وەزارەتی ناوخۆی عێراق: 250 تۆڕی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر هەڵوەشێنرانەوە

شۆڕش محەمەد 43 خولەک پێش ئێستا
لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق
لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق

پووختەی هەواڵەکە

  • وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی 785 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و هەڵوەشاندنەوەی 250 تۆڕی بازرگانیی ڕاگەیاند.
  • لە ماوەی 100 ڕۆژدا بڕیاری دادوەری بۆ زیاتر لە 2 هەزار تۆمەتبار و سزای لەسێدارەدان بۆ 59 کەس دەرچووە.
  • بەپێی ئامارە فەرمییەکان تاوانەکانی ڕفاندن بە ڕێژەی 44% و ناکۆکییە خێڵەکییەکان بە ڕێژەی 71% لە عێراق کەمیان کردووە.

میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، لە ماوەی 100 ڕۆژی ڕابردوودا دەست بەسەر 785 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە و هەر لەو ماوەیەدا 250 تۆڕی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر هەڵوەشێنراونەتەوە.


ئامارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و بڕیارەکانی دادگا

  • لە نێو تۆڕە هەڵوەشێنراوەکانی بازرگانیکردندا، 34 تۆڕیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاریان کردووە.
  • لەو ماوەیەدا بڕیاری دادوەری بۆ 2175 تۆمەتبار دەرچووە، کە 59 تۆمەتباریان سزای لەسێدارەدان و 254 تۆمەتباری دیکە سزای زیندانیی هەتاییان بۆ دەرکراوە.
  • بڕیارە دادوەرییەکان 952 تاوانبار بەگوێرەی ماددەی 28 و 837 بەکارهێنەر و 220 بازرگانی نێودەوڵەتیی ماددەی هۆشبەر لەخۆدەگرن.
  • دەست بەسەر نزیکەی 1770 هەزار حەبی بێهۆشکەر و جۆرەکانی دیکەی وەک کریستاڵ، کاپتاگۆن، حەشیشە، ترامادۆڵ، کۆکاین و هێرۆیندا گیراوە.

کەمبوونەوەی ئاستی تاوان و ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەمان ماوەی 100 ڕۆژی ڕابردووی تەمەنی کابینەی حکومەتدا، ئاستی پێشێلکارییەکان دابەزینی بە بەرچاوی تۆمارکردووە، بە جۆرێک ناکۆکییە خێڵەکییەکان بە ڕێژەی 71% و تاوانی ڕفاندن بە ڕێژەی 44% لە عێراق کەمی کردووە.

زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە ماوەی 100 ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕێگەی لێدانی زەبری کاریگەر لە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و ئەوانەی یاری بە ئاسایشی هاووڵاتییان دەکەن، توانیویانە ژێرخانی سەرەکیی سەرجەم ئەو گرووپ و تۆڕانە تێکبشکێنن کە کاری بازرگانییان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە کردووە.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

دەرکردنی 38 ئەفسەر و 3000 کارمەند لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: باندێکی نێودەوڵەتیی ماددەی هۆشبەرمان دەستگیرکرد

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: لە شەش مانگدا ڕێگریی لە 930 حاڵەتی بە قاچاغبردن کراوە

شۆڕش محەمەد

43 خولەک پێش ئێستا