لە 1925ـەوە تاوەکو 2026؛ بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق چۆن گۆڕاوە؟
پووختەی هەواڵەکە:
- بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق دوای دابەزینی بەهۆی جەنگەوە بۆ 3 ملیۆن بەرمیل بەرزبووەوە.
- لە شوباتی ئەمساڵ بەرهەمهێنانی ڕۆژانە گەیشتبووە 4 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل.
- مێژووی دەرهێنانی نەوت لە کەرکووک لە ساڵی 1927 بە 10 هەزار بەرمیل دەستیپێکرد.
- جەنگ و گەمارۆ ئابوورییەکان لە ماوەی سەدەیەکدا ئاستی بەرهەمهێنانیان بەردەوام دابەزاندووە.
کەرتی نەوتی عێراق لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا بە چەندین هەڵکشان و داڕمانی گەورەدا تێپەڕیوە و ئاستی بەرهەمهێنان لە 10 هەزار بەرمیلەوە بۆ لوتکەی 4.5 ملیۆن بەرمیل ڕۆژانە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. سەرەڕای پاشەکشەی توندی ئەمساڵ بەهۆی جەنگی هەرێمی و کشانەوەی کۆمپانیا بیانییەکان، بەرهەمهێنانی نەوت لە کۆتایی ئەیلوولدا بۆ 3 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بەرزبووەتەوە.
وێستگە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق (1925 – 2026):
- 1925 – 1934: دەستپێکردنی گەڕان لە کەرکووک، بەرهەمهێنانی 5 بۆ 10 هەزار بەرمیل لە کێڵگەی باباگوڕگوڕ و بەرزبوونەوەی بۆ 70 هەزار بەرمیل لە ڕێگەی بۆرییەکانی حەیفا و تەڕابلوس.
- 1946 – 1961: گەشەکردنی کێڵگەکانی باکوور لە 150 هەزار بەرمیلەوە بۆ 700 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
- 1970 – 1980: فراوانبوونی بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی باشوور، خۆماڵیکردنی نەوت لە ساڵی 1972 بە 1.7 ملیۆن بەرمیل و گەیشتن بە 3.5 ملیۆن بەرمیل لە ساڵی 1980دا.
- 1996 – 2002: جێبەجێکردنی پڕۆگرامی نەوت بەرامبەر خۆراک بە بڕی 1 ملیۆن بەرمیل و دواتر بەرزبوونەوەی بۆ 2.5 ملیۆن بەرمیل پێش ساڵی 2003.
- 2003 – 2019: گەڕانەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و بەرزبوونەوەی بەرهەم بۆ 4.4 ملیۆن بەرمیل دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی کێڵگەکانی کەرکووک لە دەستی داعش.
- 2021 – 2026: تۆمارکردنی لوتکەی مێژوویی بە 4.5 ملیۆن بەرمیل و دواتر دابەزینی بۆ 1.5 ملیۆن بەرمیل لە ئازاری 2026، بەر لەوەی لە ئەیلوولدا بگاتەوە 3 ملیۆن بەرمیل.
کاریگەریی ململانێ سەربازییەکان لەسەر کەرتی نەوتی عێراق:
داتاکان دەریدەخەن کە جەنگە یەک لەدوای یەکەکان هەمیشە هۆکاری سەرەکیی داڕمانی بەرهەمهێنانی نەوت بوون؛ لە جەنگی ئێران-عێراق لەنێوان 1981 بۆ 1985 ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 900 هەزار بەرمیل دابەزی، دواتریش بەهۆی جەنگی کەنداو لە ساڵی 1991 گەیشتە نزمترین ئاستی مێژوویی بە 300 هەزار بەرمیل. هەروەها پەلامارەکانی داعش لە ساڵی 2014دا بەرهەمی عێراقی بۆ 2.8 ملیۆن بەرمیل کەمکردەوە. لە ساڵی 2026ـیشدا بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران و کشانەوەی کۆمپانیا بیانییەکان، بەرهەمهێنانی ڕۆژانە لە 4.3 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ خوار 2 ملیۆن بەرمیل لە نێوان مانگەکانی شوبات و حوزەیراندا دابەزی بەر لەوەی دەست بە بووژانەوە بکات.
مێژووی پیشەسازیی نەوتی عێراق بە فەرمی لە ساڵی 1927 بە دۆزینەوەی یەکەمین بیری نەوت لە باباگوڕگوڕ دەستیپێکرد، کە عێراقی خستە ناو ڕیزبەندی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت لە جیهاندا. لە ساڵی 1972 پرۆسەی خۆماڵیکردنی نەوت ئەنجامدرا و کۆنتڕۆڵی کێڵگەکان لە دەستی کۆمپانیا بیانییەکان دەرهێنرا و ڕادەستی کەرتی گشتی کرا.
دوای ساڵی 2003 و هەڵگرتنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق لە ڕێگەی چەندین گەڕی مۆڵەتدانەوە کەرتی نەوتی بەڕووی کۆمپانیا جیهانییەکاندا کردەوە بۆ پەرەپێدانی کێڵگە گەورەکانی باشوور، ئەمەش وایکرد عێراق ببێتە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری ڕێکخراوی ئۆپێک لە دوای عەرەبستانی سعوودیە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ:
عەلى زەیدى: بەرهەمهێنانى نەوت دەگەیێنینە 10 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا
وەزیرانی نەوت و دارایی بۆ دیاریکردنی نرخی بەرمیلێک نەوت لە بودجەی 2027دا کۆبوونەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا