لەهەرێمی کوردستان تیروپشککرا و ناوی 5 هەزار کەس بۆ حەج ڕاگەیێنرا
پووختەی هەواڵەکە
- لە ڕێوڕەسمێکدا تیروپشک بۆ ناوی پێنج هەزار و 120 حاجی بۆ ساڵانی 2027 و 2028 ئەنجامدرا و ناوی دەرچووان لە ڕێگەی نامەوە ئاگادارکرانەوە.
- لە کۆی 80 هەزار و 965 داواکاری، زۆرترین پێشکەشکردن لەلایەن پیاوانەوە بووە و ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان 53 بۆ 59 ساڵیدایە زۆرترین ڕێژەیان پێکهێناوە.
- سیستمەکە بەگوێرەی ڕێژەی دانیشتووانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ناوەکان دیاریدەکات و بەشێکی زۆری دەرفەتەکانیش بە کەسانی بەتەمەن دراون.
کاروان ستوونى، گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى گشتیی حەج و عومرەى هەرێمى کوردستان لەوبارەیەوە بە کەناڵ8ـى گوت، تیروپشکی ناوی حاجیان بۆ ساڵانی 2027 و 2028 بەڕێوەچوو، کە تێیدا ناوی پێنج هەزار و 120 هاووڵاتی ڕاگەیەندرا و ڕاستەوخۆ سەرجەم ئەو کەسانەی ناویان دەرچووە بە کورتەنامە لە دەرچوونی ناویان ئاگادار کراونەتەوە.
وردەکاریی پێشکەشکردنی داواکارییەکان بۆ حەج
- کۆی گشتیی ئەو داواکارییانەی پێشکەشکرابوون گەیشتبووە 80 هەزار و 965 داواکاری بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج.
- لە کۆی گشتیی داواکارییەکان، 62 هەزاریان داواکاریی نوێ بوون و 56 هەزار و 923 داواکاریش هی ئەو کەسانە بووە کە دوو ساڵ لەسەریەک ناویان تۆمارکردووە و چانسی دەرچوونیان زیاتر بووە.
- ڕێژەی بەشداریی پیاوان زیاتر بووە کە گەیشتووەتە سەرووی 54٪، لە بەرامبەردا ڕێژەی ژنان 45٪ـی داواکارییەکان بووە.
- لە ڕووی ژمارەییەوە پیاوان بە 28 هەزار و 96 داواکاری و ژنان بە 13 هەزار و 855 داواکاری بەشدارییان لە تیروپشکەکەدا کردووە.
- ئەو ژنانەی لەگەڵ مەحرەمدا ناویان نووسیوە ژمارەیان 30 هەزار و 368 داواکاری بووە و زیاتر لە دوو هەزار داواکاریش لەلایەن ئەو ژنانەوە پێشکەشکراوە کە مەحرەمەکەیان پێشتر حەجی کردووە.
شێوازی هەڵبژاردن و تەمەنی پێشکەشکاران
بەگوێرەی ئامارەکان، زۆرترین داواکاریی بەپێی تەمەن لەنێوان 53 بۆ 59 ساڵیدا تۆمارکراوە و کەمترین داواکاریش لەنێوان تەمەنی 18 بۆ 25 ساڵدا بووە، هاوکات سیستمی دەستنیشانکردنی ناوەکان لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووانی هەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ کاردەکات و پشکی شێریش دراوەتە کەسانی بەتەمەن تاوەکو چانسی زیاتریان بۆ ناوهاتنەوە هەبێت.
زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە
بۆ بەجێهێنانی فەریزەکە لە ساڵی 2027، دوو هەزار و 400 کەس لەو هاووڵاتییانەی ساڵی ڕابردوو وەک یەدەگ مابوونەوە و گەشتیان نەکردبوو مافی ئەنجامدانی حەجیان پێدراوە، دوو هەزار و 600 کەسی دیکەش لە ڕێگەی تیروپشکی نوێوە دیاریکراون، تاوەکو لەگەڵ یەدەگەکاندا کۆی پێنج هەزار و 120 بەشداربووەکەی هەردوو ساڵی دیاریکراو پێکبهێنن.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
هەفتەی داهاتوو تیروپشک بۆ ناوی حیاجیان دەکرێت
حەج و عومرەى هەرێمى کوردستان: سەرەتاى مانگى داهاتوو تیروپشک بۆ ناوى حاجییان دەکرێت
37 خولەک پێش ئێستا