عەلى زەیدى لەگەڵ نوێنەرى بانک و دامەزراوە داراییەکانى ئەمریکا کۆبووەوە
رێبوار حەمەوەیس 52 خولەک پێش ئێستا
پووختەى هەواڵەکە
- عەلى زەیدى لەگەڵ نوێنەرى بانک و دامەزراوە داراییەکانى ئەمریکا کۆبووەوە
- زەیدى: عێراق دەیەوێت هاوبەشییەکى کارا لەگەڵ بانک و دامەزراوەکانى ئەمریکا بونیادبنێت
نووسینگەى ڕاگەیاندنى سەرۆکوەزیران بڵاویکردەوە، بە سەرپەرشتیی عەلى زەیدى سەرۆکوەزیران، نوێنەرایەتیی هەمیشەیی عێراق لە نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ نوێنەرى بانک و دامەزراوە داراییەکانى ئەمریکا و ژمارەیەک لە بەرپرسان و پسپۆڕانى بوارى دارایی و ئابوورى و نوێنەرى بانکەکانى عێراق ڕێکخستووە.
ناوەڕۆکى دیدارەکەى زەیدى
- زەیدى لە دیدارەکەدا ڕایگەیاند، عێراق قۆناغێکى نوێ بەخۆیەوە دەبینێت لە گواستنەوەى ئابوورى و چاکسازیی دارایی و بانکى.
- هەروەها هۆکارى بەشێک لە لاوازییەکانى کەرتى بانکیی عێراقى لە ساڵانى ڕابردوودا گەڕاندەوە بۆ سنووردارى کرانەوە و پەیوەندى بەستن لەگەڵ سیستمى بانکیی نێودەوڵەتى بەتایبەت بانکە ئەمریکییەکان.
- زەیدى داواى لە بانکەکانى ئەمریکا کرد، بەشداریی بکەن لە بونیادنانى داهاتووى ئابوورییەکى نوێ بۆ عێراق.
- دووپاتیشکردەوە، هاتنى بانکە ئەمریکییەکان بۆ ناو بازاڕى عێراق دەبێتە گواستنەوەیەکى جۆرى لە پەرەپێدانى کەرتى بانکى و بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ سیستمى دارایی جیهانى و بەرزکردنەوەى تواناى مامەڵە دارایی و بانکییەکان.
- سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاشکراشیکرد، ئەمڕۆ عێراق لەبەردەم قۆناغێکى نوێى ئابووریدایە، ڕۆژانە چوار ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، سیاسەتى حکومەتى عێراق بە ئاڕاستەى بەرزکردنەوەى بەرهەمى نەوتە بۆ10 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.
- دووپاتیشیکردەوە، عێراق کراوەیە بەڕووى کۆمپانیا و بانکە ئەمریکی و جیهانییەکان.
- حکومەت کار دەکات بۆ ڕەخساندنى ژینگەیەکى سەرنجڕاکێش و پێشکەشکردنى ئاسانکاریی پێویست بۆ وەبەرهێنەران.
- ڕوونیشیکردەوە، دەرفەتێکى زۆر لەبەردەم بانکە ئەمریکییەکاندا هەیە بۆ بەشداریی لە ئابووریی عێراق و پارەدارکردنى پرۆژەکانى وەبەرهێنان لە تەواوى کەرتە جیاوازەکان.
- گوتیشى، حکومەت چاوى لەوەیە هاوبەشییەکى کارا لەگەڵ بانکە ئەمریکییەکان بونیادبنێت، بەجۆرێک بەشداربێت لە پەرەپێدانى کەرتى بانکیی عێراق و بەستنەوەى ئابووریی عێراق بەشێوەیەکى کارا بەسیستمى دارایی و ئابووریی جیهان.
ئەوە لە کاتێکدایە، عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، لە 21ـى ئەیلوولی 2026، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا بەرەو نیویۆرک بەڕێکەوت. ئەم گەشتەی بەمەبەستی بەشداریکردنە لە خولی 81ـى کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. هاوکات چەندین دیدار و کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان، لەوانەش دۆناڵد ترەمپ، ئەنجامدا.
زانیارى زیاتر بۆ تۆ
دیدار و کۆبوونەوەکانى عەلى زەیدى لە ئەمریکا بەردەوامن
زەیدی بەشداریی کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات و لەگەڵ ترەمپ کۆدەبێتەوە
رێبوار حەمەوەیس
52 خولەک پێش ئێستا