هەمووان ئاوات بۆ میراتە سیاسییەکەى مام جەلال دەخوازن
پووختەى هەواڵەکە:
- ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر کۆچى دوایى مام جەلال تێدەپەڕێت
- لە هەرێمى کوردستان و عێراق ساڵیادى کۆچى دوایى مام جەلال دەکرێتەوە
- بەرپرسانى حیزبى و حکومى و لەسەر مەزارگەکەى تاجە گوڵینە دادەنێن
بۆ ساڵیادى کۆچى دوایی مام جەلال، کەسایەتى و بڕیاربەدەستانى حیزبى و حکومى و چین و توێژە جیاوازەکانى چوونە سەر مەزارەکەى و جەختیان لە پابەندبوون بە ڕێبازەکەى کردەوەو داوایان لەلایەنەکان کرد لە سیاسەت و حوکمڕانیدا پەیڕەوى لە میراتە سیاسییەکەى بکەن.
وەزیرى پێشمەرگە: مام جەلال، سەرمایەیەکی گەورەیە
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەبەیانیى ئەمڕۆ بەشداربوو لە دانانى چەپکە گوڵى ڕێز و وەفا لەسەر مەزارى مام جەلال بەبۆنەى ٩ـیەمین ساڵیادی کۆچی دواییدا.
ناوەڕۆکى لێدوانى وەزیری پێشمەرگە بۆ ڕۆژنامەوانان:
- مام جەلال، سەرمایەیەکی گەورەی بۆ گەلەکەمان لە بوارەکانى سیاسی، دیپلۆماسی، ڕێکخراوەیی و جەماوەریی بەجێهێشتووە
- کۆمەڵێک بەهای باڵای نیشتمانی بەجێهێشتووە کە ڕێگە و بەردەبازن بۆ بەدەستهێنانی هەموو ئامانجە باڵاکانی گەلی کوردستان.
نوخشە ناسیح: مام جەلال تاکە پارێزەرى ئاشتى بوو
نوخشە ناسیح، پارێزگارى هەڵەبجە بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان مام جەلال تاکە پارێزەرى ئاشتى بوو لە نێوان لایەنە سیاسییەکان و لەسەر ئاستى عێراقیش پرۆسەى سیاسی بەهەمیشەیی پێویستى بە دید و بۆچوون و دنیابینیى مام جەلال هەیە.
داواکارى نوخشە ناسیح لە لایەنەکان:
- سەرکردەى لایەنە سیاسییەکان بۆ تێپەڕاندنى کێشەکان بگەڕێنەوە بۆ دانایی و حیکمەتەکانى مام جەلال بۆ چارەسەرى کێشەکان.
ڕێکخەرى گۆڕان: مافەکانى کوردى چەسپاند
دانا ئەحمەد مەجید ڕێکخەرى بزووتنەوەى گۆڕان لەسەر مەزاری مام جەلال لە وتەیەکدا بۆ ڕۆژنامەوانان باسی لەوەکرد، مام جەلال کاریگەریی گەورەی هەبوو لە نووسینەوەی دەستووری عێراق و چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووردا.
دانا ئەحمەد مەجید:
- مام جەلال سەروەرییەکی گەورەیە بۆ نیشتمان و ئەگەر ئەو بمایە کێشەکان بەوجۆرە نەدەبوون
- مام جەلال ململانێی گواستەوە بۆ گفتوگۆ و هونەری هاوسەنگی هێناوەیە هەرێمی کوردستانەوە
- دەیتوانی بەشێوازی خۆی هەموو کێشەکان چارەسەربکات.
دلاوەری حاجى عوسمان پێشمەرگەى دێرین:
- ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە سیاسەتى چەپکە گوڵەکەى مام جەلالە.
- مام جەلال بەوەفا بووە بۆ هاوڕێکانى و کەسوکارى شەهیدان.
کەرکووک یادى مام جەلالى کردەوە
لە کەرکووک ڕێوڕەسمێک بۆ ساڵیادى کۆچى دوایی مام جەلال ڕێکخرا، بەشداربووانى ڕێوڕەسمەکە بۆچوونیان وایە دۆخى ئێستاى کەرکووک پێویستى بە سیاسەتەکانى مام جەلالە و بەپێویستى دەزانن نوێنەرانى کورد بە هەمان سیاسەتى مام جەلال لە لەغدادەوە کار بۆ کەرکووک بکەن.
محەممەد نەسرەدین بەشداربووى ڕێوڕەسمەکە:
- ئەمڕۆ کەرکووکییەکان درک بەوەدەکەن خەبات و کار و بەرنامەى مام جەلال چەند بۆ کەرکووک گرنگ بووە.
- پێویستە نوێنەرانى کورد لە بەغداد بەهەمان سیاسەتى مام جەلال کار بکەن.
- دەیتوانى هەموو پێکهاتەکان کۆبکاتەوە و چارەسەرى کێشەکان بە گفتوگۆ بکات.
ڕەئوف محێدین، بەشداربووی ڕێوڕەسمەکە:
- مام جەلال بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى کەرکووک خۆى سەردانى پارێزگاکەى دەکرد.
- لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان کۆدەبووەوە و لە نزیکەوە هەوڵى چارەسەرکردنى کێشەکانى دەدا.
نۆیەمین ساڵیادى کۆچى دوایى مام جەلال لە مەزارگەکەى لە دەباشان لە بەیانیى ئەمڕۆوە دەستیپێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو درەنگانى شەو، بەرپرسان و چین و توێژەکان بۆ دانانى تاجەگوڵینەى سەردانى بکەن.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:
محەممەدى حاجى مەحموود: بێ مام جەلالیمان پێوەدیارە
بافڵ جەلال تاڵەبانى لە یادى کۆچى دوایى مام جەلال: بەڵێنەکە ڕوونە
59 خولەک پێش ئێستا