"سەمام ئەمان"ـی عێراق
پووختەى ڕاپۆرتەکە
- چەترى کۆکەرەوەى لایەنە ناکۆکەکان و پاراستنی عێراق لە فیتنە و دووبەرەکی
- شیعە و سوننەکان لە کاتێکدا دەستیان بە خوێنی یەکدی سوور بوو لەسەر یەک مێز کۆی دەکردنەوە
- کێشەکانى هەولێر و بەغدادى بە یەک تەلەفۆن چارەسەر دەکرد
"سەمام ئەمان"ـی عێراق، ئەو نازناوەی مەرجەعی باڵای شیعەکان لە مام جەلالی نا، وەک چەترى کۆکەرەوەى لایەنە ناکۆکەکان و پاراستنی عێراق لە فیتنە و دووبەرەکی.
مام جەلال تاوەکو لە ژیاندا بوو ئەو وەسفەی بە کردار سەلماند، شیعە و سوننەکان لە کاتێکدا دەستیان بە خوێنی یەکدی سوور بوو لەسەر یەک مێز کۆی دەکردنەوە و کێشەکانى هەولێر و بەغدادى بە یەک تەلەفۆن چارەسەر دەکرد.
مام جەلال، ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە بونیادنانی عێراقی نوێ کە مافی هەمووان لە دەستووردا چەسپێنرا، بە تایبەتی کورد کە لە نکوڵیکردن لە ناسنامە و کوشتن و قڕکردنەوە بووە بەشداریی سەرەکی لە حوکمڕانیدا.
"وەک برا و باوک بوو"
ئیبراهیم محەممەد بەحرولعلوم سەرۆکى دامەزراوەى بەحرولعلوم، لە ستایش و باسکردنى مام جەلالدا بە کەناڵ8ـى گوت "مام جەلال، کێشە و قەیرانەکانی هەر چارەسەر نەدەکرد بەڵکو کەشوهەوای ناو کۆبوونەوە و کێشمەکێشەکانی هێووردەکردەوە".
ئیبراهیم محەممەد بەحرولعلوم، خۆى شایەتى ڕۆژانێک بووە کە مام جەلال حەکیمانە سیاسەتى دەکرد و گوتى "ئەو خاوەن کەسایەتییەک بوو هەوڵی دەدا لایەنە ناکۆکەکان کۆ بکاتەوە، کێشە و ئاڵۆزییەکانی عێراق زۆر قورس بوون ئەو کێشانە کۆکراوەی دەیان ساڵە بوون، بۆیە چارەسەریان ئەستەم بوو بەڵام کەسایەتی مام جەلال و کاریزماکەی وەکو برایەکی گەورە و باوکێک لە سیاسەتدا چەترێک بوو بۆ کۆکردنەوەی هەموو لایەنەکان، بەو جۆرەش هەموو لایەنەکان ڕێزیان لێدەگرت و گوێیان بۆ دەگرت".
ناوبراو باس لە خاکەڕایى مام جەلال دەکات و ئاماژەى بەوەکرد، هەمووانی لە دیوەخانەکەی خۆی کۆدەکردەوە، ئەگەر نەشچونایە ئەو هەڵدەستا و دەچووە لایان بۆ چارەسەری کێشەکان، ئەوە لە خوێن و کەسایەتی مام جەلال دا هەبووە بە زمانی عێراقییەکان پێ دەگوترا (حەلال مەشاکل) واتا چارەسەرکەری کێشەکان".
ئیبراهیم محەممەد بەحرولعلوم، نمونەى چەند کێشە و ئاڵنگارییەکی هێنایەوە کە مام جەلال چارەسەرى کردوون، وەک قەیرانی پرسی دەستوور لە ساڵی 2005 دا، دواتر تەقاندنەوەی مەرقەدی عەسکەری لە سامەڕا و قەیرانی 2010 و چەندین قەیرانی دیکە، "هانامان بۆ مام جەلال دەبرد".
عادل عەبدولمەهدى: مام جەلال دەستپێشخەرى دەکرد
مام جەلال لەناوخۆی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەستی تەبایی بۆ لایەنەکانی دیکە بە تایبەتی پارتی درێژکردووە، عادل عەبدولمەهدى هاوڕێى دێرینى مام جەلال و سەرۆکوەزیرانى پێشووترى عێراق بەمجۆرە باسى چارەسەرکردنى ناکۆکییەکانى نێوان یەکێتى و پارتى لە پاش پرۆسەى ئازادیی عێراق دەکات.
بە کەناڵ8ـى گوت "من هەندێک قسەم لەبیرە هی سەرکردەکان لە برایانی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەکو زانراوە ناکۆکی مێژووی هەبووە لە نێوان هەردوو پارتەکەدا، پاش کۆچی دوایی مام جەلال ئەوان ئەو کەناڵە متمانەپێکراوەیان لە دەستدا، چەندین جار لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی شۆکی گەورە بۆتەوە بەڵام مام جەلال دەستپێشخەری دەکرد".
ئاماژەى بەوەکرد، "جارێکیان بیرمە لەگەڵ مام جەلال لە پاریس چاومان بە کاک مەسعود کەوت، ئەو کات ڕێککەوتنی 49 بە 51 کرا، بەو جۆرە لەسەر ئەوە ڕێککەوتن مام جەلال لە بەغداد بەرپرسیار بێت و کاک مەسعودیش لە هەرێمی کوردستان، من بە مام جەلالم گووت ئەمە ئازایەتییەکی گەورەی تۆیە".
"مام جەلال تۆڵەى نەدەکردەوە"
قاسم ئەعرەجى ڕاوێژکارى ئەمنیی سەرۆکوەزیرانى عێراق لەبارەى مام جەلالەوە دەڵێت، مام جەلال لە سەرکردایەتى حیزبێکى نەیارى ڕژێمى پێشوو تاوەکو پۆستى سەرۆککۆمار ڕۆشت، بەڵام تۆڵەى لە کەس نەکردوەوە.
ئەعرەجى بە کەناڵ8ـى گوت "چەندین چیرۆک سەبارەت بە مام جەلال هەیە، بۆ ئاشتەوایی لەگەل هەموو لایەنەکان، ئەو سەرەتا لەگەڵ خودی خۆی ئاشتەوای هەبوو بە جۆرێک کاتێک لە لوتکەی دەسەڵات دا بوو مامەڵەی تۆڵە سەندنەوەی نەکردووە، بە پێچەوانەوە وەکو باوک مامەڵەی دەکرد، دەستی کراوە بوو بۆ هەمووان".
قاسم ئەعرەجى کە ئێستا قسەڕۆیشتوویەکى ناو پرۆسەى سیاسییە، گوتیشى "بەڕاستی مام جەلال وێنایەکی زۆر جوان و وانەیەکی پر مانای فێرکردین کە لە ئۆپۆزسیۆنەوە دەچیتە لوتکەی دەسەڵات چۆن مامەڵە دەکەیت".
ئەو میراتە دەوڵەمەندە پڕ لە لێبووردەییەى مام جەلال وایکردووە، هێشتا خەڵک خوازیارى ئەوەبن، سیاسییەکان پەیڕەوى لە نەریتەکەى ئەو بکەن و هاوشێوەى داناییەکەى ئەو ئاو بە ئاگرى ناکۆکییەکاندا بکەن.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ
لە مام جەلالەوە تا نزار ئامێدی؛ چۆن یەکێتی پۆستی سەرۆککۆماری کردە خزمەتکاری خەڵک؟
بافڵ تاڵەبانی: مام جەلال وەک یەکەم پێشمەرگە و یەکەم کورد بووە سەرۆککۆماری عێراق
2 کاتژمێر پێش ئێستا