ملیار دینارى شایستەى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان خەرج دەکات
لە سلێمانى نزیکەى 22 ملیار دینار لە پارەى گەنمى جووتیاران دابەش دەکرێت
وەزیری بازرگانی عێراق: شایستەی جوتیاران کرا بە بودجەی سیادی و مانگانە پارەی گەنم خەرج دەکرێت
29 خولەک پێش ئێستا