کەناڵ8 زانیاریى نوێ لەبارەى گەڕانەوەى گرووپێکى گەریلا و خانووەکەى ئۆجەلان ئاشکرا دەکات

محەمەد عەلی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
عەبدوڵا ئۆجەلان لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانى بنەماڵەکەى دوورگەى ئیمراڵى
عەبدوڵا ئۆجەلان لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانى بنەماڵەکەى دوورگەى ئیمراڵى

پووختەى هەواڵەکە:

  • میدیاى تورکیا: بێ دیاریکردنى پێگەکەى ئۆجەلان ناچێتە ناو ئەو خانووەى بۆى دیاریکراوە.
  • ڕەنگە لەم مانگەدا ڕۆژنامەوانان سەردانی ئۆجەلان بکەن.
  • زانیاریى کەناڵ8: ڕەنگە لەم مانگەدا گرووپێک لە ئەندامانی پەکەکە بگەڕێنەوە تورکیا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای تورکیا لەم ماوەیە پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە فەرمی ڕوون دەبێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت ئۆجەلان بۆ ئەو خانووەی لە ئیمڕاڵی بۆی دروستکراوە، بگوازرێتەوە.


وەکو میدیاى تورکیا ئاماژەیان بۆکردووە، ڕەنگە هەر لەم مانگەشدا ژمارەیەک ڕۆژنامەوان، نووسەران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕێگەیان پێبدرێت کە سەردانی ناوبراو بکەن.

خانووەکە چۆنە؟

  • خانوویەکی 250 مەترییە لە ناو کەمپەسی گرتووخانەی ئیمراڵیدایە.
  • نهۆمی خوارەوەی خانووەکە وەک ئۆفیس و نهۆمی سەرەوەی وەک شوێنی ژیان دیزاین کراوە.
  • حەوشەی هەیە و لەڕووی تەکنیکییەوە ئامادەکراوە.

پێگەى فەرمى و گەرانەوەى گرووپێک لە گەریلا

بەگوێرەى زانیارییەکانی میدیای تورکیا، گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ خانووەکە بەوەوە بەستراوەوەتەوە کە ڕۆڵێکی فەرمی وەک ڕێکخەری یەکێک لە لیژنە لاوەکییەکان لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا وەربگرێت.

سەرچاوەکانی پارتی دەم بە کەناڵ8یان ڕاگەیاندووە، تاوەکو ئەو کاتەی پێگەی ئۆجەلان ڕوون نەبێتەوە، ئۆجەلان لە شوێنی ئێستایەوە بۆ ئەو خانووە ناگوازرێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، لەو کۆبوونەوانەی سێی ئەم مانگە شاندی ئیمراڵی لەگەڵ جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆمار، کە هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنە و نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئەنجامدراون، ئەم بابەتە باسکراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، پێشبینی دەکرێت ئۆجەلان لە ڕێگەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕۆژنامەوانان بانگەوازێکی نوێ ئاڕاستەی پەکەکە بکات.

زانیارییەکانی کەناڵ8، باس لەوەدەکەن گرووپێکی سیمبولیی لەنێو پەکەکەدا دیاری دەکرێت تاوەکو بچنە تورکیا و ئامادە بکرێن بۆ بەشداریکردن لە پرۆسە و ڕێکارە فەرمییەکاندا.

سەرچاوەکانی پارتی دەم لەو بڕوایەدان چوونی گرووپێک بۆ ناو سنوورەکانی تورکیا بەرلە تەواوبوونی پرۆسەی پشتڕاستکردنەوە و دەستنیشانکردن لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا، مەترسییەکی زۆری یاسایی و سیاسی لەخۆدەگرێت.

ئاماژە بەوەش دەکرێت، لایەنەکان لە لایەکەوە تاوتوێی هەنگاوە سیمبولی و سیاسییەکان دەکەن بۆ پێشخستنی پرۆسەکە و لە لایەکی دیکەشەوە ئەنجامە یاساییەکان و مەترسییە سیاسییەکانی هەموو هەنگاوێک ئەژمار دەکەن.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

ئۆجەلان: چارەسەر لە دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوەدا نییە

باخچەلی بە شاندی ئیمراڵیدا سڵاوی بۆ ئۆجەلان نارد

محەمەد عەلی

2 کاتژمێر پێش ئێستا