لە هەولێر بەنزین بە دەبە دەفرۆشرێت..لە پاڵاوگە نایاساییەکان بەرهەم دەهێنرێت

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى بەدواداچوونەکە

  • نزیکەی هەفتەیەکە پۆلیسی هەولێر فرۆشتنی بەنزینی سەر شەقامەکانی بە دەبە قەدەغە کردووە.
  • لەگەڵئەوەشدا ڕۆژانە دیمەنى بەنزینى دەبە لەسەر بەشێکی زۆری شەقامەکانی پایتەخت دەبینرێت.
  • بەشێک لە بەنزینەکە لە پاڵاوگە نایاساییەکان بەرهەم دەهێنرێت کە بڕیارى داخستنیان دراوە.

وەکو تیمى کەناڵ8 بەدواداچوونمان کرد بۆ بابەتەکە، هەوڵماندا لە نێو شەقامەکاندا لە یەکێک لەو بەنزینفرۆشانە نزیک ببینەوە، بەڵام ڕێگەیان نەدا هیچ دیمەنێک تۆمار بکەین؛ دواتر دەرکەوت بەنزینەکە کوالێتییەکەی زۆر خراپە و ماددەی تێکەڵکراوی دەستکردە.


بەنزینەکە لە کوێوە دەهێنرێت؟

  • بەشێک لە بەنزینفرۆشەکان دەڵێن بەنزینەکەیان لە موسڵ، مەخمور و پردێوە دەهێنن.
  • بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە بەنزینی حکومیی 450 دینارییە.

پۆلیس شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر جەخت دەکاتەوە کە دوای بەدواداچوونی لیژنەکانیان دەرکەوتووە، ئەو ماددەیەی بە ناوی بەنزینەوە دەفڕۆشرێت، تێکەڵەیەکە لە نەفتا و چەند ماددەیەکی کیمیایی دیکە.

پۆلیس شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە کە ئەم بەنزینە هۆکاری سەرەکیی سووتانی ئۆتۆمبێل و دروستبوونی کارەساتی گەورەیە، بۆیە فرۆشتنی بە دەبە، نایاساییە و سەرپێچیکاران سزا دەدرێن.

بەرهەمى پاڵاوگە نایاساییەکان:

بەگوێرەى بەدواداچوونى مەیدانیی کەناڵ8، ئەم بەنزینە گیراوانە، مەترسیدارن و لە چەند پاڵاوگەیەکی نایاسایی لە سنووری هەولێر بەرهەم دەهێنرێت، جگە لەسەر شەقامەکان، تەنانەت لە بەشێک لە بەنزینخانەکانی ناو شاری هەولێریش بە نایاسایی دەفرۆشرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە لە چوارى ئابی 2024 پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند، لەپێناو ژینگەى پارێزگاکە، بڕیاریانداوە لە ماوەى 10 ڕۆژدا سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکانى پارێزگاکە دابخەن کە ژمارەیان 138 پاڵاوگەیە.

لە یەکى 12ـى 2025ش مەسرور بارزانی، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کێشەی پیسبوونی کەشوهەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆک.

لە خاڵی یەکەمی بڕیاری کۆبوونەوەکەدا هاتبوو "لە ئەمڕۆوە هەر پاڵاوگەیەک، یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و ڕێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر".

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

بنکۆڵکاریی کەناڵ8: پاڵاوگە نایاساییەکانی هەولێر لە شەوان و ڕۆژانی پشوودا کار دەکەن

بڕیارەکانی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکانی هەولێر و دهۆک جێبەجێنەکراون

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا