کۆریای باشوور داوا دەکات ئۆکرانیا بە فەرمی داوای لێبووردن بکات

شێوە عومەر 59 خولەک پێش ئێستا

پوختەى هەواڵەکە

  • پەیوەندییەکانی نێوان ئۆکرانیا و کۆریای باشوور گرژی تێکەوتووە.
  • ئاشکراکردنی گواستنەوەی دوو سەربازی کۆریای باکوور بووەتە کێشەی نێوان ئۆکرانیا و کۆریای باشوور.
  • سەرۆکی کۆریای باشوور: ئەگەر ئۆکرانیا داوای لێبوردن نەکات ڕێکاری زیاتر دەگرینەبەر.

ئەم هەڵوێستەى کۆریاى باشوور دواى ئەوە دێت کە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە میانی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕادەستکردنی دوو سەربازی کۆریای باکووری بۆ کۆریای باشوور ڕاگەیاند، کە لەکاتی جەنگى وڵاتەکەى لەگەڵ ڕووسیادا بەدیل گیرابوون.


کاردانەوەى قسەکانى زێلێنیسکى و ڕێککەوتنى نهێنى

  • کۆریاى باشوور ئاماژە بە گرتنەبەری هەنگاوی دیکە بەرامبەر بە ئۆکرانیا دەکات.
  • کۆریاى باشوور نایشارێتەوە کە ڕێککەوتنێکی نهێنییان لەگەڵ ئۆکراینا هەبووە سەبارەت بە گواستنەوەکە، بەڵام کیێڤ بە فەرمی دانی پێدا نەناوە.
  • لی جای میۆنگ، سەرۆکی کۆریای باشوور: ئەگەر ئۆکرانیا بەردەوام بێت لە ڕەتکردنەوەی دانپێدانان بە ڕاستییەکان و داوای لێبوردنی گشتیی نەکات، ئەوا ڕێکاری زیاتر دەگرینەبەر.

ناکۆکییەکە لە چیەوە سەریهەڵدا؟

پێشتر سیئۆل باڵیۆزی ئۆکرانیای بانگهێشت کردووە لەسەر ئەم ناکۆکییە دیپلۆماسییە، بەهۆی ئاشکراکردنی بابەتێک کە کۆریای باشوور دەڵێت، دەکرێت ژیانى خێزانە دیلەکانى کۆریای باکوور بخاتە مەترسییەوە. کێشەکە لەوکاتە سەری هەڵدا کە هەردوو دیلەکە ناسراونەتەوە لەبەر ئەوەی پێش گەیشتنیان بۆ باشوور وێنەیان لەلایەن میدیاکانی کۆریای باشوورەوە گیراوە. کۆریای باکووریش بەوە ناسراوە کە لە هەڵاتنى هاوڵاتیانى وڵاتەکەى بۆ دەرەوەى وڵات، تۆڵە لە هەڵاتووەکان و خێزانەکانیشیان دەکاتەوە.

ئەم ناکۆکیە دیپلۆماسیە تاوەکو ئێستا کۆتایی نەهاتووە و ئەمڕۆ جارێکى دیکە، لی لە تۆڕی ئێکس پەیامێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت: " ئەمە بابەتێکە پەیوەندی بە کەرامەتی کۆماری کۆریا و گەلەکەیەوە هەیە و ناكرێت فەرامۆش بكرێت."

بە گوێرەى دەستوورى کۆریا

بە گوێرەى دەستووری سیئۆل، هەموو کۆریییەکانی باکوور بە هاووڵاتی کۆماری کۆریا کە ناوی فەرمی کۆریای باشوورە ئەژمار دەکرێن، ئەوانەشی دەگەنە خاکی باشوور و داوای پەنابەری دەکەن بە گشتی ڕێگەیان پێدەدرێت بمێننەوە.

لە ڕوانگەی کۆریای باشوورەوە، بە نهێنی هێشتنەوەی گواستنەوەی دیلەکان بەشێکی بەهۆی بەرژەوەندی ئۆکرانیاوە بووە، چونکە ئاشکراکردنی ئەم بابەتە دەبێتە هۆی ئاڵۆزکردن و درووستبونى کێشە لە پڕۆسەى ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە نێوان کیێڤ و مۆسکۆ.

هاوکات ئاندری سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ڕاگەیاند "زۆر حەز دەکەم ئەم بارودۆخە لە ماوەیەکی کورتدا چارەسەر بێت و کارمان لەسەر کردووە، بۆ ئێمە کۆریای باشوور وڵاتێکی گرنگە."

زانیارى زیاتر بۆ تۆ

کۆريای باشوور: 600 سەربازی کۆريای باکوور لە شەڕی ئۆکرانيادا کوژراون

ئەمریکا: ناردنی هێزی کۆریاى باکوور بۆ رووسیا پێشهاتێکی مەترسیدارە

شێوە عومەر

59 خولەک پێش ئێستا