عەلى زەیدى قۆناغى سەروەریی عێراقى ڕاگەیاند

رێبوار حەمەوەیس 3 کاتژمێر پێش ئێستا
عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە میانى پێشکەشکردنى وتارى کۆنگرەى ڕۆژى سەروەرى
عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە میانى پێشکەشکردنى وتارى کۆنگرەى ڕۆژى سەروەرى

پووختەى هەواڵەکە

  • عەلى زەیدى: دۆسیەى چەک بەگوێرەى خشتەیەکى زەمەنى کۆنتڕۆڵ دەکرێت.
  • عەلی زەیدی: ڕێککەوتوین لەسەر کشانەوەی هێزەکانی تورکیا و پەکەکە لە عێراق.
  • زەیدی: یەکخستنی پێشمەرگە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی بڕیاری ئەمنی و سەربازی.
  • زەیدی: نابێت هیچ جۆرە ئۆپۆزسیۆنێکی چەکداری بیانی لەسەر خاکی عێراق بمێنێت.
  • عەلى زەیدى ستایشى ئەو گرووپانەى کرد کە پابەندبوونیان بە چارەسەرکردنى دۆسیەى چەک ڕاگەیاندووە.
  • زەیدى داواى لە گرووپەکانى دیکە کرد هەمان پابەندى پیشان بدەن.

بە سەرپەرشتیی عەلى زەیدى سەرۆکوەزیران و بە ئامادەبوونى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران و ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکان و سەرۆکى نێردە دیپلۆماسییەکان، کۆنگرەى ڕۆژى سەروەرى لە بەغداد بەڕێوەچوو.


وتارى عەلى زەیدى لە کۆنگرەى ڕۆژى سەروەرى

  • زەیدى: سەروەریى بەدەستهاتووى عێراق، لە کۆمەڵێک فاکتى نیشتمانى تەواوکراودا بەرجەستە دەبێت لەوانە؛ کشانەوەى هێزە بیانییەکان و کۆتاییهاتنى تەواوەتى ئەرکى هاوپەیمانان لە عێراق.
  • ڕێککەوتن لەسەر کشانەوەى هێزەکانى تورکیا و ئەندامانى پارتى کرێکارانى کوردستان و کۆتاییهێنان بە بوونى گرووپە چەکدارە بیانییەکان لەسەر خاکى عێراق.
  • یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە کە دەبێتە مایەى بەهێزکردنى یەکێتیى بڕیارى ئەمنى و سەربازى.
  • بوونى هەر ئۆپۆزسیۆنێکى بیانى چەکدار لەسەر خاکى عێراق کۆتایی هاتووە و ڕێگەنادەن بە بەکارهێنانى خاکى عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانى دراوسێ.
  • دۆسیەى چەک بە گوێرەى دەستوور و یاسا و خشتەیەکى زەمەنى ڕێککەوتن لەسەرکراو کۆنتڕۆڵکراوە.
  • دۆخى گرووپەکان و تێکەڵکردنیان لە چوارچێوەى دامەزراوەکانى دەوڵەت چارەسەر دەکرێت.

    سەرۆکوەزیران ڕاشیگەیاند، هەنگاودەنێن بۆ بونیادنانى سیستمێکى بەرگریی ئاسمانیى نیشتمانیى گشتگیر، کە دەبێتە مایەى بەهێزکردنى تواناى عێراق بۆ پاراستنى ئاسمان و سەروەییەکەى.

    زەیدى ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ دەستپێکردنى قۆناغى سەروەرى ڕادەگەیەنن کە دەوڵەت پارێزەریەتى و یاسا گرەنتیی دەکات و هەموو عێراقییەکان بەشدارن تیایدا.

    هەروەها ستایشى هەڵوێستى ئەو گرووپانەشى کرد پابەندبوونیان ڕاگەیاندووە بە چارەسەرکردنى دۆسیەى چەک بەگوێرەى دەستوور و خشتەیەکى زەمەنى کە حکومەت دایناوە، گوتیشى، چاوەڕێن گرووپەکانى دیکەش هەمان پابەندبوونیان هەبێت.

زانیارى زیاتر بۆ تۆ

عەلى زەیدی: ئەمڕۆ دەستپێکێکی جددی دەبێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی چەکی دەرەوەی دەسەڵات

زەیدی: عێراق چووەتە سەردەمێکی نوێوە

رێبوار حەمەوەیس

3 کاتژمێر پێش ئێستا