ئەو کەسانەى سووکایەتییان بە ئاڵاى ئەمریکا کردبوو دەستگیرکران
پووختەى هەواڵەکە
- بە فەرمانى عەلى زەیدى، ئەو کەسانە دەستگیرکران کە لە ڕۆژى سەروەریی عێراق سووکایەتییان لە ئاڵاى ئەمریکا کرد.
- سەباح نوعمان: ئەو کەسانەى سووکایەتییان بە ئاڵاى ئەمریکا کردبوو دەستگیرکران.
- سەباح نوعمان: هەرکەسێک تێوەگلابێت لەو کارە لێپرسینەوەى لەگەڵ دەکرێت.
- جۆ ویڵسن: ڕۆیشتن بەسەر ئاڵاى ئەمریکا لەلایەن حەشدى شەعبییەوە ستایشە بۆ ئێران.
- ڤیکتۆریا تایلۆر: پیویست بوو حکومەتى عێراق ڕێگەى نەدایە سووکایەتی بە ئاڵاى ئەمریکا بکرێت.
دواى ئەوەى ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـى تشرینى یەکەم، عەلى زەیدى، فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانیکرد بە پێکهێنانى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لەبارەى سووکایەتییکردن بە ئاڵاى ئەمریکا لە ڕۆژى سەروەریی، سەباح نوعمان، گوتەبێژى نووسینگەى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق ڕایگەیاند، بۆ جێبەجێکردنى فەرمانەکەى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان، لایەنە تایبەتمەندەکان ئەو کەسانەیان دەستگیرکرد کە لە ڕۆژى سەروەرى و لە نمایشێکى سەربازیدا لە گۆڕەپانى تەحریر لە بەغداد تێوەگلاون لە سووکایەتیکردن بە ئاڵاى ئەمریکا.
جەختکردنەوە لە هەڵوێستى حکومەت
- هەرکەسێک تێوەگلابێت لەو کارە، لێپرسینەوەى لەگەڵ دەکرێت و ڕێوشوێنى یاسایی لەدژ دەگیرێتەبەر.
- ڕێزگرتن لە سیمبولى وڵاتان و نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق، وەک پابەندبوونێکى یاسایی و دیپلۆماسى، هەر پێشێلکارى و سوکایەتییەک لەو ڕووەوە بکرێت دەکەوێتە ژێر لێپرسینەوەى یاسایی.
لە ڕۆژى سەروەریی عێراق و لە نمایشێکى سەربازیی هێزەکانى حەشدى شەعبى لە گۆڕەپانى تەحریرى بەغداد، ئاڵاى ئەمریکا ڕاخرابوو، ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان بەسەریدا دەڕۆیشتن، ئەم دیمەنە کاردانەوەى لەناوخۆى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دروستکرد.
کاردانەوەکان لەسەر سووکایەتى بە ئاڵاى ئەمریکا
جۆ ویڵسن، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئەمریکا، لە هەژمارى خۆى لە تۆڕى ئێکس وێنەکەى بڵاوکردووەتەوە و داواى ڕوونکردنەوەى لە حکومەتى عێراق کردووە.
جۆ ویڵسن لەسەر وێنەکە نووسیویەتى، ئەمانە هێزەکانى حەشدى شەعبین کە پێکهاتەیەکى فەرمین لە چوارچێوەى دەزگا ئەمنییەکانى عێراق، ڕۆیشتن بەسەر ئاڵاى ئەمریکا، گوزارشتە لە رێزنەگرتن و ستایشە بۆ دەسەڵاتى ئێرانى بکوژ وەک ئەو دەڵێت.
هەرچەندە حەشدى شەعبى هیچ ڕوونکردنەوەیەکى لە بارەى ڕووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام عەلى زەیدى نیگەران کردووە و دەیەوێت بەدیاریکراوى بزانێت کێ لە پشت ئەو کارەوە بووە.
هەروەها ڤیکتۆریا تایلۆر، بەڕێوەبەرى دەستپێشخەریی عێراق و پڕۆژەى سووریا لە پڕۆگرامى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ئەنجوومەنى ئەتڵەسى، بەهەمان شێوە نیگەرانى خۆى دەربڕیوە و لە تۆڕى ئێکس نووسیویەتى، "لە کاتێکدا عێراق ڕۆژى سەروەرى ڕاگەیاند و ئاهەنگى گێڕا بەبۆنەى ڕۆیشتنى هێزەکانى ئەمریکا و کۆتاییهاتنى ئۆپراسیۆنى پێداگریی پۆڵایین. هەستم بە دڵتەنگى کرد، چونکە ئەرکى ئۆپراسیۆنى پێداگریی پۆڵایین لەسەر داواى حکومەتى عێراق بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش".
تایلۆر دەشڵێت، "پێشتر دەمزانى کارێکى لەو جۆرە ڕوودەدات و خەڵکانێک دەردەکەون بەپێ یاخود بە ئۆتۆمبێلەکانیان بەسەر ئاڵاى ئەمریکادا دەڕۆن، ئەوەش ڕوویدا، ئەمجارە لەلایەن هێزەکانى حەشدى شەعبییەوە نەک تەنیا میلیشیاکان.
هەروەها ڤیکتۆریا تایلۆر گوتوویەتى" دەزانم ئەمە نوێنەرایەتیی هەموو عێراقییەکان ناکات، بەڵام پێویست بوو حکومەتى عێراقى باشتر مامەڵەى بکردایە و خۆى بەدووربگرتایە لەم جۆرە دوژمنکارییە ئاشکرایەى ئەمریکا لەلایەن هێزە فەرمییەکانەوە".
زانیارى زیاتر بۆ تۆ
عەلى زەیدى قۆناغى سەروەریی عێراقى ڕاگەیاند
بەرپرسانى عێراق کەوتنەخوارەوەى فڕۆکەیەکى ئێف 16 لەکاتى نمایشى ڕۆژى سەروەرى ڕەتدەکەنەوە
57 خولەک پێش ئێستا