هەواڵگرى ئەڵمانیا لێى قەوما و تووشى خیانەتى نیشتمانیی بوون
پووختەى هەواڵەکە
- سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا بە تۆمەتی خیانەتی گەورە دەستگیرکرا.
- بەڵگەنامەکان زانیاریی هەستیاریان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و سوپای ڕووسیا تێدابووە.
- تاوەکو ئێستا بەرلین ناوی ئەو وڵاتەی ئاشکرا نەکردووە کە سیخوڕییەکەی بۆ کراوە.
لە یەکێک لە مەترسیدارترین دۆسیەکانی دزەپێکردنی نهێنییەکانی دەوڵەتدا، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا ئۆگوست هانینگ، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی وڵاتەکەیان دەستگیرکرد.
دۆسیەى خیانەتەکەى هانینگ
- تەمەنى 80 ساڵە، ڕووبەڕووی تۆمەتی قورسی سیخوڕیکردن، خیانەتی گەورە لە نیشتمان و کارکردن وەک بریکار بۆ دەزگایەکی هەواڵگریی بیانی بووەتەوە.
- لەگەڵ هانینگ، فەرمانبەرێکی پێشووی پلەباڵا بەناوی مانفرێد دەستگیرکراوە.
- مانفێرد، بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی هانینگ بووە، تاوەکو بەهاری 2026 لە دەزگای هەواڵگریدا کاری کردووە.
- پشکنینەکان ئاشکرایان کردووە کە مانفرێد زیاتر لە دوو هەزار بەڵگەنامە و زانیاریی زۆر نهێنی لە بەرامبەر پارەدا ڕادەستی هانینگ کردووە.
زانیارییەکان ڕاپۆرتی زۆر هەستیاریان تێدا بووە لەوانە:
- ڕاپۆرت لەسەر بەرنامەی ئۆتۆمیی ئێران.
- سوپای ڕووسیا.
- زانیاریی دەزگا هەواڵگرییە هاوپەیمانەکانی ئەڵمانیا کە ئاڕاستەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کرابوون.
ئاشکرابوونی ئەم دۆسیەیە بە ڕێکەوت بووە، کاتێک لە ئەیلوولی 2025دا، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ماڵی هانینگ بەهۆی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەیەکی دیکەی وەک ڕفاندنی منداڵی ژنە بازرگانێک.
لەوێدا دادوەران میمۆرییەک و فلاشێکیان دۆزییەوە کە سەدان بەڵگەنامەی زۆر نهێنیی تێدابووە، لە کاتێکدا هانینگ لە ساڵی 2005ەوە پۆستەکەی جێهێشتووە.
لە مانگی ئایاری 2026ەوە لێکۆڵینەوەی نهێنی دەستیپێکرد، تاوەکو سەرئەنجام توانرا تۆڕەکە دەستگیربکرێت، هێشتا حکومەتی بەرلین ناوی ئەو وڵاتەی ئاشکرا نەکردووە کە سیخوڕییەکەی بۆ کراوە، بەڵام میدیای ئەڵمانیا دووپاتیدەکاتەوە کە بابەتەکە پەیوەندیی بە ڕووسیاوە نییە.
زانیارى زیاتر بۆ تۆ
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بە سەردانێکی چاوەڕواننەکراو گەیشتە کییڤ و هۆشداری دەداتە ڕووسیا
پارتی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕووبەڕووی خراپترین دۆڕان بوویەوە لە مێژووی پارتەکەدا
1 کاتژمێر پێش ئێستا