مەزڵوم عەبدى بەجیا لەگەڵ وەزیرى پەروەردە و وەزیرى خوێندنى باڵای سووریا کۆبووەوە
پووختەی هەواڵەکە
- لە کۆبوونەوەکاندا باس لە دابینکردنى پێداویستییەکانى خوێندنى کوردى کراوە.
- یەکگرتنى زانکۆکانى ڕۆژئاوای کوردستان و زانکۆکانى دیکەى سووریا تاوتوێکراوە.
- مەزڵوم عەبدى و وەزیری خوێندنی باڵا باسیان لە کردنەوەی زانکۆی نوێ کردووە.
بەگوێرەى ڕاگەیێنراوێکى وەزارەتى پەروەردەى سووریا، محەممەد عەبدولڕەحمان وەزیرى پەروەردەى سووریا لەگەڵ مەزڵوم عەبدى ڕاوێژکارى سەرۆکایەتیى کۆمارى سووریا کۆبووەتەوە و لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆکراوە لەسەر جێبەجێکردنى مەرسوومى ژمارە 13ى ساڵى 2026 ی سەرۆکایەتیى سووریا و ڕێنماییەکانى جێبەجێکردنى مەرسوومەکە.
خوێندنی کوردی لە سووریا
- لەکۆبوونەوەکە گفتوگۆکراوە لەسەر دابینکردنى پەرتوکى زمانى کوردى و دابینکردنى مامۆستای تایبەت و تەواوکردنى ڕێکارەکانى تێکەڵکردنى دۆسییەى پەروەردە و فێرکردن.
- لە کۆبوونەوەى عەبدى و مەڕوان حەلەبى وەزیرى خوێندنى باڵا باسیان لە جێبەجێکردنى یەکگرتنى زانکۆکانى باکوور و ڕۆژهەڵاتى سووریا لەگەڵ زانکۆکانى دیکە کردووە.
- باس لە دان نان بەبڕوانامەکانی پێشووتر کراوە، لەگەڵ بنیاتنانى زانکۆى نوێ لە حەسەکە و ڕەققە.
خوێندنی کوردی بەرهەمی خەباتی ڕۆژئاوای کوردستان
لە سووریا بۆ یەکەمجار بەفەرمى دەوڵەت دانى بەزمانى کوردى ناوە و بڕیاریداوە بە دابینکردنى پێداویستییەکانى خوێندنى کوردى.
ئیلهام ئەحمەد، سیاسەتمەدارى ڕۆژئاواى کوردستان بەر لە دوو ڕۆژ ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانى دیمەشق زۆرترین گفتوگۆیان لەسەر مژارى خوێندن بە زمانى کوردى کردووە و ئەو دانپێدانانە فەرمیەى دەوڵەتى بە سەرەکیترین بەرهەمى شۆڕشەکەیان ناوزەند کرد.
ئەوە لە کاتێکدایە، خۆپیشاندانی خوێندکاران لە شار و شارۆچکەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ داواکردنی خوێندن بە زمانی دایک بەردەوامە و بڕیاری حکومەتی کاتی سووریا ڕەتدەکەنەوە بە خوێندنی سێ وانەی کوردی لە هەفتەیەکدا ، جەختدەکەنەوە، کە چەندین ساڵە خوێندنیان بە کوردی بووە و داوا دەکەن خوێندن لە ڕۆژئاوای کوردستان هەر بە کوردی بمێنێتەوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
وەزارەتى پەروەردەى سووریا ڕێنمایی لەبارەى خوێندنی زمانی کوردی بڵاودەکاتەوە
وەزارەتى پەروەردەى سووریا چەند بڕیارێکى لە بارەى خوێندن بە زمانى کوردى دەرکرد
43 خولەک پێش ئێستا