زەیدی: عێراق چووەتە سەردەمێکی نوێوە
پووختەى هەواڵەکە
- زەیدی: عێراق چووەتە سەردەمێکی نوێوە.
- زەیدی: سەروەری مانای بوونی چەکە لە دەستی دەوڵەت.
- زەیدى بۆ گرووپەکان: وەرن لە دڵی دەوڵەتدا بن نەوەک لە دەرەوەی دەوڵەت.
- زەیدی: بەڵێنم داوە هیچ مووچە و دەرماڵەیەکی دەوڵەت وەرنەگرم.
عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە وتارێکدا بە بۆنەی ڕۆژی سەروەری و کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان ڕایگەیاند، "سەردەمێکی نوێ ڕادەگەیێنن، عێراق لە گۆڕەپانی ململانێەکانەوە دەچێتە قۆناغی وڵاتێک، کە بڕیاری تەواوەتی لەدەستی خۆیدایە و پارێزگاری لە خاک و سەروەری خۆی دەکات.
ناوەڕۆکى پەیامەکەى زەیدى
- "عێراقییەکان باجێکی گەورەیان داوە، چەکەکان پێشتر جۆراوجۆر بوون، عێراق گۆڕەپانی لایەنی دیکە بوو، لەبڕی ئەوەی نیشتمانێکی پارێزراو بێت بۆ ڕۆڵەکانی".
- عەلی زەیدی: سوپاسی مەرجەعیەتی نەجەف دەکەم بۆ هەڵوێستەکانی لە بەرگریکردن لە عێراق و گەلەکەی.
- ئەمڕۆ ڕێز لە شەهید و بریندارەکانیان دەگرن، ستایشی سوپا، پۆلیس، دژەتیرۆر، حەشدی شەعبی و پێشمەرگە و تەواوی هێزە چەکدار و ئەمنییەکان بۆ هەوڵەکانیان.
- زەیدی: هەڵوێستی ئەو هێزە سیاسییانە بەرز دەنرخێنم، کە یەکە شەڕەکەرەکانیان خستووەتە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە.
- پەیامێکی ئاڕاستەی ئەو چەکدارانەش کرد لەپێناو نیشتماندا جەنگاون و گوتی "وەرن لە دڵی دەوڵەتدا بن، نەوەک لە دەرەوەی دەوڵەت".
- "جێگەی چەک و ئەندامەکانیان لەناو دەوڵەت و دامەزراوەکانە، با شارەزای و قوربانییەکانیان خزمەتێکی زیاتر بە عێراق و نیشتمان و یەک ئاڵا و یەک بڕیاری سەربازی و ئەمنی بکات".
- عەلى زەیدى: دەوڵەت ڕۆڵەکانی دوورناخاتەوە، بەڵکو تواناکانیان بەگوێرەى یاسا و دەستوور ڕێکدەخاتەوە، ئەمە هاوکێشەی سەروەرییە، کە یەک چەک لە دەستی دەوڵەت بێت، خاکی عێراق بەبێ هێزی بیانی و بڕیاری نیشتمانی نوێنەرایەتیی هەمووان بکات.
پەیامى عەلى زەیدى بۆ گەلى عێراق
"پێویستە لەسەر هەمووان پارێزگاری لە سامانەکانی عێراق بکەن و بیپارێزن" دەشڵێت، بەردەوام دەبن لە بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پەرەپێدانی سەرچاوەکانی دەوڵەت، بەڵێن دەدات پارێزگاری لەو ئەمانەتە بکات و هەوڵەکانی بۆ خزمەتکردنی عێراق تەرخان بکات.
زەیدی، ئاشکرای دەکات، خۆی پابەندکردووە کە هیچ مووچە و دەرماڵەیەک لە دەوڵەت وەرنەگرێت، دەشڵێت "کاردەکەن بۆ بەهێزکردنی پایەکانی دەوڵەت، کە تیایدا پۆست بەرپرسیارێتی بێت، نەوەک دەستکەوت".
ئەوە لە کاتێکدایە، پڕۆسەی کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق، لە ڕۆژى 30ـى ئەیلوولی 2026، بە شێوەیەکی فەرمی کۆتایی پێهات. ئەم پێشهاتە مێژووییە دوای ڕێککەوتنی ساڵی 2024ـى نێوان حکومەتی عێراق و واشنتن هات بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش.
زانیارى زیاتر بۆ تۆ
تۆم باراک: دوای 23 ساڵ گواستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تەواوکرا
ترەمپ: بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیێنم کە دوایین سەربازی ئەمریکی ئەمڕۆ عێراق بەجێدەهێڵێت
بەرپرسێکی عێراقی: سوپای ئەمریکا بە تەواوی لە عێراق کشاوەتەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا