لە هەولێر و دهۆک ساڵانەى ئۆتۆمبێل بە دیجیتاڵى کرا
پووختەی هەواڵەکە:
- ساڵانەی ئۆتۆمبێل لە شێوەی کارتێکی بچووک و بە سیستمی دیجیتاڵی دەردەهێنرێت.
- جێبەجێکردنی سیستمەکە لە سلێمانی و هەڵەبجە پێویستی بە تەواوبوونی ژێرخان هەیە.
- شۆفێران دەتوانن بەشێک لە مامەڵەکانی بەناوکردن لەڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە جێبەجێ بکەن.
- سێ جۆر ئۆتۆمبێلی بڕاوە، سووتاو و ژێرئاوکەوتوو بە هیچ شێوەیەک تۆمار ناکرێن.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پرۆسەی بەدیجیتاڵیکردنی ساڵانەی ئۆتۆمبێلی دەستپێکردووە و لە هەنگاوی یەکەمدا بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە هەولێر کەوتووەتە کار، لە کاتێکدا ئامادەکاریی تەکنیکی دەکرێت تا هاوشێوەی مۆڵەتی شۆفێری سیستمی کارتی نوێ بگەیەنرێتە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
ڕوونکردنەوە و ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ:
- هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا و لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 ڕایگەیاند:
- ساڵانەی نوێی ئۆتۆمبێل دەبێتە کارتێکی ئەلیکترۆنیی ستاندارد و ڕێگری دەکات لە هەر ساختەکارییەک لە مامەڵەی گواستنەوەی خاوەندارێتیدا.
- هاووڵاتییان دەتوانن لەڕێگەی مۆبایل یان لاپتۆپەوە هەنگاوەکانی دەرهێنان و گۆڕینی مامەڵەی خاوەندارێتی بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجام بدەن.
- لە سلێمانی باڵەخانەی تایبەت بە پرۆژەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە، لە هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕینیش ژێرخانی پێویست ئامادە دەکرێت.
- هەر هاووڵاتییەک ئۆتۆمبێل بکڕێت پێویستە لە ماوەی 90 ڕۆژدا خاوەندارێتییەکەی بگوازێتەوە سەر ناوی خۆی.
- بەگوێرەی ڕێنماییەکان، ئۆتۆمبێلی بڕاوە، سووتاو و ژێرئاوکەوتوو بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتی تۆمار ناکرێن.
هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد و لایەنە پەیوەندیدارەکان:
لە بەشێکی دیکەی هەماهەنگییە کارگێڕییەکاندا، پەیوەندیی فەرمی لەنێوان وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە دۆسیەی هاتوچۆدا بەردەوامە؛ سیستمی تۆمارکردنی سەرپێچییەکان بە شێوەی هاوبەش کار دەکات و سەرپێچیی ئۆتۆمبێلەکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی عێراق تۆمار دەکرێت و بەپێچەوانەشەوە، لە هەمان کاتدا کار دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا لەڕێگەی مۆبایلەوە سیستمی پێدانی پارەی سەرپێچییەکان لە ئەپڵیکەیشنی "کەی ئاڕ دی پاس" چالاک بکرێت.
پێشینە و ئامادەکارییە تەکنیکییەکان:
لە ئێستادا لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر سیستمی دیجیتاڵی بۆ تۆمارکردن و بەناوکردنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر ڕاگەیەندراوە و کار دەکرێت بۆ فراوانکردنی سیستمەکە بۆ سنووری زاخۆ و سۆران؛ هاوکات وەزارەتی ناوخۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) بۆ تیمەکانی بەرگریی شارستانی دابینکردووە و ڕاهێنانی پێویستیان پێکراوە، بەڵام بەهۆی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و ڕەوشی جەنگەوە تاوەکو ئێستا نەخراونەتە قۆناغی بەکارهێنانی مەیدانییەوە.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ:
حکومەت 250 کارمەند بۆ سیستمی نوێی ساڵانەی ئۆتۆمبێل دادەمەزرێنێت
بەشى مۆڵەت لە هاتوچۆى سلێمانى لە شەفتى ئێوارانیش دەوام دەکات
جیاکاریی وەزارەتی ناوخۆ لە نێوان هاتوچۆی سلێمانی و هەولێر و دهۆک
51 خولەک پێش ئێستا