سبەی شاندی باڵای دانوستانکاری هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد دەکات

هونەر رۆستەم 3 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەیەکی پێشتری شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ
کۆبوونەوەیەکی پێشتری شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ

پووختەی هەواڵەکە

  • ڕۆژی چوارشەممە شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد دەکات
  • شاندەکە کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەنجام دەدات
  • گفتوگۆ لەسەر کۆی ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت

فەرمانگەی میدیای و زانیاری حکومەتى هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، شاندی هەرێم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییە دارایی و نەوتییەکانی لەبەرامبەر حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە و بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەو پابەندییانە بۆ ساڵی 2027یش، بەشێوەیەک کە هیچ بەهانە یان هۆکارێک بۆ دواخستن، ڕاگرتن یان کەمکردنەوەی ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان نەمێنێتەوە.


ئەو بابەتانەی گفتوگۆی لەسەر دەکەن

  • مووچە و شایستە دارایییەکانی مووچەخۆران.
  • پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.
  • خانەنشینان و زیندانییانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدان و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی.
  •  شایستەکانی هەرێم لە خشتەکانی میلاک و پلەی وەزیفی و خەرجییەکانی بەکاربردن و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و خەرجییەکانی سەروەری و حاکیمە.
  • ئەو شایستە دارایییانەی کە بەپێی دەستوور و یاسا پەیوەندیدارەکان بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراون.

شاندەکە لە کێ پێکهاتوون؟

شاندەکە پێک هاتووە لە سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و نوێنەری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.

پشکی کورد لە بودجەی 2027

لە ماوەی سەردانەکەدا، شاندی هەرێم بەهەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرە کوردستانییەکان لە دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان، کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەنجام دەدات، بەمەبەستی گفتوگۆ و گەیشتن بە تێگەیشتنێکی هاوبەش و دادپەروەرانە لەسەر پابەندییە دارایی و نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.

بەتایبەتی جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێم، لەوانەش مووچە و شایستەکانی مووچەخۆران، لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 بەشێوەیەکی ڕوون و یاسایی جێگیر و پارێزراو بن، بە جۆرێک هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەڕووی ماف و شایستە دارایییەکانەوە هاوتا بن لەگەڵ هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، هەروەک دادگای باڵای فیدڕاڵییش جێگیری کردووە.

بەڵای خەرجی کرداری و پشکی هەرێمی کوردستان

شاندی هەرێم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە مووچە و شایستە داراییە بنەڕەتییەکان لە پێوەری خەرجییە ڕاستەقینەکان (الإنفاق الفعلي) و هەر کۆتوبەندێکی دیکە کە ببێتە هۆی دواخستن، ڕاگرتن یان کەمکردنەوەی شایستەکان دوور بخرێنەوە و لە بودجەی فیدراڵیدا میکانیزمێکی ڕوون و جێگیر بۆ دابینکردن و ناردنی ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان دانرێت.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

بەغداد داوای ناردنی شاند دەکات؛ هەرێم هەوڵی زیادکردنی پشکی خۆی لە بودجەی 2027 دەدات

هەرێمی کوردستان داوای گۆڕینی پشکی خۆی لە بودجەی 2027 دەکات

هونەر رۆستەم

3 کاتژمێر پێش ئێستا