شاندى باڵاى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان بۆ فالح سارى: 229 ملیار دینار بۆ زیندانییانى سیاسی لە بودجەدا تەرخان بکرێت

ئارا ئیبراهیم 1 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەى شاندى باڵاى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان لەگەڵ فالح سارى، وەزیرى دارایی عێراق
کۆبوونەوەى شاندى باڵاى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان لەگەڵ فالح سارى، وەزیرى دارایی عێراق

پووختەى هەواڵەکە

  • شاندی وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ فالح سارى، وەزیرى دارایی عێراق کۆبوونەوە.
  • شاندەکە داوایکردووە لە پڕۆژە بودجەى 2027ـى فیدڕاڵى تەرخانى دارایی بۆ زیندانییان و ڕاگیراوانى سیاسی دیاری بکرێت.
  • ئەحمەد مام ڕەسوڵ: داواى تەرخانى دارایی 229 ملیار دینار بۆ زیندانییانى سیاسی کراوە.

ئەحمەد مام ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری کاروباری زیندانییانی سیاسی، لە وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوان بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند" لەگەڵ فالح سارى، وەزیرى دارایی عێراق کۆبووینەوە و داوامان کردووە لە پڕۆژەیاساى بودجەى 2027ـى فیدڕاڵى تەرخانى دارایی بۆ زیندانییان و ڕاگیراوانى سیاسی تەرخان بکرێت".


کۆپی کۆنووسى وەزارەتى شەهیدانى هەرێم لە کەناڵ8

  • وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان لە پڕۆژە یاساى بودجەى 2027ـى فیدڕاڵیدا زیادکردنى بڕى 229 ملیار و 219 ملیۆن و 640 هەزار دینار تەرخانى دارایی بۆ دامەزراوەى زیندانیانى سیاسیی فیدڕاڵى لە چوارچێوەى هاوتاکردنى دۆسیەى زیندانیانى سیاسیی و ڕاگیراوان لە هەرێمى کوردستان لەگەڵ دۆسییەى زیندانیانى سیاسیی بکات.
  • ئەم داواکارییە لە چوارچێوەى ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکانى نێوان وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەستەى زیندانیانى سیاسیی فیدڕاڵى کراوە.
  • گواستنەوەى دۆسیەى تەواوى زیندانیان و ڕاگیراوانى سیاسیی، کە ژمارەیان 25 هەزار و 824 کەسە، ڕاستاندن و پشتڕاستکرنەوەى لە لایەن لیژنەى تایبەتمەند بەگوێرەى یاسا بۆ کراوە.

    بەهادین عەزیز، سەرۆکی کۆمکاری زیندانییانی سیاسیی کوردستان بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند" ناوەڕۆکى ئەو کۆنوسەى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان ڕادەستى فالح سارى وەزیرى دارایی فیدڕاڵى کردووە، ئەمە خواست و داواکارى زیندانیان و ڕاگیراوانى سیاسیی هەرێمى کوردستان کە هاوشێوەى هاوتاکانیان لە بەغداد مینحە وەربگرن".

    ئامانجى وەزارەتى کاروبارى شەهیدانى هەرێمى کوردستان ئەوەیە، زیندانییانی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان، کوردستان کە پێشتر دۆسییەکانیان دراوەتە دەستەى زیندانییانى سیاسیی عێراق، مینحەیان بۆ دابین بکرێت.

    لە عێراق 158 هەزار زیندانى سیاسیی مینحە وەردەگرن و بەسەر سێ پۆلدا دابەشکراون، کە پۆلى یەکەم 400 هەزار دینار، پۆلى دووەم 800 هەزار دینار و پۆلى سێیەم یەک ملیۆن و 200 هەزار دینار وەردەگرن.

زانیارى زیاتر بۆ تۆ

شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدادە؛ دۆسییەی زیندانیانی سیاسی دەخرێتە ناو بودجەی 2027

هەوڵەکان لە بەغداد چڕ دەکرێنەوە؛ شاندی هەرێم بۆ مووچەی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ وەزیری دارایی کۆدەبێتەوە

ئارا ئیبراهیم

1 کاتژمێر پێش ئێستا