قەیرانی کەپر لە فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە؛ شێفەکان داوای چاوخشاندنەوە بە ناوەکاندا دەکەن
پووختەی هەواڵەکە
- ئامادەکارییەکان بۆ فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە بەردەوامە
- ڕۆژى 25ـى تشرینى یەکەم فێستیڤاڵی هەنار و پایزى هەڵەبجە دەستپێدەکات
- شێوازی دابەشکردنی کۆشکەکانی فیستیڤاڵەکە نیگەرانی بەشێک لە ژنانی هەڵەبجەی لێکەوتووەتەوە
ئامادەکارییەکان بۆ فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە بەردەوامە و ناونەهاتنەوەی بەشێک لە شێفەکان بۆ بەشدارییکردن لە فێستیڤاڵەکە، نیگەرانی ئەوانی لێکەوتووەتەوە و دوو ڕۆژە لەسەریەک گردبوونەوە دەکەن و داوا دەکەن چاو بخشێندرێتەوە بە شێوازی دابەشکردن و پێدانی کەپر و کۆشکەکان بە بەشداربووان.
گلەیی شێفەکان..
بەگوتەی ئەو شێفانەی کە پێشتر لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربوون، ئەمساڵ کۆشکی خواردنەکان زۆر کەمکراوەتەوە لەکاتێکدا ساڵانی پێشوو خۆی لەسەر ئەو بیرۆکەیە فێستیڤاڵەکە گەشەی کردووە و ژنانی شارەکەش سوودیان لێبینیوە.
500 کەپر و دوو هەزار داواکاری
ڕۆژى 25ـى تشرینى یەکەم فێستیڤاڵی هەنار و پایزى هەڵەبجە دەستپێدەکات، 500 کەپر دانراوە بۆ بەشداربوونی کاسبکاران و کەسانی دەستڕەنگین بۆ بەشداربوون لە فێستیڤاڵەکە بەڵام دوو هەزار کەس داواکارییان پێشکەشکردووە بۆ وەرگرتنی کەپر لەناو فێستیڤاڵەکەدا و ناونەهاتنەوەی بەشێکی زۆریان نیگەرانیی ژنانی هەڵەبجەی لێکەوتووەتەوە.
جیاواز لە ساڵانى ڕابردوو فێستیڤاڵەکەى ئەمساڵ ماوەى چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ئەو کەرەستە و ماددانەى بەکاردەهێنرێت دۆستى ژینگەن.
ئەوە لە کاتێکدایە، ساڵی ڕابردوو 11ـەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە لە 30ـی تشرینی یەکەمی 2025 دەستپێکرد و سێ ڕۆژ بەردەوامبوو، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 270 هەزار کەس سەردانیان کرد، بۆ ئەمساڵیش پێشبینی دەکرێت ڕێژەکە بۆ زیاتر لە 300 هەزار کەس بەرزبێتەوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
هەڵەبجە ئامادەکاریی بۆ 12ـەیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایز دەکات
2 کاتژمێر پێش ئێستا