ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی لەسەر پێدانی زەوی بە ڕۆژنامەوانان دەربڕی

ئارا ئیبراهیم 1 کاتژمێر پێش ئێستا
زەوی ئامادەکراو بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەراندا
زەوی ئامادەکراو بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەراندا

پووختەی هەواڵەکە

  • ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ پێدانی زەوی بە ڕۆژنامەوانان و ئێستا ناوەکان بۆ وەزارەتی شارەوانی نێردراون.
  • لە نێوان 950 بۆ 1000 ڕۆژنامەوان فۆڕمیان پڕکردووەتەوە و لە وەرگرتنی زەویدا ئەولەویەت بە ڕۆژنامەوانانی کەرتی تایبەت دەدرێت.
  • دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشیناندا، لە شارەوانییەکان دەست بە پێدانی زەوی بە ڕۆژنامەوانان دەکرێت.

بەگوێرەی زانیاریی کە بە کەناڵ8 گەیشتووە، لەسەر بنەمای یاسای ڕۆژنامەگەری، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی نیشانداوە هاوشێوەی فەرمانبەران زەوی بەسەر ڕۆژنامەواناندا دابەشبکرێت؛ ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، ئێستا ناوەکان ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کراون بۆ دەستپێکردنی ڕێکارە یاساییەکان.


مەرج و ڕێکارەکانی پێدانی زەوی بە ڕۆژنامەوانان

  • بەگوێرەی یاسای ژمارە 35ـی یاسای رۆژنامەگەری لە کوردستان، ڕۆژنامەوانان وەک فەرمانبەران مافی وەرگرتنی پارچە زەوییان هەیە.
  • لە نێوان 950 بۆ 1000 ڕۆژنامەوان لە ڕێگەی لقەکانی سەندیکاوە لە پارێزگاکان فۆڕمی وەرگرتنی زەوییان پڕکردووەتەوە.
  • فۆڕمەکان سەرەتا ڕادەستی وەزارەتی شارەوانی کراون و دواتریش وەزارەت پڕۆژەکەی بۆ پەسەندکردن ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە.
  • لە پڕۆسەی دابەشکردنی زەوییەکەدا، کاری لەپێشینە بۆ ئەو ڕۆژنامەوانانە دەبێت کە ئەندامی کارای سەندیکان و فەرمانبەری حکومەت نین.

کاتی دەستپێکردنی دابەشکردنی زەوییەکان

سەبارەت بە وادەی جێبەجێکردنی بڕیارەکە، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ئاشکرای کرد کە ئێستا وەزارەتی شارەوانی سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوییە بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان، هەربۆیە دەستبەجێ دوای تەواوبوونی ئەو پڕۆسەیە لە شارەوانییەکان، ڕێکارەکانی پێدانی زەوی بە ڕۆژنامەوانانی کەرتی تایبەت دەستپێدەکات، چونکە ڕۆژنامەوانانی کەرتی گشتی پێشتر لە ڕێگەی فەرمانگەکانی خۆیانەوە ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی تۆمار کراوە.

زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە ئێستادا زیاتر لە 8 هەزار ئەندامی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و لقەکانی کەرکووک، نەینەوا و بەغداد هەیە؛ هاوکات ئەندامانی سەندیکاکەش بەگوێرەی پەیڕەو بەسەر سێ جۆری سەرەکیدا دابەشبوون کە پێکهاتوون لە ئەندامانی کارا، بەشدار و مەشقکار.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

قۆناغێکی دیکەی پێدانی زەوی بە ئەفسەر و پلەدارانی پێشمەرگە دەستپێدەکات

سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی: خۆمان بۆ قۆناغی داهاتووی دابەشکردنی زەوی ئامادە دەکەین

شارەوانیی سلێمانی 4 هەزار پارچە زەویی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکات

حکومەتی عێراق سەکۆی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی ڕادەگەیەنێت

ئارا ئیبراهیم

1 کاتژمێر پێش ئێستا