سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی: خۆمان بۆ قۆناغی داهاتووی دابەشکردنی زەوی ئامادە دەکەین

کیژان مەحمود 1 کاتژمێر پێش ئێستا
لەیلا عومەر، سەرۆکى شارەوانیى سلێمانى
لەیلا عومەر، سەرۆکى شارەوانیى سلێمانى

 پووختەی هەواڵەکە:

  • لەیلا عومەر: نیگەرانین لە خاو بەڕێوەچوونى کارەکانى گۆڕینى ڕەگەزى زەوییەکان
  • بە گوێرەی ڕێنماییەکان دەبوایە پێش ئیفرازکردن زەوییەکان خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی هەبوایە
  • پرۆسەکە پێچەوانەیە زەوییەکە ئیفراز دەکرێت دواتر خزمەتگوزاری بۆ دابیندەکرێت


زانیارییەک گەیشتووەتە کەناڵ8، کە سەرەڕای بوونی تێبینی لەسەر چۆنیەتی زەوی دابەشکردن، بەڵام پرۆسەکە  لە پارێزگای سلێمانی بەردەوامە و زیاتر لە 23 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراوە.



لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، هەرچەندە بەگوێرەی ڕێنمایەکان، دەبێت زەوییەکان خزمەتگوزاریی ئاو، ئاوەڕۆ، قیر و کۆنکرێتی بۆ دابینبکرێت دواتر ئیفراز بکرێت، بەڵام ئێستا ئەو پرۆسەیە پێچەوانەیە، زەوییەکە ئیفراز دەکرێت، دواتر خزمەتگوزاریی بۆ دابیندەکرێت.

ئامادەکارییەکان لە زاری سەرۆکی شارەوانی سلێمانییەوە

  •  خۆئامادەکردن بۆ قۆناغی داهاتووی دابەشکردنی زەوی
  • نیگەرانی لە خاو وەڵامدانەوەی وەزارەتەکانی دارایی و کشتوکاڵ


سەرۆکى شارەوانیی سلێمانی گوتیشى، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ قۆناغی داهاتووی دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو شوێنانەی کە ڕێکارەکانیان تەواوکراوە.
لەیلا عومەر باسی لەوەشکرد، نیگەرانن لە خاو وەڵامدانەوەی هەردوو وەزارەتى دارایی و کشتوکاڵ، بۆ دەستهەڵگرتن لە زەوییەکان، تاوەکو شارەوانی بتوانێت مامەڵەیان پێوەبکات و پڕۆسەکە خێرا بکرێت.

لە بارەی تاپۆکردنی خانووەکانی گەڕەکی تووە سپی

لەبارەی تاپۆکردنی خانووەکانی تووەسپی، لەیلا عومەر ئەوەی خستەڕوو، دەبێت ئەو ناوچانە بهێنرێنە ناو سنووری سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانییەوە و دواتر زەوییەکان تاپۆدەکرێن، گوتیشی، لەئێستادا هەوڵەکانیان بۆ تاپۆکردنى خانووەکانى ئەو گەڕەکە بەردەوامە و دواى بڵاوکردنەوەى، تانە لەسەر تاپۆکردنى خانوو و زەوییەکان نەبوو، کارەکان دەستپێدەکەن.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

لەیلا عومەر: دەتوانین لەسەر داهاتی شارەوانیی سلێمانی پڕۆژە بکەین بەڵام لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕێگریمان لێدەکرێت

لەیلا عومەر: لە سلێمانی 20 هەزار پارچە زەوى دابەشدەکرێن

لەیلا عومەر بۆ کەناڵ8: زەوی ئیفرازکراومان بۆ هەموو فەرمانبەران نییە

شارەوانیى سلێمانى: لە ئەمڕۆوە 13 هەزار پارچە زەوى تاپۆ دەکەین

قۆناغى پێنجەمى دابەشکردنى زەوى لە سلێمانى دەستپێدەکات

کیژان مەحمود

1 کاتژمێر پێش ئێستا