میدیای سوپای پاسداران ڕەخنەی توند لە عەباس عێراقچى دەگرێت
پووختەی هەواڵەکە:
- تەسنیم: پێویستە ئاغای عێراقچی داوای لێبووردن بکات
- تەسنیم: گفتوگۆی عێراقچی و ویتکۆڤ دیارییەکی گەورەیە بۆ ترەمپ
- تەسنیم: پاساوى کۆبوونەوە لەگەڵ ویتکۆف لاواز و گاڵتەجاڕانەیە
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران، بەهۆی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەمریکییەکان ڕەخنەی توند لە عەباس عێراقچی دەگرێت و داوای لێدەکات داوای لێبووردن لە خەڵکی ئێران بکات.
کۆبوونەوەی عێراقچی و ویتکۆڤ ڕووبەڕووی ڕەخنەی تووندی میدیای نزیک لە سووپای پاسداران بووەوە
- سەرباری ئەوەی میدیای فەرمی ئێران دیارەکەی بە دەستکەوت ناوبردووە، بەڵام میدیای پاسداران بە پێچەوانەوە هێرشی توندى کردە سەر عێراقچی و لە تایتڵى سەرەکیدا نووسراوە "ئاغای عێراقچی لەو بیانووە بێ بەهاترت نەدۆزییەوە".
- ئێران مەرجەکانی خۆی بە نێوەنگیرەکاندا ناردووە، بۆیە هیچ بیانوویەکیش بۆ ئەم دیدار و گفتوگۆیانە نەبووە و دەڵێت "پێویستە ئاغاى عێراقچی ڕوونی بکاتەوە کە بە چ ڕێگەپێدانێک کارێکی لەو شێوەیەى کردووە".
- ئەمریکا هەم لە ڕێگەی هەنگاوە دوژمنکارییەکانییەوە دەیەوێت فشارەکانی بۆ سەر ئێران بەردەوام بێت و هەمیش لە هەوڵدایە بە نمایشی وەک ئەم جۆرە دیدارانە کاریگەرییەکانی ئێران کەمبکاتەوە.
- تەسنیم، لە کۆتاییدا دەڵێت کۆبوونەوەکەی عێراقچی لەگەڵ ویتکۆڤ هەم یارمەتیدەرە بۆ ئامانجەکانى ئەمریکا کە "پاراستن و چڕکردنەوەی فشارەکانە لەسەر ئێران و کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر خۆی.
دوای کۆبوونەوەى عەباس عێراقچی لە نیویۆرک لەگەڵ ستیڤ ویتکۆڤ نێردەی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندی ئەمریکی، میدیاکانی حکومەتى ئێران کۆبوونەوەکەیان بە "دەستکەوت" ناوبردو ڕایانگەیاند، هۆکاری ڕەزامەندبوونى عێراقچى بۆ داواکاریی ویتکۆف بۆ کۆبوونەوە، گەیاندنی مەرجەکانی ئێران بووە بۆ کردنەوەی گەرووی هوورمز.
بەڵام ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران، بە پێچەوانەوە هێرشی توندى کردە سەر عێراقچی و لە تایتڵى سەرەکیدا نووسراوە "ئاغای عێراقچی لەو بیانووە بێ بەهاترت نەدۆزییەوە".
" هیچ بیانوویەکیش بۆ ئەم دیدار و گفتوگۆیانە نەبووە"
تەسنیم لە درێژەی بابەتەکەدا نووسیویەتی ئەو کۆبوونەوەی "ئاغای عێراقچی" لە کاتێکدا بووە کە لە دوو هەفتەی ڕابردوو ئێران بە ئاشکرا مەرجەکانی خۆی لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانییەوە بۆ ئەمریکا ناردووە هەموو مەرجەکانی ئێران ڕوون و هیچ بیانوویەکیش بۆ ئەم دیدار و گفتوگۆیانە نەبووە و دەڵێت "پێویستە ئاغاى عێراقچی ڕوونی بکاتەوە کە بە چ ڕێگەپێدانێک کارێکی لەو شێوەیەى کردووە".
گووتەکانی عێراقچی بە پاساوی لاواز ناو دەبات
تەسنیم باسیلەوەشکردووە، عێراقچی، دەڵێت لەسەر داوا و پێداگری ویتکۆڤ ئەو کۆبوونەوەی کردووە، ئەوەشى بە پاساوێکى "لاواز و گاڵتەجاڕانە" ناوبردووە، بۆ ئەوەش بە تەنزەوە دەڵێت "ئەمەش واتای ئەوەی لایەنی بەرامبەر هەر تاوانێک ویستی بیکات و لە هەمان کات بەردەوام بێت لەم ڕۆژانەدا جگە لە گەمارۆى دەریایى و ئاسمانى، بەڵام ئێمە ئەوەندە ڕۆمانسی و خەیاڵین پێداگرییەکانیان بە بەهەند وەربگرین و گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین".
بە گوتەی تەسنیم، ئەمریکا هەم لە ڕێگەی هەنگاوە دوژمنکارییەکانییەوە دەیەوێت فشارەکانی بۆ سەر ئێران بەردەوام بێت و هەمیش لە لایەکی دیکەوە لە هەوڵدایە بە نمایشی وەک ئەم جۆرە دیدارانە کاریگەرییەکانی ئێران کەمبکاتەوە وەک دەسەڵاتی بەسەر گەرووی هوورمز.
"کۆبوونەوەکەی عێراقچی لەگەڵ ویتکۆڤ هەم یارمەتیدەرە بۆ ئامانجەکانى ئەمریکا"
تەسنیم، لە کۆتاییدا دەڵێت کۆبوونەوەکەی عێراقچی لەگەڵ ویتکۆڤ هەم یارمەتیدەرە بۆ ئامانجەکانى ئەمریکا کە "پاراستن و چڕکردنەوەی فشارەکانە لەسەر ئێران و کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر خۆی" هەروەها مانایەکی خراپی هەیە، ئەویش ئەوەیە تاران سەرەڕای بەردەوامی فشارەکانی دوژمن لەسەری ئامادەیە پێداگرییەکانی ئەمریکا قبوڵ بکات.
" ئێستا کاتێکی چارەنووسازە بۆ ئێران"
تەسنیم، لە کۆتاییدا نووسییویەتی، ئێستا کاتێکی چارەنووسازە بۆ ئێران، ئەمریکا پێداگرە لەسەر زیادکردنی فشارە مەیدانییەکانى و جەنگی دەروونی، دەیەوێت لەو ڕێگایانەوە ئێران خۆی بە دەستەوە بدات، بەڵام دەبێت ئێران بەردەوام پیشانی بدات کە تاوەکو کۆتا هەناسە بەرامبەر دوژمنەکانی دەوەستێت.
ئەو دەڵێت، ئەم جۆرە دیدار و گفتوگۆیانەی نێوان عێراقچی و ویتکۆڤ دیارییەکی گەورەیە بۆ ترەمپ لەم کاتەدا، پێوستە ئاغای عێراقچی هیچ نەبێت بە فەرمی داوای لێبووردن بکات.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
پزیشکیان: ناکرێت ڕێگە بە هاتوچۆی دەریایی لە هوورمز بدەین لەکاتێکدا هێرشمان دەکرێتەسەر
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران بابەتی گەرمی دانیشتنەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بوون
گوتەبێژی سوپای پاسداران: ئێران مەرجەکانی بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ قورستر کردووە
1 کاتژمێر پێش ئێستا